كۆمپانیهك خزمەتگوزاریا ئەلیكترۆنی تەكسی دئينتە كوردستانێ
رووداو- هەولێر
هەولێر تەكسی كە بە “كورد تەكسی”یش ناسراوە، بۆ یەكەمجار خزمەتگوزاریی ئەپلیكەیشنی تەكسی دەهێنێتە هەولێر و رەنگە لە داهاتوودا لە هەموو كوردستان لق بكاتەوە، ئەمەش دەكرێت وەرچەرخانێك بێ لە كەرتی گواستنەوەدا لە هەرێمی كوردستان.
ئەو ئەپلیكەیشنەی بۆ داواكردنی تەكسی دانراوە، هێشتا لە قۆناغی تاقیكردنەوەدایە. رەنج عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای فەیر ترەید بە (رووداو)ی راگەیاند: “پێویستە پەرە بە كەرتی گواستنەوەی هەرێمی كوردستان بدەین”. بە گوتەی رەنج، ئەپلیكەیشنەكە لە ماوەی یەك مانگی داهاتوودا تەواو دەبێ، تاوەكو ئەوكاتیش خەڵك دەتوانن لە رێگەی كۆمەڵێك ژمارە تەلەفۆنەوە داوای تەكسییەكانی “هەولێر تەكسی” بكەن. خزمەتگوزاریی كۆمپانیاكەش 24 كاژێر كارایە.
كۆمپانیای فەیر ترەید چەندین جۆر خزمەتگوزاریی گواستنەوە لە هەولێر پێشكەش دەكات، لەوانەش تەكسیی فڕۆكەخانە، تەكسیی شار، پاس و مینی پاس بۆ كرێ و ئۆتۆمبێلی (VIP) بۆ ئەو میوانە تایبەتانەی سەردانی كوردستان دەكەن.
بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیاكە دەڵێت ئێستا هەموو خزمەتگوزارییەكانی فڕۆكەخانەی هەولێر لەلایەن كۆمپانیاكەی ئەوانەوە لەئەستۆ گیراوە، بەڵام بۆ تەكسیی شار پشتیان بە ژمارەیەك لەو شوفێرە تەكسییانە بەستووە كە لەگەڵ هەندێك لە پێوەرەكانی ئەواندا دێنەوە.
ئەو شوفێری تاكسیانەی لەو كۆمپانیایە كاردەكەن، لانیكەم كۆرسێكی سێ مانگی وەردەگرن لەوانەش رەوشت، شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ موشتەری و راهێنانی شوفێری. هەموو شوفێرەكانی كۆمپانیاكە دەبێت یونفۆرمی تایبەت لەبەر بكەن بۆ ئەوەی بناسرێنەوە، جیا لەمەش هەر شوفێرێك ناسنامەیەكی تایبەتی بۆ دەكرێت كە لەناو تەكسییەكەدا دەبینرێت و هەمووشیان دەبێت بە نووسراوی ئاسایش و پۆلیس پێشینەی پاكی خۆیان بسەلمێنن.
ناسر دەبس، بەڕێوەبەر لە كۆمپانیاكە بە (رووداو)ی راگەیاند: “هەوڵ دەدەین باشترین جۆری خزمەتگوزاری پێشكەش بە موشتەرییەكانمان بكەین، بۆیە هەموو شوفێرەكان راهێنانیان پێدەكرێت و لێپرسینەوەش لە هەموویان دەكرێت”.
ئەو دەڵێت هەر كاتێك ئەپلیكەیشنەكە تەواو ئامادەی كارپێكردن بوو، بژارەی (SOS)ی تێدا دادەنرێت كە بۆ راگەیاندنی حاڵەتی نەخوازراوە.
بژارەی (SOS) بۆ ئەوەیە كۆمپانیاكە لە رووداو یان حاڵەتی نەخوازراو ئاگادار بكرێتەوە. ئەگەر سەرنشینەكە دەست بەو بژارەیەدا بنێت كۆمپانیاكە یەكسەر ئاگادار دەبێتەوە و پەیوەندیی پێوە دەكاتەوە، ئەگەر ئەو وەڵامی نەبێت پەیوەندی بە شوفێرەكەوە دەكرێت و ئەگەر شوفێرەكەش وەڵامی نەبێ، پۆلیس رەوانەی شوێنەكە دەكرێت. ژمارەكانی بەشی خزمەتگوزارییەكان هەم لە تەكسییەكە دراون و هەمیش لەسەر ئەپڵیكەیشنەكە هەن.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی فەیر ترەید، ئێستا 60 تەكسی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەردەستن و رۆژانە 150 بۆ 160 گواستنەوەیان هەیە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە دەستپێكی كارەكانی ئەو كۆمپانیایە لە فڕۆكەخانەی هەولێر رۆژێك دوای گەمارۆ ئاسمانییەكەی سەر هەرێمی كوردستان بوو.
كۆمپانیاكە 200 تەكسیشی لەناو شاردا هەیە و لە ماوەی دواییدا لەگەڵ كۆمەڵێك قوتابخانە و دوو كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون كار دەكات، پلانی ئەوەشیان هەیە تەكسی بۆ شوێنی زیاتر دابین بكەن. وەكوو رەنج عەلی دەڵێت: “پلانی ئێمە ئەوەیە هەموو شوفێر تەكسییەكانی هەولێر، كە 40 هەزار تەكسییە، بخەینە ژێر چەتری خۆمان. ئێمە دەمانەوێت خزمەتگوزاریی گواستنەوە لە هەولێر باشتر بكەین”.
لە تەكسییەكانی “هەولێر تەكسی”دا سیستەمی پێوانی رێگا و GPS و WIFI ی خۆڕایی هەیە. ئێستا موشتەرییەكان دەتوانن بە پارە هەقدەستی گواستنەوەكە بدەن، بەڵام كۆمپانیاكە بە نیازە لەداهاتوودا شێوازی پارەدانەكە بۆ ئەلیكترۆنی بگۆڕێت. جیا لەمە بژارەی پارەدانی مانگانەش دەخرێتە بەردەستی موشتەرییەكان.
ئێستا كورد تەكسی تەنیا لقی “هەولێر تەكسی” هەیە، رەنج عەلی هیواخوازە لەگەڵ تەواوبوونی كارەكانی ئەپڵیكەیشنەكە، لقی “دهۆك تەكسی” و “سلێمانی تەكسی”ش بكەنەوە.
چیا یەكێك لە شوفێرەكانی كۆمپانیایەكە كە لە هێڵی فڕۆكەخانە كاردەكات، بە (رووداو)ی گوت كە كۆمپانیاكەی فۆكەسی لەسەر سەلامەتیی موشتەریەكانیەتی و بە تەواوەتی رەچاوی رێساكانی هاتوچۆ دەكات “ئەگەر دوایین ئاستی خێرایی لە شەقامێك 60 كیلۆمەتر بێت، ئێمە ناتوانین لە 61 بڕۆین”.
چیا باس لەوەش دەكات كە لە كۆرسەكان شتی زۆر فێر بووە، لەوانەش “چۆنێتی رێزگرتن لە موشتەری و یارمەتیدانیان لە هەڵگرتنی جانتا و ئەو شتومەكانەی پێیانە”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی