كانونی یه‌كه‌م 06, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى: هه‌رێما كوردستانێ بوویه‌ په‌ناگه‌هه‌كا ئارام بۆ پاراستنا مه‌سیحیان و پێكهاته‌یان

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى: هه‌رێما كوردستانێ بوویه‌ په‌ناگه‌هه‌كا ئارام بۆ پاراستنا مه‌سیحیان و پێكهاته‌یان

وشه‌:

ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری لە رێوڕەسمی كردنەوەی كۆمەڵگە و كاتێدرائی نوێی پەتریاركی كلێسەی رۆژهەڵاتیی ئاشووری لە هەولێر كرد، كە بە ئامادەبوونی قەداسەتی پاتریارك مار ئاوای سێیەم، پاتریاركی كلێسەی رۆژهەڵاتیی ئاشووری لە عێراق و دنیا بەڕێوە چوو.

لە رێوڕەسمەكەدا كە ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و دیپلۆماتكار و پیاوانی ئاینیی كریستیان و موسڵمان و پێڕەوانی كلێسەی رۆژهەڵاتیی ئاشووری ئامادەی بوون، سەرۆكی هەرێم وتارێكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:

بەڕێز قەداسەتی پاتریارك مار ئاوای سێیەم

پاتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتیی ئاشووری لە عێراق و جیهان

كەسایەتی و پیاوانی ئایینی و ئامادەبووانی بەڕێز

ئێوارەتان باش…

بەخێرهاتنتان دەكەم بۆ كردنەوەی كۆمەڵگە و كاتێدراڵی نوێی پاتریەركی لە شاری هەولێر. زۆر خۆشحاڵم لەگەڵ ئێوەی بەڕێز لەم ڕێوڕەسمەدا بەشدارم. پیرۆزبایی لە هەموو پەیڕەوانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتیی ئاشووری دەكەم لە هەرێمی كوردستان و عێراق و جیهان و لە هەموو مەسیحییان بەگشتی بە بۆنەی كردنەوەی ئەم كۆمەڵگەیە.

لێرەدا و بەم بۆنەیەوە بە ڕێز و پێزانینەوە یادی خوالێخۆشبوو قەداسەتی پاتریارك مار دەنخای چوارەم، سەرۆكی پێشووتری كەنیسەی ڕۆژهەڵاتیی ئاشووری دەكەینەوه كە بڕیاری دا كورسیی كەنیسەكە لە ئەمەریكاوە بگوازرێتەوە بۆ هەولێر، بەڵام بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا و بەرلەوە كۆچی دوایی كرد. یادی بە خێر و هیوادارین كردنەوەی ئەم كاتێدراڵە گیانی شاد بكات.

ئەو بڕیارە بڕیارێكی زۆر ئازایانە بوو. پشتگیرییەكی گەورە بوو لە كوردستان، هەروەها متمانە و باوەڕی بۆ مەسیحییەكان دروست كرد كە لێرە لە وڵاتی خۆیان بمێننەوه و بڕوایان پێی هەبێت و كۆچ نەكەن. هەر لەبەر ئەوەش ساڵی 2014 كە داعش بەشێكی لە خاكی كوردستان و عێراق بەگشتی و بەشێكی سووریای داگیر كردبوو، ژمارەیەكی زۆر لە مەسیحییان و خەڵكی دیكە، ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد.

هەر بۆیە ئەمڕۆ خەڵكی هەولێر و كوردستان لەگەڵ قەداسەتی پاتریارك مار ئاوای سێیەم، زۆر دڵخۆشن بە كردنەوەی كاتێدراڵ و ئەم كۆمەڵگە ئایینییە لە هەرێمی كوردستان.

دڵنیام ئەم كۆمەڵگەیە جوانە دەبێتە ناوەندێكی دیكەی بەهێزكردنی باوەڕ و هەستی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان و لە عێراق، دەبێتە هاندەرێكی دیكە بۆ مانەوە و بەجێنەهێشتنی وڵات. كوردستان بە فرەنەتەوە، فرەئایین و فرەپێكهاتەكەییەوە جوانە. مەسیحییەكان بەشێكی سەرەكین لە جوانیی پێكەوەژیانی كوردستان.

لە كوردستان پێكەوەژیانی ئاشتیانە بووەتە كولتوورێكی بەهێز كە هیچ ڕژێم و هێزێك بە هەموو پیلانەكانیانەوە نەیتوانیوە تێكی بدەن. پێكەوەژیان بنەمایەكی قووڵی باوەڕی هەموو كوردستانییانە، ئینجا سەر بە هەر نەتەوەیەك و سەر بە هەر ئایینێك بن. ئەم پێكەوەژیانەی ئێمە لە كوردستان ئەوەندە قووڵ و بەهێزە، بووەتە مایەی هێزێكی گەورە بۆ هەموومان و بووەتە جێگەی ڕێزی جیهان.

هەموومان لە كوردستان لە بیرمانە كاتێك بەڕێز باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمەریكا لە وتارە مێژووییەكەیدا شەوی 7ی ئابی 2014 بڕیاری ئەمەریكای بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش دا، گوتی: “هەولێر هێڵی سوورە بۆ ئێمە”. یەكێك لەو هۆكارانەی كە باسی كرد بۆ پێویستیی پاراستنی هەولێر و هەرێمی كوردستان ئەوە بوو گوتی: لەو ناوچەیەدا پێكەوەژیانێكی زۆر سەركەوتووانە و بەهێز دروست كراوە.

مایەی شانازییە بۆ هەموومان لە دوای ڕاپەڕینی 1991ـەوە كە پەرلەمانی كوردستان دانرا، پێویستیی هەبوونی نوێنەرانی مەسیحی و توركمان لە پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، یەكێك بوو لە بڕیارە سەرەكییەكان. ئەوكات و تا ئێستاش لەگەڵ بایەخدان بە زمانی كوردی، بایەخ بە زمانی سریانی و توركمانی درا، منداڵانی مەسیحی و توركمان بە زمانی خۆیان دەستیان بە خوێندن كرد لەم هەرێمە.

ئەو ئازادییەی لە هەرێمی كوردستان بەدیهات، بووە مایەی بووژانەوە بۆ هەموو نەتەوە و ئایین و پێكهاتەكان لە كوردستان. ئەو پێكەوەژیانە، كوردستانی بۆ ئێمە خۆش كرد و بۆ جیهانیش جوان كردووە. ئێمە دەست لە بەهێزكردنی پێكەوەژیان هەڵناگرین و زیاتر پەرەی پێدەدەین.

ئامادەبووانی بەڕێز …

ئەم ناوچەیەی ئێمە كە لە مێژووی كۆندا ناوی میزۆپۆتامیا بووە، ناوەندێكی گەورەی گەشەكردنی ژیان و مرۆڤایەتی و شارستانی بووە. ناوچەیەكی تێكەڵ و هەمەڕەنگی نەتەوەكان بووە. میزۆپۆتامیا بە ڕاستی باخچەی ڕەنگینی نەتەوەكان بوو. بەڵام بەداخەوە لە ئەنجامی هێرشە دەرەكییەكاندا جینۆسایدی زۆر گەورە لەو ناوچەیەدا ڕووی دا. لەگەڵ ئەوەش لە كوردستان، فرەنەتەوەیی و فرەئایینی هەر مایەوە و لەناو نەچوو، چونكە نەتەوە و ئایینەكان بوونە قەڵغانی پاراستنی یەكتر.

مێژووی پێكەوەژیان لە كوردستان كۆنە و لەلایەن هەندێك سەركردەی مێژووییشەوە لە زۆر قۆناغدا نوێكراوەتەوە و بەهێزكراوە. هەروەك سەرۆك مەسعوود بارزانیش نووسیویەتی و فەرموویەتی، ئەم پێكەوەژیانە سەرەتای سەدەی ڕابردوو لەنێوان سەیدا عەبدولسەلامی بارزان، مار بنیامین شەمعوون و ئەندریانیك پاشادا بەهێز كراوە.

ئەو ڕێككەوتن و هاوخەباتییەی سەیدا عەبدولسەلام بارزانی و مار بنیامین شەمعوون دروستیان كرد، بە خۆشحاڵییەوە لە شۆڕشەكانی بارزان و شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا ڕەنگی دایەوە و تائێستاش بەردەوامە، بە پشتیوانیی خوای گەورە، هەر بەهێزتریش دەبێت لە كوردستان.

بەڕێزان..

ئەو هاوكاری و یەكترپاراستنە جارێكی دیكە بە فراوانی نوێ كرایەوە لە كاتی جەنگی تاییفیدا لە عێراق دوای ساڵی 2003 و دوای هێرشە تیرۆریستییەكانی ڕێكخراوی قاعیدە و دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش. هەرێمی كوردستان بە شانازییەوە بووە پەناگەیەكی ئارام بۆ پاراستنی مەسیحییان و پێكهاتەكانی عێراق، ئەوەش ئەركی ئێمە بووە و جێگەی شانازیی هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان بووە ئەوكات و ئێستاش.

بەداخەوە دوای دەستپێكردنی شەڕی تاییفی و هێرشەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی قاعیدە لە شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لە ماوەی نێوان ساڵەكانی 2004 تا 2008، بەگشتی 111 كەنیسە تەقێندرانەوە، یان هێرشیان كرایە سەر. 1.315 هاووڵاتیی مەسیحیی مەدەنی شەهید كران، بە سەدان مەسیحی ڕفێندران، چەندین مەتران و شەماشە تیرۆر كران. چەندان منداڵی مەسیحی لە ڕێگەی قوتابخانەدا شەهید و بریندار كران. دەیان موڵك و ماڵ و خانووی مەسیحییەكان دەستی بەسەردا گیرا.

بە خۆشحاڵییەوە بەهۆی پارێزراویی پێكەوەژیان و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و هەوڵی دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو كاتیش یەك كەنیسە و یەك مەسیحی لە هەرێمی كوردستان زیانی پێنەگەیشت. دەیان پێشمەرگە گیانی خۆیان كردە قوربانی لەپێناو پاراستن و ڕزگاركردنی گوند و شارۆچكە مەسیحییەكانی دەشتی نەینەوادا.

لە ئەنجامی هێرشەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی قاعیدەدا، دەیان هەزار مەسیحی ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون. مانگی حوزەیرانی 2014 بەهۆی هێرشی تیرۆریستانی داعشەوە بۆ سەر پارێزگای نەینەوا، لە شەو و ڕۆژێك دا 150 هەزار مەسیحی ڕوویانكردە هەرێمی كوردستان، تائێستاش 40%ی ئەو ئاوارانە نەگەڕاونەتەوە شوێنەكانیان لە پارێزگای نەینەوا و لە هەرێمی كوردستان دەژین.

ئێستا قەزای عەنكاوە یەكێكە لە گەورەترین شارە مەسیحییەكانی ڕۆژ‌هەڵاتی نێوەڕاست، كە 86 هەزار مەسیحی تێیدا نیشتەجێن. هەموو كاتێك عەنكاوە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە مامەڵەیەكی تایبەتی لەگەڵدا كراوە و لەلایەن خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە بە چاوی ڕێزەوە تەماشای كراوە.

بەڕێزان ..

پێویستە لێرەدا زۆر سوپاسی وەزارەتی ئەوقاف و وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەین كە هەمیشە مامۆستایانی ئایینی هان داوە بۆ بەهێزكردنی پێكەوەژیان. هەروەها زۆر سوپاسی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و مامۆستایانی ئایینی ئیسلام لە هەرێمی كوردستان دەكەم كە ڕێگر بوون لە بڵاوكردنەوەی وتاری دژایەتی و تێكدانی پێكەوەژیانی ئایینی لە كوردستان.

لە هەمان كاتدا سوپاسی مەتران و پیاوانی ئایینی مەسیحی دەكەین لە هەرێمی كوردستان كە بە هیچ شێوەیەك ڕێگەیان نەداوە بە هیچ دەنگ و كردەوەیەكی ئیستیفزازی، یان هەڵسوكەوتێك كە دڵی موسڵمانان یان ئایینەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان ئازار بدات و دژی هەموو گوفتار و كردارێكی بەو شێوەیە بوونە لە هەموو جیهان.

بەڕێزان ..

پێشكەوتن و سەركەوتن بە یەكڕەنگی دروست نابێت. فرەڕەنگی و هەمەڕەنگی، بووەتە مایەی پێشكەوتنی جیهان و مرۆڤایەتی. شەڕی نەتەوەیی و ئایینی و تاییفی، زۆر وڵاتی وێران كردووە و دوایخستوون. بەڵام ئەو گەلانەی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوەیی و ئایینیان هەیە، وڵاتەكانی خۆیان و جیهانیان پڕ كردووە لە پێشكەوتنی تەكنەلۆژی و لە شارستانی. ڕێگەی پێشكەوتنی وڵاتان و خۆشگوزەرانیی گەلان، زۆر بە ڕوونی دیارە كە ئەویش ئاشتی و یەكترقبووڵكردن و پێكەوەژیانە. ئێمە ڕێگەی ڕاست و ڕێگەی خوامان هەڵبژاردووە كە باوەڕمان بە پێكەوەژیانە.

خوای گەورە دەیتوانی هەموو مرۆڤەكان بە یەك نەتەوە و یەك زمان دروست بكات، بەڵام فرەیی كردە میكانیزمی پێشكەوتنی مرۆڤایەتی، ئەویش بە هاندانی مرۆڤەكان بۆ یەكترناسین و هاوكاری و پێكەوەژیان.

ئێستا كە ئەمڕۆ لە هەمان ئەو شوێنە و لەوبەری شەقامەكە، بەرامبەر ئەم كەنیسەیە جوانە مزگەوتێكی جوانیش دەبینین، ئاسۆیەكی ڕوون دەبینم بۆ بەهێزبوونی زیاتری پێكەوەژیان لە كوردستان. هیوادارم هەموو تاكێك، هەموو دایكوباوكێك لە ماڵ، هەموو مامۆستایەك لە قوتابخانە، هەموو كەسایەتییەكی ئایینی لە پەرستگە، ڕۆژانە وانەی جوانی پێكەوەژیان بڵێنەوە، ئەوە ویستی خوایە و ڕێگەی پێشكەوتنی كۆمەڵگەیە. دەبێ ئەو ڕێگەیە بەرنەدەین و زۆر بەهێزتری بكەین.

جارێكی دتر پیرۆزبایی كردنەوەی ئەو كاتێدراڵە و كۆمەڵگەیەتان لێ دەكەم و هەر بژین بە ئاشتی و خۆشی.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi