كانونی یه‌كه‌م 07, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

ڕێڤه‌به‌رێ گشتى يێ کاروبارێن کریستیانان: 70٪ـکریستیان چووينە دەرڤه‌ى عێراقێ

ڕێڤه‌به‌رێ گشتى يێ کاروبارێن کریستیانان: 70٪ـکریستیان چووينە دەرڤه‌ى عێراقێ

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کریستیانەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە ساڵی 2003ـەوە نزیکەی ملیۆنێک و 300 هەزار کریسیتان کە دەکاتە رێژەی 70٪ـی کۆی کریستیانەکان، عێراقیان بەجێهیشتووە. دەشڵێت، “لە دوای هێرشەکانی داعش لە حوزەیرانی 2014ـەوە، 138 هەزار کریستیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و نیوەیان کۆچیان کردووە بۆ دەرەوە.”

رۆژی سێشەممە، خالید جەمال ئەلبێرت، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کریستیانەکان لە وەزارەتی ئەوقاف لەبارەی کۆچی کریستیانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “بەپێی ئامارەکان، لە پێش ساڵی 2003 نزیکەی یەک ملیۆن و 800 هەزار کریستیان لە عێراق دەژیان، ئێستا ئامارەکان بەپێی کەنیسەکانمان نزیکەی 500 هەزار کەسیان لێ ماونەتەوە، واتە یەک ملیۆن و 300 هەزار کەس کۆچیان کردووە.”

بەپێی ئامارەکانی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئەو کریستیانانەی لەماوەی 19 ساڵی رابردوو لە عێراقەوە کۆچیان کردووە، رێژەی زیاتر لە 70٪ـی کریستیانەکانی عێراق پێکدەهێنن و ئەوانەی ماونەتەوە کەمتر لە 30٪ دەبن.

بەرپرسەکەی وەزارەتی ئەوقاف روونیشیکردەوە، “تەنیا لە حوزەیرانی ساڵی 2014ـەوە کە داعش هێرشی بۆ سەر پارێزگای نەینەوا کرد و ئاوارەبوون دەستیپێکرد، نزیکەی 138 هەزار کریستیان ئاوارەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بوون، لەو ژمارەیە 70 هەزاریان کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی عێراق، لەوەی کە ماوە نزیکەی نیوەیان گەڕاونەتەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان و ئێستا تەنیا 30 هەزار خێزان لە هەرێمی کوردستان ماون.”

سەبارەت بە ژمارەی گشتیی کریستانەکان لە هەرێمی کوردستان، خالید جەمال ئەلبێرت دەڵێت، “نزیکەی 300 هەزار کریستیان لە هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا هەن، هەرچەندە ئاماری تەواو و دروست لەبەردەستدا نییە، چونکە بەداخەوە هەرچەندە داتابەیسێکی تەواومان لانییە لەبارەی کۆچکردن و چوونەدەرەوەی کریستانەکان، بەڵام شەپۆلێکی دیکەی کۆچکردن لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە دەستیپێکردووەتەوە و کریستیانەکان دەچنە دەرەوە، بەپێی زانیارییەکان، مانگانە لەنێوان 5 بۆ 6 خێزان ناوچەکانی خۆیان بەجێدەهێڵن، تەنیا ئاوارەکان و دەشتی نەینەوا نین، بەڵکو ئەوانەن کە دانیشتووی رەسەنی ناوچەکەشن.”

بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کریستیانەکان لە وەزارەتی ئەوقاف روونیشیکردەوە، “لەدوای رووداوەکانی ساڵی 2006 و دواتر، 250 هەزار کریستیان لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەوە هاتنە هەرێمی کوردستان، بەڵام لەو ژمارەیە نزیکەی نیوەیان کۆچیان کردووە.”

شەڕەکانی ئێران و عێراق و کەنداو و گەمارۆی ئابووریی سەر عێراق دیارترین ئەو هۆکارانەی پێش ساڵی 2003ـن کە پاڵنەری کۆچکردنی کریستیانەکان بۆ دەرەوەی وڵات بوون.

لە دوای ساڵی 2003شەوە هۆکارەکانی ناسەقامگیریی دۆخی سیاسی و ئاسایشی عێراق و شەڕی تائیفیی 2006 تاوەکو 2008 و دواتر شەڕی داعش و پاشان مامەڵەی هەندێک گرووپی چەکداری شیعە، هۆکاری کۆچکردنی کریستیانەکان بوون بۆ دەرەوەی عێراق.

مانگی ئاداری ئەمساڵ پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان سەردانی هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد و داوای لە کریستیانەکان کرد شوێنی رەسەنی خۆیان جێنەهێڵن، داوای لە بەرپرسانی عێراقیش کرد کار بۆ پاراستنی مافی کریستیانەکان بکەن.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi