نێچیرڤان بارزانی: هەردەم هاریكار و پشتەڤانێ مافێن ئافرەتا مە
رووداو دیجیتاڵ![](https://www.lalishduhok.com/wp-content/uploads/2023/12/770783Image1-300x188.jpg)
![](https://www.lalishduhok.com/wp-content/uploads/2023/12/770783Image1-300x188.jpg)
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا جگە لە پیرۆزباییکردنی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، دەڵێت “ھەموو پشتگیرییەک لە خەباتی ئافرەتان دووپات دەکەمەوە… دڵنیا بن کە بۆ ھەمیشە لەپێناو مافەکانیاندا، ھاوکار و پشتیوانیان دەبم.”
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 11-12-2023) پەیامێکی بەبۆنەی یادی 71 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، یادەکە “بە گەرمی لە تەواوی ئافرەتانی کوردستان پیرۆز دەکەم. خەبات و قوربانیدان و تێکۆشانیان لەپێناو پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و ئازادی و یەکسانی، بەڕێز و پێزانینەوە ھەڵدەسەنگێنم و ھیوای سەرکەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازم.”
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان رێکخراوێکی مرۆییە و لە بواری ئافرەتاندا لە هەرێمی کوردستان و مەڵبەندە کوردییەکان لە جیهان کاردەکات. ئەم رێکخراوە لە 11-12-1952 لە شاری سلێمانی دامەزرا، بۆ کۆکردنەوە و رێکخستنی تواناکانی ئافرەتان لە بەشداریکردنیان لە شۆڕشی ئەیلوول و پایە رامیاری و کۆمەڵایەتییەکان.
نێچیرڤان بارزانی دەڵێ “یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان وەک رێکخراوێکی پێشەنگی پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان، لە ھەردوو سەردەمی شۆڕش و ئازادیدا، رۆڵێکی دیاری لە خەباتی مەدەنیی کۆمەڵگەی کوردستاندا گێڕاوە. وێڕای پارێزگاریکردن لە مافەکانی ئافرەتان، بە سەدان ئافرەتی بەتوانای لە ھەموو بوارەکاندا و چەندین کادیر و سەرکردەشی پێگەیاندووە، کە لە ھەموو کایەکانی ژیاندا خزمەتیان بە وڵات کردووە و دەکەن.”
جێگری سەرۆکی پارتی لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەخت دەکاتەوە لەوەی کۆمەڵگەیەکی کراوەی ئازاد و پێشکەوتووی مەدەنی، بێ ئازادیی ئافرەت و مسۆگەریی تەواوی مافەکانیان نایەتە دی، “بۆیە لەم یادەدا ھەموو پشتگیرییەک لە خەباتی ئافرەتان دووپات دەکەمەوە. با یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و ھەموو رێکخراو و بزووتنەوەیەکی ژنان لە کوردستان دڵنیا بن کە بۆ ھەمیشە لەپێناو مافەکانیاندا، ھاوکار و پشتیوانیان دەبم.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی