شاندهكێ حكوومەتا هەرێما كوردستانێ دێ سەرهدانا بەغدا كهت
وشه:
بەر لە پێكهاتنی حكوومەتی نوێ عێراق و لە میانی گفتوگۆكاندا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ رازیكردنی كورد و سوننە چەندا بەڵێنی داوە، لەوانە چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و بەغدا، دوای ئەوەی لە 27ی تشرینی یەكەمی رابردوو حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی هاتە پێكهاتن، بەڵێنی دا بەرژدی هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا بەپێی دەستوور بدات، لەو ناوەدا بڕیارە شاندێكی حكوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بدات.
ئەمڕۆ هەینی ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بە فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەفتەی داهاتوو شاندێكی ویزاری سەردانی بەغدا دەكات.
زیاتر گوتی، بڕیارە سەردانی شاندەكە بكەوێتە رۆژانی سێشەم یان پێنجشەنی هەفتەی داهاتوو، مەبەست لە سەردانەكەش وتوێژكردنە سەبارەت بە ماف و شایستە داراییەكانی كورد، كە لە میانەی گفتوگۆكانی پێشوودا شاندە سیاسییەكانی كورد لەگەڵ سوننە و شیعە لە بەغدا رێككەوتنی لەبارەوە كردووە.
ئێستە وەزارەتی دارایی عێراق سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2023یە، كە تیایدا پشكی هەرێمی كوردستان و شایستە داراییەكانی بەپێی رێژەی دانیشتووانی دیاری دەكرێت و ساڵانە مشتومڕ لە نێوان هەولێر و بەغدا لەو بارەوە هەبووە، بەتایبەتی بەهۆی نەوت و غازی هەرێمی كوردستانەوە.
دوێنێ پێنجشەم سەرچاوەیەك بە “وشە”ی راگەیاندبوو كە بڕیارە سێشەمی داهاتوو شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەغدا بكا و لەگەڵ سەرانی ئەوێ كۆ ببنەوە، شاندەكە بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پرسی نەوت و غاز دەچێتە بەغدا و تەوەری سەرەكی سەردانەكە دەبێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی