30 سال بسەر شهرێ هەشت سالان يێ عێراقێ و ئيرانێ دا دهربازبوون
رووداو – هەولێر
30 ساڵ بەسەر خوێناویترین جەنگی نێوان عێراق و ئێران تێدەپەڕێت، جەنگێک لەماوەی هەشت ساڵدا سەدان هەزار کەسی کردە قوربانی و بۆ هەردوو وڵات وێرانییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
جەنگی کەنداوی یەکەم، یان جەنگی عێراق ئێران، کە لەلایەن حکومەتی ئەوکاتەی عێراق ناوی لێنرابوو قادسییەی سەدام و لەلایەن ئێرانیش بە بەرگری پیرۆز ناودەبرا.
ئەو جەنگەی نێوان عێراق و ئێران لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 1980 دەستیپێکرد و، تاوەکو مانگی ئابی ساڵی 1988 بەردەوام بوو.
سەرەتای ئەو جەنگە بە گرژی و پێکدادانی پچڕپچڕی سنووری دەستیپێکرد. بەغدا، ئێرانی بە بۆردوومانکردنی ناوچە سنوورییەکان و هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی تارق عەزیز (یەکێک لە رەمزەکانی رژێمی پێشووی عێراق) تۆمەتبارکرد، هاوکات سەدام حوسێن لە 17ـی مانگی ئەیلوول 1980رێککەوتننامەی جەزائیری ساڵی 1975ی لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، ئاوی شەتولعەرەب بەتەواوی بەشێکە لە ئاوە هەرێمییەکانی عێراق.
عێراق ترسی هەبوو، شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەهێزبێت و تەشەنەبکات و لەگەڵ زۆرینەی شیعە کۆنترۆڵی عێراق بکەن، بەتایبەتی لەو کاتەی ئێران درووشمی ناردنی شۆڕشی بەرزکردەوە. لەو کاتەشدا دۆخی ئێران ئاڵۆزبوو، بۆیە سەدام حوسێن هەوڵیدا سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت و، خۆی ببێتە هێزی باڵادەستی کەنداو، بۆیە هێرشی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و، بەخێرایی چوونە نێو خاکی ئێران، بەڵام دواتر ئێران ریزەکانی خۆی رێکخستەوە و لە ساڵی 1982 دژەهێرشی دەستپێکرد، هێزەکانی عێراقی لە خاکەکەی وەدەرنا و عێراق کەوتە دۆخی بەرگرییەوە.
لەگەڵ ئەوەی چەندین جار ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای وەستانی ئەو جەنگەی کرد، بەڵام ئەو جەنگە تاوەکو مانگی ئابی ساڵی 1988 بەردەوام بوو، دواتر بە بڕیاری ژمارە 598ـی ئەنجوومەنی ئاسایش و لەژێر گوشاردا ئێران ناچار بە ئاگربەست و کۆتاییهێنانی ئەو جەنگە کرا، کە ئایەتوڵڵا خومەینی وەکو خواردنەوەی ژەهر وێنای کردووە.
ئەم جەنگە زیانی گەورەی مرۆیی و ئابووریی لە هەردوولا دا، نزیکەی یەک ملیۆن سەرباز لەنێوان هەردوولا کوژران و نزیک لەم ژمارەیەش خەڵکی سڤیلی هەردوولا بوونە سووتەمەنی ئەو جەنگە، هەروەها ژمارەیەکی زۆریش بریندار و بێسەروشوێن بوون و، تاوەکو ئێستا چارەنووسی بەشێکی زۆریان نادیارە.
لەو جەنگەدا ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و رۆژئاوایی بە پارە و چەک هاوکاری عێراقیان کرد. بەشێکی گۆڕەپانی ئەو جەنگە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوون، بەهۆیەوە خەڵکێکی زۆر بوونە قوربانی و گوند و دێهاتێکی زۆریش خاپوور و وێرانکران.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی