ئازار 05, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

حکومەتا هه‌رێمێ: چاڤه‌رێ بەغداينه‌ ل 2024 کێشەيا مووچەيان ب شێوەيه‌كى بنەڕەتی چارەسەر بکه‌ت

حکومەتا هه‌رێمێ: چاڤه‌رێ بەغداينه‌ ل 2024 کێشەيا مووچەيان ب شێوەيه‌كى بنەڕەتی چارەسەر بکه‌ت
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، چاوەڕوانییان لە حکومەتی فیدڕاڵە لە ساڵی نوێی 2024 کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەی بنەڕەتیی چارەسەر بکات.

ئەنجوومەنەکە ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-12-2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەی کرد.

لە پاش کۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە، “لە بڕگەی یەکەمدا، دوایین پێشهاتەکانی هەردوو دۆسیەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و نەوت و گاز لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو، دووپاتیان کردەوە کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڵاڵەکردنی پرۆژە یاسای هەموارکردنی یاسای بودجەی گشتيی فیدڕاڵ تاوەکو رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت بۆ پەسندکردنی بە ئاراستەی خەرجکردنی شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان لەپێش هەموویانەوە، شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم، لە بەرانبەریشدا هەرێمی کوردستان، پابەندییەکانی خۆی راپەڕاندووە و هەردوو دیوانی چاودێریی داراییش ئەرکی وردبینی و پێداچوونەوەی خۆیان تەواوکردووە و هەرێمی کوردستان لەم رووەوە ئاسانکاریی تەواوی پێشکەش کردووە”.

وەکو لە راگەیێندراوەکەدا باسکراوە، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە “مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدڕاڵە لە ساڵی نوێی 2024 ئەم کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکات و شایستەی دارایی مووچەخۆران، تێکەڵی ناکۆکیيە سیاسی و پابەندییەکانی دیکە نەکات و مووچەخۆرانی هەرێمیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەكانيان لەکاتی خۆی وەربگرن کە ئێستا بەداخەوە بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم، مووچەی سێ مانگی ئەم ساڵ خەرج نەکراوە و بارگرانیی دارایی و ئابووری بۆ مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێم دروست کردووە کە بەرپرسیارێتی حکومەتی فیدڕاڵە مووچەی مووچەخۆران بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێرێت”.

هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە نزیکەی 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرا، بەڵام لەدوای راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و بۆ دابەشکردنی مووچە، پشت بە داهاتی نێوخۆ و ئەو پارەیە دەبەسترێت عێراق رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی رەشنووسی رێنمایی کارکردنی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان کراوە، “پاشان لە بڕگەی دووەمدا، مادە و بڕگەکانی رەشنووسی یەکەمی (رێنمایی کارکردنی کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان) لەلایەن دارا رەشید، وەزیری پلاندانانەوە خرایەڕوو و ئاماژەی بەوە دا کە ئامانج لەم رێنماییانە، رێکخستنی مۆڵەتی کار و ڤیزا و نشینگە و رێگریکردنە لە هاتنی کرێکاری بیانی بە شێوەی نایاسایی و رەخساندنی هەلی کاری زیاترە بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک کە خاوەنی کۆمپانیاکان زیاتر روو لە کرێکار و کارمەندانی ناوخۆ بکەن، لە هەمانکاتدا، دڵنیایی و پارێزراوی کار و مانەوەی کرێکارانی بیانیش بێت لە هەرێم تاوەکو سوود لە ئەزموون و شارەزایی ئەو کارمەندە بیانیانە وەربگیرێت کە پسپۆڕییان لە بوارە جیاجیاکاندا هەیە”.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، “لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، چەند پێشنیازێکی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو کە تایبەت بوو بە زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی بەپێی شایستەی یاسایی دیاریکراوی خۆیان بۆ زامنکردنی ماف و شایستەی ئەوانەی کە شایستەن و هەروەها رێگرتن لە سوودمەندبوونی ناڕەوا لە مووچە و ئیمتیازاتی گیراو و زیندانیانی سیاسی لەبەر رۆشنایی حوکمەکانی پەیڕەوی ژمارە (4)ی ساڵی 2020 تایبەت بە ئاسانکاریی بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی”.

ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، ئەو پێشنیازانەی پەسندکردووە و وەزارەتیشی راسپاردووە لە هەوڵەکانیان لەگەڵ نوێنەرایەتیى هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەردەوام بن بۆ پابەندکردنی حکومەتی فیدڕاڵ بە دابینکردنی مووچە و ئیمتیازاتی زیندانیان و گیراوانی سیاسی لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵ، کە “بەپێی ماددەی 132ی دەستووری عێراق ئەم بەرپرسیارێتیە لە ئەستۆی حکومەتی فیدڕاڵە”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi