شێوهرمهندێ سوودانی:قەرەبووکرنا 14 هەزار خێزانێن شنگالێ دێ دەست پێ کهت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیی لەسەر کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژی بۆ شنگال دەدات و راوێژکارێکیشی دەڵێت، لەم رۆژانەدا قەرەبووکردنەوەی 14 هەزار خێزانی شنگال دەستپێدەکات.
بڕیار لەسەر کردنەوەی زانکۆی شنگال دراوە
خەلەف شنگالی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر کردنەوەی زانکۆی شنگال داوە و 200 دۆنم زەوی بۆی تەرخان کراوە، کە دەبێتە کۆمەڵگەیەکی گەورەی زانکۆیی و شوێنی مانەوەی خوێندکاران و مامۆستایانی تێدا دەبێت.
کردنەوەی زانکۆی شنگال بە گوتەی، خەلەف شنگالی، “کاریگەری گەورەی لە بواری کاردا دەبێت؛ هەروەها کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی خوێندن لەو ناوچەیە دەبێت و سوودێکی گەورەش بە خەڵکی دەگەیێنێت.”
لە 3ی ئابی 2014 داعش هێرشی کردە سەر سنووری شنگال. راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە قەبارەی وێرانبوونی شنگال کرد و گوتی، لە هێرشەکەی داعشدا 80%ی شنگال وێران بوو؛ بۆیە ژێرخانی ناوچەکە پێویستی بە زۆر پرۆژە هەیە و “یەکێک لەو پرۆژە ستراتیژیانەش پرۆژەی ئاوی رەبیعە، شنگال و بەعاجە، کە پرۆژەیەکی ستراتیژییە و ئاو بۆ نزیکەی ملیۆنێک نیشتەجێی ناوچەکە دابین دەکات. سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیی لەسەر داوە، نەخشەکە و کارە سەرەتاییەکانی پرۆژەکە تەواو بوون.”
سێ بانکی عێراقی لقەکانیان لە شنگال دەکەنەوە و قەرز دەدەن
راوێژکارەکەی سوودانی ئەوەی خستەڕوو، بە راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیار دراوە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی مۆدێرن لە شنگال دروستبکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیار دراوە سێ بانکی سەرەکیی عێراق، ئەوانیش بانکەکانی کشتوکاڵ، خانووبەرە و رەشیدن، لقەکانیان لە شنگال بکەنەوە بۆ پێدانی قەرز بە هاووڵاتییان.
یەکێک لە کێشەکانی بەردەم نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال بۆ ناوچەکانیان پرسی کەمیی خزمەتگوزارییە، بەتایبەت لەڕووی تەندروستییەوە.
راوێژکارەکەی سوودانی گوتی، نەخۆشخانەیەکی 50 قەرەوێڵەیی لە سنوونێ و یەکێکی 100 قەرەوێڵەیی لە شنگال دروست دەکرێن، جگە لە چەندین پڕۆژەی دیکەی وەکو رێگەوبان و دروستکردنی قوتابخانە کە لە قۆناخی جێبەجێکردندان.
قەرەبووکردنەوەی 14 هەزار خێزانی شنگال دەستپێدەکات
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال زیاتر لە 500 هەزار کەس لە سنووری شنگال ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
تاوەکو ئێستا 330 هەزار ئاوارەی خەڵکی شنگال لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین. زۆربەیان لە ئەنجامی هێرشەکەدا خانوو و کاریان لەدەستدا، بەڵام تا ئێستا قەرەبوونەکراونەتەوە.
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، محەممەد شیاع سوودانی بڕیاری داوە بە زووترین کات پارەی قەرەبووکردنەوەی خێزانەکانی شنگال کە 14 هەزار کەسن خەرج بکرێت و گوتی، ” هەزار خێزان مامەڵەی قەرەبووکردنیان تەواو بووە و لەم رۆژانەدا پارەی قەرەبووکردنەوەکەیان وەردەگرن. ئەوانەی قەرەبوویان لە سەرووی 30 ملیۆن دینارەوە بێت ئەوە لە رێگەی لیژنەیەکی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران قەرەبوودەکرێنەوە.
هەزار پۆلیس بەپێی رێککەوتنی شنگال دامەزراون
لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتنی شنگالیان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال واژۆکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشی زۆری بڕگەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراون.
خەلەف شنگالی بە رووداوی راگەیاند، گەورەترین کێشەی بەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی شنگال نەبوونی دەسەڵاتێکی کارگێڕیی نوێیە بۆ شنگال، بەڵام ئێستا کەشێک هاتووەتە پێش کە دەکرێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و گوتی، “هەندێ خاڵی رێککەوتنەکە هەنگاوی باش بۆ جێبەجێکردنیان نراوە. بۆ نموونە، 500 پۆلیس دامەزراون و 500 دیکە لە راهێناندان؛ وردبینی بۆ 500 ناوی دیکە دەکرێت کە بە گومانی هەبوونی کەسانی دەرەوەی ناوچەکە تێیاندا هەندێ دواکەوتووە.”
تەنیا ئاوارەکان دەتوانن بڕیار لەسەر گەڕانەوە بدەن
لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان، راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ناردنەوەی بەزۆری ئاوارەکان رەتدەکاتەوە و بە رووداوی گوت، “هەموومان حەز دەکەین بگەڕێینەوە شنگال و سەر ماڵ و موڵکی خۆمان، بەڵام بڕیاری سەرەتا و کۆتایی بۆ گەڕانەوە لە دەست خەڵکی نێو کەمپەکاندایە. پێویستە ئەوان بڕیار بدەن. ئێمە وەکو حکومەت هەندێ رێکارمان هەن بۆ گەڕانەوەی خەڵک، لەوانە هاوکارییەکی مادی 4 ملیۆن دیناری بۆ هەر خێزانێک، بەڵام بڕیاری کۆتایی لە دەست ئەواندایە.”
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە تاوەکو 30-7-2024 سەرجەم کەمپەکانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دابخرێن، بەڵام بەشێک لە ئاوارەکانی نێو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان رەتی دەکەنەوە کە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان. رۆژی 29-2-2024 بەشێکی ئاوارەکان دژی بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە بۆ داخستنی قوتابخانەی نێو کەمپەکان لە هەولێر و دهۆک خۆپیشاندانیان کرد.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی