پێنج کوردێن ئێزدی ژ دەستێ داعش هاتنه رزگارکرن
شنگال-KDP.info-
بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی کوردی ئێزدی لە پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، نووسینگەکەیان توانیویەتی ٥ کەسی دیکەی کوردی ئێزدی لە دەستی داعش ڕزگار بکات.
حسێن قائیدی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: “بە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر توانیمان ٥ کەسی یەک خێزان لە دەستی داعش لە سووریا ڕزگار بکەین.”
قائیدی گوتیشی: “ئەم خێزانە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ـەوە کەوتبوونە دەست داعش و ئەمڕۆ ڕزگار کران و خێزانەکەش خەڵکی سۆلاغی شنگالن و ناوەکانیان بریتییە لە غەزال عەلی قولو، لەگەڵ چوار منداڵی، کە ئەوانیش حەبیب حسێن خدر، عەلی حسێن خدر و سامیا حسێن خدر و دالیا حسێن خدرن.”
قائیدی ئەوەیشی گوت: “هەموو هەوڵێک دەخەینە گەر بۆ ڕزگارکردنی کەسانی دیکەش لە دەست داعش.”
لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا داعش هێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شنگال و کۆمەڵکوژییان بەسەر ئەو شارەدا هێنا و زیاتر لە ٦ هەزار کەسیان ڕفاند و ٣٦٠ هەزار ئاوارەی هەرێمی کوردستان کران و ١٠٠ هەزاریشیان ئاوارەی دەرەوەی وڵات کران و زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کەسیش کوژران و هەموو مەزارگە و شوێنە ئایینییەکانیشیان لەنێو بردن و زیاتر لە ٦٠ گۆڕی بەکۆمەڵیش تا ئێستا دۆزرانەتەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی