سەرۆکا کارگێڕيا هەلبژارتنان: هیچ لایەنهكى داخوازا پاشخستنا هەلبژارتنان نهكريه
رووداو – هەولێر
سەرۆکی کارگێڕی هەڵبژاردن لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هیچ لایەنێک داوای دواخستنی هەڵبژاردنی لە کۆمیسیۆن نەکردووە و هەموو ئامادەکارییەکانیش تەواوکراون بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
د.رێزان حەمە رەشید کەریم، ئەندامی ئەنجوومەن و سەرۆکی کارگێڕی هەڵبژاردن لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، سەبارەت بە ئامادەکاریەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردن رایگەیاند: “بەپێی ئەو خشتە کردارییە کاتییەی دانراوە، هەموو ئامادەکارییەکان کراون و جێبەجێکراون، ئەوەی ماوە لە ماوەی ئەو 49 رۆژەی ماوە ئەنجام دەدرێت”.
سەبارەت بە داتا و ئامارەکان لەسەر لیست و قەوارە سیاسییانەی بەشدارن، رێزان حەمە رەشید دەڵێت: “بۆ کورسی گشتی 10 قەوارەی سیاسی بەشدارن بۆ هەڵبژاردنی 30ـی ئەیلوول، 8 لیستی تورکمانمان هەیە، 5 لیستی مەسیحیمان هەیە، لەگەڵ 3 لیستی ئەرمەن”.
رێزان حەمە رەشید دەشڵێت “بە فەرمی هیچ داواکارییەک رووبەڕووی کۆمیسیۆن نەبووەتەوە، هیچ لایەنێکی سیاسی هیچی لەگەڵ کۆمیسیۆن باسنەکردووە، پێموایە ئەو پرسەش پرسی کۆمیسیۆن نییە، ئێمە بە فەرمی پێمان راگەیێندراوە کە بەرپرسین لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 30ـی ئەیلوولی 2018، کۆمیسیۆنیش دەستەیەکی جێبەجێکارە، کاری کۆمیسیۆنە هەڵبژاردن ئەنجام بدات”.
سەبارەت بەوەش کە کۆمیسیۆن ناتوانێت بە یەکەوە هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەیەکەوە ئەنجام بدات، سەرۆکی کارگێڕی هەڵبژاردن لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی گوتی: “ئێمە پێش ئەوەی پێمان رابگەیێندرێت کە 30ـی ئەیلوول هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، وەکو ئەنجوومەنی کۆمیسیاران یاداشتی خۆمان داوەتە سەرۆکایەتی حکومەت، کە ئێستا بەرپرسە لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەکان، مەرسوومیان بۆ هەموو هەڵبژاردنەکان هەبێت، بەڵام ئەوەی هاتووەتە بەردەستی ئێمە کە زیاتر لە پێنج مانگمان لەبەردەستبووە بۆ ئامادەکاریکردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەر ئەوکات پێمان راگەیێندرابووایە، کۆمیسیۆن ساز و ئامادەبوو بۆ ئەوەی هەموو هەڵبژاردنەکان بەیەکەوە بکات، بەڵام پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە وەکو دواخستنی هەڵبژاردن تەنها دەنگۆیەکە، ئێمە بە فەرمی هیچمان پێنەگوتراوە، ئەگەر ئەوکات پێمان راگەیێندرابووایە بە یەکەوە بیکەین، بۆ دۆخی ئێستای ئابووری کوردستان زۆر باشتر دەبوو”.
بڕیارە رۆژی 30-9-2018، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، بۆ ئەو هەڵبژاردنەش 31 قەوارەو هاوپەیمانی پەسەند كراون و ئەو قەوارە و هاوپەیمانێتیانەش 709 بەربژێریان هەیە و هەریەك لە پێكهاتەكانی توركمان و مەسیحی و ئەرمەنیش 64 بەربژێریان هەیە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی