لڤێ خۆلا پەرلەمانى كێمترین یاسا و بریار هاتينه پەسندكرن
رووداو – سلێمانی
تەمەنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بەو دوو خولی دانیشتنەی بۆیشی درێژكرایەوە بەرەو كۆتایی دەڕوات، بەڵام كەمترین یاسای تێدا پەسەند كرا، بە بەراورد بە سێ خولی رابردووی پێش خۆی. لەو خولەدا تەنیا 16 یاسا و 35 بڕیار پەسندكراون.
پەرلەمانتارێكی پارتی لەپاڵ چەند هۆكارێكی دیكە، دوو ساڵ پەككەوتنی ئەم خولەی پەرلەمان بە هۆكاری سەرەكیی كەمی دەرچوونی یاسا و بڕیارەكان دەزانێت.
فرسەت سۆفی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان پێیوایە دوو ساڵ كارنەكردنی پەرلەمان و دروستبوونی كەشێكی ناجێگیری سیاسی پڕ لە ململانێ هۆكاری سەرەكین بۆ ئەوەی ئەم خولەی پەرلەمان لە ئاست چاوەڕوانی خەڵك و دەنگدەرانی هەرێمی كوردستاندا نەبێت.
فرسەت سۆفی بە (رووداو)ی گوت “قووڵبوونەوەی ململانێ سیاسییەكان تا ئاستی موزایەدەی سیاسی، تەركیزی تەشریعی پەرلەمانی لاواز كرد، بە شتێكەوە سەرقاڵی كردن كە ئەركی ئەوان نەبوو”.
فرسەت سۆفی پێیوایە سیستمی نیمچە كراوە كە لەو خولەی پەرلەمان پەیڕەو كرا پێیوایە هۆكارێك بوو بۆ دابەزینی كواڵێتی پەرلەمتن و وایكرد ئەوانەی بەهۆی ئەو سیستمەوە گەیشتنە پەرلەمان لە ئاستی پێویستدا نەبن. سۆفی دەڵێت “شەڕی راگەیاندن زاڵ بوو، لەبری خۆ تەرخانكردن بۆ كاری سەرەكیی پەرلەمانی و یاسادانان”.
بەڵام ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان پێیوایە ژمارەی ئەو یاسا و بڕیارانەی پەرلەمان دەریكردوون كەم نین. خەڵەف ئەحمەد ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت “ئەگەر بەراوردی ماوەی كاركردنی پەرلەمان بكەین لەگەڵ خولەكانی دیكە ژمارەی ئەو یاسا و بڕیارانەی دەرمانكردووە كەم نین و یاسای گرنگیش پەسەندكراو.
ئەو گرفتەكە بەجۆرێكی دیكە دەبینێت و دەڵێت “ئێمە لە هەرێمی كوردستان كێشەی كەمی یاسامان نییە، هێندەی كێشەی جێبەجێكردنی یاساكانمان هەیە، بۆیە پەرلەمان بۆ لەمەودوا لەبری ئەوەی خۆی تەرخانبكات بۆ دەركردنی یاسای نوێ، باشترە خۆی بۆ چاودێریكرنی ئەو یاسایانە تەرخانبكات كە دەریكردوون، چونكە هیچیان وەك پێویست جێبەجێ ناكرێن”.
خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان گەنجترین خولی ئەو پەرلەمانە بوو لەوەتەی دامەزراوە، بەڵام هەر ئەمە خۆشی بووەوە جێگای رەخنەی بەشێك لە خەڵك كە ئەندامەكانی بەهۆی بێدەسەڵاتیان لە حیزبەكانیان، هەروەها كەم ئەزموونیان لە كاری پەرلەمانتاریدا، ناتوانن وەك پێویست لە پەرلەماندا بڕیار بدەن.
بەڵام ئەمە بۆ پەرلەمانتارەكەی یەكێتی پێچەوانەیە، چونكە دەڵێت خاڵی بەهێزی ئەم خولە زۆری ئەندامە گەنجەكانی بوو، چونكە گەنجەكان توانییان سەركێشی زۆر بكەن و هەندێك هەنگاو بنێن كە پێشتر لە پەرلەمانی كوردستاندا نەنرابوو.
خەڵەف ئەحمەد رەخنەی لە دەستەی سەرۆكایەتی خولی چوارەمی پەرلەمان هەیە و پێیوایە یەكێك بوون لە هۆكارەكانی سستی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان. خەلەف گوتی “لە سەرەتای دەستبەكاربوونی ئەم خولەی پەرلەماندا قسە و گلەیمان لە ئەدای دەستەی سەرۆكایەتی هەبوو، چەندینجار ئەم گلەییانەمان بەشێوەی فەرمی و نافەرمی گەیاندووەتە دەستەی سەرۆكایەتی و پێشنیازمان خستووەتە بەردەستیان بۆ باشتركردنی كارەكان، بەڵام بەداخەوە كە جێبەجێ نەكرا و گوێمان لێڕانەگیرا كە هەر ئەوەش بووە خاڵێكی لاوازی دەستەی سەرۆكایەتی، بەڵام ئەم دەستەیەی ئێستا باشترن و فۆرمێكی دیكەیان هەیە، پێموایە دەتوانن باشتر كارەكان بكەن”.
بەڵام لای فراكسیۆنی گۆڕان ئەم بۆچوونە پێچەوانەیە چونكە ئەو كاتەی پەرلەمان بە سەردەمی زێڕین دەبینن كە خۆیان سەرۆكایەتیان دەكرد و رەخنەی توندیشیان لە دەستەی سەرۆكایەتی ئێستا هەیە.
بێستون فایەق ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە (رووداو)ی گوت “سەرۆكایەتیی ئێستای پەرلەمان دەستەیەكی تەواو حیزبیە و كاك جەعفەر وەك لقی پارتی مامەڵە لەگەڵ پەرلەمان دەكات، خۆشی وەك بەرپرسی لقێك سەیری پەرلەمان دەكات، بۆیە ناتوانێت هەرگیز سەركەوتوو بێت”.
كەمی دەركردنی یاساكانیش بۆ دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان دەگێڕێتەوە، نەك ئەدای دەستەی سەرۆكایەتی یان كەم ئەزموونی پەرلەمانتاران. بێستوون فایەق گوتی “پەرلەمان لە سەرەتاوە تاوەكو رێككەوتنەكان كرا و توانی كۆببێتەوە، شەش مانگی پێچوو. دواتریش 23 مانگ دەرگاكەی داخرا كە كاراش كرایەوە بەخراپی دەستی كردەوە بە كاركردن، بۆیە دەتوانین بڵێین لە چوار بەش سێ بەشی تەمەنی بە ئیفلیجی بەڕێكرد و نەیتوانی وەك پێویست یاسا و بڕیارەكان دەربكات. ئەو ماوەیەی كاری كردووە هەر فریای ئەوەندە دەكەوت”.
ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان كە خەریكە تەواو دەبێ تەنیا 16 یاسای دەركردووە، بەڵام لە خولی رابردوودا پەرلەمان 68 یاسای دەركردبوو، واتە ساڵانە بە تێكڕا 17 یاسای دەركردبوو.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی