کونسوڵخانا گشتى یا ئەمریکا پێشوازيێ ل بڕیارهكا حکومەتا هەرێما کوردستانێ دکهت
K24 – هەولێر:
کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر پێشوازی لە بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە بۆ باشترکردنی دۆخی ئازادی راگەیاندن، کارکردنی بە رێنمایی رێکخستنی کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندەوە.
رۆژی هەینی (16ـی شوباتی 2024) کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر رایگەیاندووە: “پێشوازی لە بڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات بۆ ھەڵوەشاندنەوەی رێنمایی رێکخستنی کاری میدیایی ژمارە 1ـی ساڵی 2023 کە لە مانگی ئایاری ساڵی 2023 دەرچوێندرابوو”.
کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی رێنماییەکە دەرخەری بەدەمەوەھاتنی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ باشترکردنی دۆخی ئازادی راگەیاندن و جەختیکردووەتەوە کە پابەندن بە کارکردن لەگەڵ ھاوبەشە خۆجێیی و نێودەوڵەتیەکان بۆ بەردەوامیدان بە باشکردن و برەودان بە ئازادی راگەیاندن و میدیای بەرپرسیار.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیانی ژمارە 1ـی ساڵی 2024ـی دەرکرد و لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان ژمارە (314) لە (28ـت کانوونی دووەمی 2024) بڵاوکرایەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2023 تایبەت بە رێکخستنی کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان کە پێشتر لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان، ژمارە (305) لە (22ـی ئایاری 2023) بڵاوکرابووەوە و تێبینی و سەرنجی لەلایەن میدیاکاران ویاساناسان لەسەر تۆمارکرا.
بەگوێرەی بەیانەکەی وەزارەتی رۆشنبیری کە ئاماژە بە نووسراوی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە (5117) لە (12ـی تشرینی دووەمی 2023) کراوە و بڕیاریداوە لە رۆژی (2ـی کانوونی دووەمی 2024)ـەوە کار بەو رێنماییە نەکرێت و هەڵوەشێندراوەتەوە و لە بری ئەوەش کار بە رێنمایی پێشوویان ژمارە 1ـی ساڵی 2014ـی تایبەت بە رێکخستنی فریوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی