چی بكەین تا زارۆك ژ ئهزموونان نەترسن و سەر بكەڤن؟
باسنيوز:
زۆربەی دەروونناسان و شارەزایانی بواری پەروەردە، لەسەر ئەو ڕایە كۆكن كە هەندێك لە منداڵان لە قۆناغی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی قوتابخانەدا، تووشی ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر دەبن و ئەگەر ئەم حاڵەتە چارەسەر نەكرێت، بۆ هەمیشە لەگەڵیاندا دەمێنێتەوە.
دەروونناسانی ئەمریكی دوای توێژنەوەكان بۆیان دەركەوت، ترس و دڵەكوتەی منداڵان لەمەڕ تاقیكردنەوەكان لە تەمەنی ١٠ ساڵییەوە دەست پێ دەكات و ٣٠٪ قوتابیان ترس و دڵەڕاوكێیەكەیان ساڵ بە ساڵ تەشەنە دەكات و لە قۆناغەكانی دیكەی قوتابخانە هەر لەگەڵیاندا دەمێنێتەوە و ئەم حاڵەتەیش كاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئەنجامی تاقیكردنەوەكان دادەنێت.
پرسیارێك لێرەدا دێتە ئارا، ئایا خێزانەكان سەبارەت بە چارەسەركردنی ترسەكەیان تا چەند هاوكاریی منداڵەكەیان دەكەن و تا چ ڕادەیەك لە كاتی تاقیكردنەوەكانیان كەشێكی ئارام و لەباریان بۆ دەستەبەر دەكەن؟
دەروونناسان پێیان وایە، زۆربەی ئەو منداڵانەی تووشی دڵەڕاوكێی تاقیكردنەوەكان دەبن، لەژێر كاریگەریی ترس و دڵەكوتێدا دەرناچن، یاخود نمرەی باش ناهێنن، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە كە كاتی بۆ خوێندن و پێداچوونەوەی وانەكانی دانەناوە، بەڵكوو ئەو ترسە زۆرەی بەسەریدا زاڵە، كێشەی گەورەی بۆ دەنێتەوە.
سەرچاوەی ترس و دڵەڕاوكێی منداڵان لە تاقیكردنەوەكان بۆ چ هۆكارێك دەگەڕێتەوە؟
بێگومان هۆكار زۆرن بۆ ئەم حاڵەتە و هەندێك لە هۆكارە سەرەكییەكان بریتین لە:
– بەدرێژایی ساڵی خوێندن دروستكردنی فشار لەسەر قوتابی، لەلایەن مامۆستایانی قوتابخانەوە.
– فشاركردن لە منداڵ لەلایەن خێزانەكانەوە، لەمەڕ بەدەستهێنانی نمرەی زۆر باش.
– نەبوونی هەستی باوەڕبەخۆبوون لە منداڵدا.
– لە هەندێك حاڵەتیشدا، ناڕوونیی پرسیارەكان.
نیشانەكانی هەبوونی دڵەڕاوكێی لە تاقیكردنەوەكان
– دڵەكوتەی زۆر و ڕشانەوە.
– لە كاتی خوێندندا ئاسایی نییە و بەپەلەیە.
– تێنەگەیشتن لە بابەتەكان، دوای پێداچوونەوە و خوێندنیان.
– لە كاتی خوێندندا نینۆكەكانی دەخوات، پێستی لێوی دەگەزێت، یاخود یاری بە پرچی دەكات.
– وەكوو پێویست نان ناخوات و حاڵەتی هێڵنجدانی هەیە.
– بیانوو زۆر دەگرێت و زۆر جار دەگریێت.
– لە كاتی پێداچوونەوە بە وانەكاندا، تووشی هەڵچوونی دەروونی دەبێت.
پێویستە خێزانەكان چی بكەن؟
– باوەڕتان بە تواناكانی منداڵەكەتان هەبێ، تا ئەویش باوەڕی بە تواناكانی خۆی هەبێت.
– بە هیچ شێوەیەك فشار لەسەر منداڵەكەت دروست مەكە.
– لەگەڵ كەس بەراوردی مەكە.
– هاندەری بە و لە تاقیكردنەوەكان مەیتۆقێنە و بابەتەكەی بۆ ئاسایی بكەوە، بۆ ئەوەی قورس نەیگرێت و ترس بەسەریدا زاڵ نەبێ.
– هەر لە سەرەتای ساڵی خوێندنەوە گرنگیی پێ بدە، تا بەپێی بەرنامە و شێوەیەكی دروست وانەكانی بخوێنێت.
– بەدرێژایی ساڵی خوێندن، منداڵەكەت بە بیانووی جۆرواجۆر لە قوتابخانە دامەبڕێنە.
– لە كاتی تاقیكردنەوەكاندا میوانی و جێژن و كۆڕوكۆبوونەوەی بنەماڵەیی مەكەن و ئەم بۆنانە دوا بخەن بۆ دوای تاقیكردنەوەكان.
– كاتژمێری خەوی منداڵەكەت رێك بخە، بۆ ئەوەی شەوانە زوو بخەوێت، تا بەیانیان بە وزەیەكی باشەوە وەڵامی پرسیارگەلی تاقیكردنەوەكانی بداتەوە.
– لە كاتی تاقیكردنەوەكاندا لەڕووی دەروونییەوە كەشێكی گونجاو و لەبار و ئارام بۆ منداڵەكەت بڕەخسێنە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی