ئيرۆ120مین ساڵیادا ژدایکبوونا بارزانیێ نەمرە
باسنيوز:
ڕێکەوتی 1903/3/14 و 120 ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا مەلا مستەفا بارزانی، ڕێبەری بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە گوندی بارزان لەدایک بووە.
ژیانی منداڵی
مەلا مستەفای بارزانی، ناوی تەواوی ”مستەفا کوڕی شێخ محەمەد بارزانی”یە و لە 14ی ئاداری 1903 لە گوندی بارزان لەدایک بووە، لە تەمەنی سێ ساڵاندا مەلا مستەفا بەر ھەڵمەتێکی عوسمانییەکان دەکەوێت و دوای بەدیلگرتنی شێخ عەبدولسەلامی برای گەورەی، لەگەڵ دایکیدا بۆ ماوەی ٩ مانگ زیندانی دەکرێت.
سەرکردایەتیکردن
بارزانیی نەمر لە ساڵی 1919 بەشداریی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید دەکات و سەرکردایەتیی ھێزێکی 300 کەسیی پێ دەسپێردرێت، دواتر لە ساڵی 1920 لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانیی برایەوە دەنێردرێت بۆ لای شێخ سەعیدی پیران لە کوردستانی باکوور بە مەبەستی ھەماھەنگیکردن لەگەڵ شۆڕشەکەیدا.
لە شۆڕشەکانی ساڵی 1931- 1932 بۆ بەرگریکردن لە میحوەرەکانی ”مێرگەسوور و شێروان”، فەرماندەیی ھێزێکی گەورەی دەکرد کە بەرامبەر ھێزەکانی ئینگلیز دەجەنگان، لەوێشەوە ناوبانگی وەک سەرکردەیەکی سەربازیی بەتوانا و شارەزا دەرکرد.
لە ساڵی 1932 حکوومەتی عێراقی سەردەمی پاشایەتی، بە پشتیوانیی بەریتانیاییەکان، ھێرشیان کردە سەر ھێزەکانی کورد کە لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانیی برایەوە سەرکردایەتی دەکرا، دوای بەدیلگرتنی شێخ ئەحمەد، مەلا مستەفای بارزانی دەستی کرد بە سەرکردایەتیکردنی ھێزەکان و ڕێکخستنەوەیان.
دوای ساڵێک، حکوومەتی عێراق لێبووردنی گشتیی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە و بنەماڵەی بارزانییەکان دەرکرد، بۆیە لە ماوەی ساڵانی 1936 تا 1943 چالاکیی سەربازی لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە ڕاگیرا، تا لە ساڵی 1943 دووبارە بزووتنەوەی گەلی کورد و خەباتی پێشمەرگایەتی بە سەرکردایەتیی مەلا مستەفای بارزانی دەستی پێ کردەوە.
جەنگی جیھانیی دووەم
مەلا مستەفای بارزانی توانیی دۆخی جەنگی دووەمی جیھانی و کودەتاکەی سەر حکوومەتی عێراق کە بە سەرکردایەتیی بەکر سدقی بەڕێوە چوو، لە خزمەت دۆسیەی کورد بقۆزێتەوە و جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە بارزان، لەوێ ھەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتدا پچڕاند و داواکارییەکانی حکوومەتە لاوازەکەی بەغدای ڕەت کردەوە کە داوای دەکرد بزووتنەوە پێشمەرگایەتییەکەی ڕابگرێت.
حکوومەتی عێراق بەردەوام بوو لە سازشکردن تا ئەو کاتەی مەلا مستەفا توانیی ھەموو داخوازییەکانی ئەو کاتیان بەسەردا بسەپێنێت، ئەوە بوو ژمارەیەک ئەفسەری کورد ئیدارەی ناوچەکەیان بە سەرپەرشتیی وەزیرێکی کورد گرتە دەست و دواتر ئەو وەزیرە کوردە و ئەفسەرەکان لەبری حکوومەتی عێراق، فەرمانەکانیان لە مەلا مستەفای بارزانی وەردەگرت، شارەزایی سەربازیی ئەفسەرەکانیش لە کاروباری سەربازیدا سوودیان لێ وەرگیرا و توانرا ناوچەکە توندوتۆڵ بکرێت و ھێزێکی 2500 کەسیی پێشمەرگە پێک بھێنرێت، لە ئەنجامدا حکوومەتی بەغدا کۆنترۆڵی ناوچەکەی بەدەستەوە نەما.
بەڵام دوای ساڵ و نیوێک، حکوومەتی عێراق توانیی ھێزێکی زۆر کۆ بکاتەوە و ھێرش بکاتەوە سەر ناوچەی بارزان، لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوول و تا سەرەتای تشرینی یەکەمی 1945، شەڕێکی قورس ڕووی دا و ھێزەکانی پێشمەرگە بەرگرییەکی سەختیان کرد، دواتر کشانەوە بۆ ناوچەی (کانی ڕەش) لەسەر سنووری تورکیا.
دەبێتە جەنەڕاڵ و فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان
لە 15ی ئابی 1945 لە ئێرانەوە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندرا، دوای ماوەیەکی کەم، سەدای پارتی گەیشتە ناوچەکانی کوردستان و توانرا چەندین بڵاوکراوە بە خەڵکی کوردستان بگەیەنرێت، بۆیە حکوومەتی عێراق دەستی کرد بە دەستگیرکردنی ئەندامانی پارتی.
لە 22ی کانوونی دووەمی 1946 لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستاندا لە مەھاباد، مەلا مستەفا لە لای دەستە ڕاستی قازی محەمەد وەستابوو، لەوێدا بە فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان دەستنیشان کرا و پلەی “جەنەڕاڵ”ی پێ بەخشرا.
لە ساڵی 1945 و دوای کۆتاییھاتنی جەنگی دووەمی جیھانی و کشانەوەی ڕووسیا لە ئێران و کۆتاییھاتنی کۆماری کوردستان لە مەھاباد، لە نێوان ھێزەکەی مەلا مستەفا و ھێزەکانی ئێراندا پێکدادان و شەڕ سەری هەڵدا، سەرەنجام ھێزەکانی کوردستان دوای بەرگرییەکی توند توانییان خۆیان بگەیەننە ناوچەکانی سنووری یەکێتیی سۆڤیەتیی جاران و ماوەی 12 ساڵ لەو وڵاتەدا مانەوە. لە سەرەتاوە مەلا مستەفا لە ئازەربایجان و ئۆزبەکستان نیشتەجێ بوو، پاشان بۆ مۆسکۆ گواسترایەوە و لەوێ زمانی ڕووسی و ھونەرە سەربازییەکان و زانیاریی ئابووریی خوێند. لە 26ی تشرینی یەکەمی 1958دا گەڕایەوە عێراق. ئەویش پاش شۆڕشی 14ی تەمووز بوو کە عەبدولکەریم قاسم دەسەڵاتی لە عێراقدا گرتبووە دەست و سیستەمی کۆماری ڕاگەیاندبوو. لە کاتی گەڕانەوەیدا ڕێزێکی زۆری لێ نرا و بەشکۆوە پێشوازیی لێ کرا، بەڵام بەھۆی پابەندنەبوونی حکوومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم بەو بەڵێنانەی بە کوردی دابوو و ھەڵگیرساندنی جەنگ لە دژی کورد، لە ئەیلوولی 1961دا مەلا مستەفا بارزانی شۆڕشی دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا ڕاگەیاند، لە بەگژداچوونی دژی دەسەڵاتدارانی عێراقدا ھەتا 11ی ئاداری ساڵی 1970 بەردەوام بوو.
ڕێککەوتننامەی ئادار
لە ساڵی 1968 گۆڕانکاری بەسەر سەرکردایەتیی عێراقدا ھات و کودەتای دووەمی بەعسییەکان کرا، مەلا مستەفای بارزانی و حکوومەت دەستیان بە گفتوگۆ کرد، بەرھەمی گفتوگۆکان ڕێککەوتنی ئاداری 1970ی لێ کەوتەوە کە بەپێی بڕگە و ماددەکانی ئەو ڕێککەوتنە، کورد ھاوبەش دەبێت لە حوکمڕانیی عێراق و زمانی کوردییش لە دامودەزگاکانی فێرکردن، دەبێتە زمانی فەرمی، جگە لەوەی سیستەمی حوکمی زاتی لە کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت و کورد لە ناوچەکەی خۆیدا حوکمی خۆی دەکات، بەڵام دواتر حکوومەتی عێراق خۆی لە ڕێککەوتنەکە دزییەوە و پاشان لەگەڵ ئێران لەسەر دژایەتیکردنی کورد ڕێک کەوتن و لە ساڵی 1975 ڕێککەوتننامەی جەزائیریان واژوو کرد.
لە ھەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاری دەبێت
لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 29ی ئەیلوولی 1971، ھەوڵی تیرۆرکردنی مەلا مستەفای بارزانی دەدرێت. لەم بارەیەوە سەیف دووری، مێژوونووسی عێراقی ئاماژەی بەوە داوە: ”لە 29ی ئەیلوولی ساڵی 1971 و دوای ساڵ و نیوێک لە واژووکردنی ڕێککەوتننامەی ئاداری 1970ی نێوان کورد و حکوومەتی ئەوکاتی بەغدا، نازم گزاز، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی گشتیی عێراق ھەوڵی تیرۆرکردنی مەلا مستەفای بارزانی، سەرکردەی کوردی دا و ھەوڵەکەی شکستی ھێنا.
ھەوڵەکە لە ڕێگەی شاندێکەوە بوو کە لە 10 پیاوی ئایینی پێک ھاتبوو، ئەوان لە بەغداوە چوون بۆ سەردانی بارزانی بۆ نێوانگیری و ڕاگرتنی شەڕی نێوان شۆرشگێرانی کورد و سوپای عێراق.
شاندی پیاوە ئایینییەکان لە کاتژمێر 4:45 خولەکی ئێوارە، بە دوو ئۆتۆمبێل گەیشتوونەتە بارەگای سەرکردایەتی لە حاجی ئۆمەران.
مێژوونووسە عێراقییەکە دەڵێت: “نازم گزاز، ئامێرێکی تۆمارکردنی دا بە یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە و پێی گوت، سەرکردایەتیی حزبی بەعس دەیەوێت گوێی لە گفتوگۆکانی بارزانی بێت. ئەو بەو ئەندامەی شاندەکەی گوتبوو، لە بەردەمی بارزانی دانیشە و ھەر دەستی بە قسەکردن کرد، دەست بە دوگمەی ئامێری تۆمارکردنەکەدا بنێ بۆ ئەوەی دەنگی بارزانی تۆمار بکەی، ئەو کاتەی کە مەلا مستەفا دەستی بە قسەکردن کرد، دەنگێکی بەھێز ھات و دووکەڵ چوو بە ئاسماندا و شووشەی پەنجەرەکان شکان”، بەڵام پیلانەکە سەری نەگرت و بارزانیی نەمر لە تیرۆرکردن ڕزگاری بوو.
نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی
مەلا مستەفای بارزانی لە دوای ساڵی 1975 تووشی نەخۆشی دەبێت، بۆیە بە مەبەستی چارەسەرکردن دەچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام لە ساڵی 1979 کۆچی دوایی دەکات، دواتر تەرمەکەی بۆ کوردستانی ڕۆژھەڵات دەگەڕێننەوە و لە ناوچەی شنۆ بە شێوەیەکی کاتی بەخاک دەسپێردرێت، دوای ڕاپەڕین لە ڕێوڕەسمێکی گەورەدا ڕوفاتەکەی بۆ ناوچەی بارزان گەڕێندرایەوە.
ئێستا مەزارگەی مەلا مستەفا بارزانی بووەتە شوێنێک کە ھەموو ساڵێک لە ساڵیادی کۆچی دواییکردنیدا نیشتمانپەروەرانی کورد لە تەواوی ناوچەکانی کوردستانەوە وەک نەریتێکی ساڵانە ڕوو لە دەڤەر و گوندی بارزان دەکەن. ڕۆژانە قوتابییان، مامۆستایان، ڕۆشنبیران، پێشمەرگە، ئافرەتان و سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان وەک ڕێزگرتنێک لە خەباتی چەندان ساڵەی مەلا مستەفا بارزانی دەچنە سەر مەزارەکەی و نزای خێر و خۆشی بۆ نیشتمان دەکەن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی