فه‌رمانده‌يه‌كێ هێزێن پێشمه‌رگه‌ى:حه‌شدا شه‌عبی ده‌ست ب دروستكرنا هێزه‌كا نوو ل شنگال كريه
وشه:
فه‌رمانده‌یه‌كی هێزی پێشمه‌رگه له شنگال ده‌ڵێت، حه‌شدی شه‌عبی له شنگال ده‌ستی كردووه به دروستكردنی هێزێكی نوێ كه نزیكه‌ی پێنج هه‌زار كه‌س ده‌بن، ئێسته نزیكه‌ی 700 كه‌سیان ناویان گه‌ڕاوه‌ته‌وه و مووچه‌ش وه‌رده‌گرن، ئه‌و هێزه‌ی په‌كه‌كه‌ش كه له به‌غدا مووچه‌یان وه‌رده‌گرت، خراونه‌ته سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی .
قاسم دربۆ فه‌رمانده‌ی هێزی پێشمه‌رگه له شنگال، بۆ “وشه” گوتی، بڕیار بوو دوو هه‌زار و 500 پۆلیس بۆ پاراستنی ناوخۆی شنگال دامه‌زرێن و ناوه‌كانیش نووسران، لیژنه له به‌غدا هات كه نزیكه‌ی چوار هه‌زار كه‌سیان نووسی، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی رێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌باره‌ی شنگال جێبه‌جێ نه‌كرا، ئه‌وان تا ئێسته دانه‌مه‌زراون.
ئه‌وان ئێسته مووچه‌ش وه‌رده‌گرن و بڕیاره ئه‌وانه‌ی دتریش ناویان بگه‌ڕێته‌وه
ئه‌و گوتی، له جیاتی دامه‌زراندنی هێزه‌كانی پۆلیس، حه‌شدی شه‌عبی له شنگال ده‌ستی به ناونووسین كردووه بۆ دامه‌زراندنی هێزێكی نوێ، ناوی نزیكه‌ی چوار هه‌زار كه‌سیان نووسیوه و ره‌وانه‌ی به‌غدایان كردوون بۆ ئه‌وه‌ی دامه‌زرێن، پێش ماوه‌یه‌ك ناوی 700 كه‌س گه‌ڕاوه‌ته‌وه و ئه‌وان ئێسته مووچه‌ش وه‌رده‌گرن و بڕیاره ئه‌وانه‌ی دتریش ناویان بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌وانه خه‌ڵكی شنگال و ده‌وروبه‌ری شنگالن.
به‌گوته‌ی دربۆ، پێشتر په‌كه‌كه له شنگال و له خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه، نزیكه‌ی هه‌زار كه‌سیان بۆ دامه‌زرابوو و مووچه‌یان له به‌غدا وه‌رده‌گرت، به‌ڵام به‌هۆی بۆردمانه‌كان زۆرینه‌یان وازیان هێنا، بۆیه 250 كه‌س مابوون ئه‌وانیش داوایان لێ كردن بكه‌ونه سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی و ئێسته سه‌ربه حه‌شدی شه‌عبین و مووچه له‌وان وه‌رده‌گرن، جگه له‌وه‌ش هێزی تری په‌كه‌كه‌ش هه‌ن كه گوازراونه‌ته‌وه بۆ ناوچه‌ی شێخ موراد له ترسی ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بۆردمان ده‌كرێن.