فەرماندێ ئۆپەراسیۆنێن رۆژئاڤايێ نەینەوا:رهوشا ئێمناهيێ ل شنگال ئاسایی بوويه
رووداو دیجیتاڵ:
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا رایگەیاند دوای چەند رۆژێک لە گرژییەکانی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری، ئێستا دۆخی ناوچەکە ئاسایی بووەتەوە و دەڵێت ئەو دوو سەربازەی بەدیل گیرابوون ئازادکراون.
لەبارەی گرژییەکانی چەند رۆژی رابردووی نێوان هێزەکانی عێراق و هێزەکانی سەر بە پەکەکە لە شنگال و دەروبەری، کە ژمارەیەک برینداریشی لێکەوتەوە، لیوا روکن جەبار نەعیمە تائی، فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “کێشەکە لەسەرەتاوە قورس نەبوو، بەڵام دواتر سەری کێشا بۆ کاری چەکداری بەداخەوە، ئەوەی روویدا ئەوەیە ئێمە ویستمان جێگۆڕکێ بە شوێنی ئەو هێزە بکەین کە بەشێکن لە فەوجی 80ی حەشدی شەعبی و نزیکەی 800 کەسن، بەڵام ئەوان ناڕازی بوون، ئێمە رێگەیەک هەبوو لەپێش خەڵک کردمانەوە و کارئاسانیمان بۆ خەڵک کرد.”
سەبارەت بەو هێزەش، لیوا روکن جەبار نەعیمە تائی گوتی: “ئەو هێزە سەرەتا ناوی هێزی پاراستنی شنگال بوو و دواتر دوای رزگارکردنی شنگال و ناوچەکانی دیکە ناوی گۆڕا بۆ هێزی نەسروموبین و ئێستا خراونەتە سەر حەشدی شەعبی و هیچ کەسێکی ناعێراقییان تێدانییە، لە کورد و عەرەب و خەڵکی دیکە پێکدێن و هیچ پەیوەندییەکیان بەهیچ هێزێکی بیانییەوە نییە، ئەوانە لەژێر فەرمانی ئێمەدان و نابێت فەرمانەکان جێبەجی نەکەن.”
سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی ئێستای شنگالیش، لیوا روکن جەبار نەعیمە تائی، رایگەیاند: “ئێستا دۆخەکە ئارامە و هیچ کێشەیەک نەماوە، ئەو شاندەشی رۆژی پێنجشەممە سەردانی ناوچەکەیان کرد بۆ دڵنیابوون لە دۆخی ئاسایشی ناوچەکە بووە.”
فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا، سەبارەت بە سنوورەکانی سووریا و عێراق لە سنووری پارێزگای نەینەوا و شنگال دەڵێت: “سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا تۆکمەن، زۆر لە جاران باشترن، کە هیچ کۆنتڕۆڵێکی ئەوتۆیان نەبوو، ئێستا جگە لە تەلبەند بەبەرزی سێ مەتر دیواری راگری کۆنکرێتی دروستدەکەین و کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت و سنوورێکی باشتر کۆنتڕۆڵکراومان دەبێت لەرووی ئەمنییەوە و دزەکردنی تیرۆریستان و کردەوە تیرۆریستییەکان ناهێڵێت، چونکە جگە لە دیوارەکە چەند قوللەیەکیش دروستکراون.”
رۆژی 18 و 19ی نیسانی 2022، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی عێراق و هێزێکی نزیک لە پەکەکە لە سنووری شنگال روویدا و چەند کەسێک برینداربوون، هەروەها دوو سەرباز لەلایەن یەبەشە و چەند شەرڤانێکی یەبەشەش لەلایەن هێزە عێراقییەکان دەستگیرکران.
هەرچەندە رۆژی 1ی نیسانی 2021، ئەو مۆڵەتەی سوپای عێراق بە هێزە چەکدارەکانی دابوو بۆ دەرچوون لە شنگال تەواوبوو، بەڵام بەشێک لەو هێزانەی نافەرمین هێشتا ماون و چەند جارێک لەگەڵ سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەش کێشەیان هەبووە.
لە 09-10-2020 بەغدا و هەولێر لەسەر ئاساییكردنەوەی رەوشی قەزای شنگال و بەڕێوەبردنی قەزاكە لەڕووی كارگێڕی، ئەمنی و خزمەتگوزاری بە شێوەیەكی هاوبەش رێككەوتن، بەڵام هێشتا لەڕووی ئەمنییەوە چەندین هێزی سەربازی لەو ناوچەیە هەن، کە ئەوانیش بریتین لە: هێزی پاراستنی ئێزیدخان، فەرماندەیی پێشمەرگەی شنگال، سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی خۆجێیی، ئاسایشی ئێزیدخان و یەبەشە.
رێککەوتنەکە بەسەر سێ تەوەری “کارگێڕی، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوە” دابەشبووە، لەگەڵ پاشکۆیەکی 9 خاڵی، کە خشتەی چاودێریی جێبەجێکردنی رێککەوتنی گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالی تێدا خراوەتەڕوو.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی