زیان و ئهنجامێن تەلاق و جوودابوونێ چینه؟
وشه:
زۆر کات لە نێوان ھاوسەرەکاندا ناخۆشی ڕوودەدات و ھەندێک جار دەگاتە حاڵەتی جیابوونەوە و لەیەک ترازانی خێزان لێرەدا دەرئەنجامە خراپەکانی دەخەینە ڕوو:
دەرئەنجامە خراپەکانی جیا بوونەوە لەسەر منداڵ:
منداڵ لە ژێر چەتری یەک خێزاندا کە دایک و باوک تەبا بن منداڵێکی تەندروست گەورە دەبێت لە ڕووی ئەقڵی و جەستە و پەروەردە و فێرکردن و کۆمەڵایەتی، بە پێچەوانەوە ئەگەر لە خێزانێکی پەرتەوازە و جیابووەوە گەورە بێت کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر منداڵ لەو کاریگەریە خراپانەش:
دودڵی و خەمۆکی:
دوای جیا بوونەوەی دایک و باوک کاریگەری توندی دەبێت لەسەر ھەست و سۆزی منداڵ بە تایبەت ئەگەر لەبەردەمی منداڵەکەیان شەڕ بکەن و ببێت بە دەمە قاڵەیان لەو کاتەدا منداڵ سەرزەنشتی خۆی دەکات و توشی دودڵی و خەمۆکی دەبێت و دەشڵەژێت نازانێت لایەنی کامیان بگرێت و کامیان ھەڵبژێرێت فشارێکی دەروونی خراپی لەسەر دروست دەبێت، ھەروەھا لە کاتی خەوتندا خەوی لێ ناکەوێت، لە خوێندنگە دوا دەکەوێت و ئاگای لە وانەکانی نابێت یان پەنا بۆ کاری خراپ دەبات وەک خواردنەوە و ئازاردانی خۆی، کەم خۆراکی، و لەناو خەڵکدا ھەست بە کەمی دەکات.
پیَوەندی کۆمەڵایەتی نا تەندروست:
جیا بوونەوەی دایک و باوک کاریگەری کۆمەڵایەتی ھەیە لەسەر منداڵ تەنانەت لە تەمەنی گەورەیشدا، زۆر کات پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی بەردەوام نابن، ئەو کەسەی کە دایک و باوکی جیا بووەتەوە کاتێک کە ھاوسەرگیریش دەکات وابیر دەکاتەوە ھەر کات بیەوێت دەتوانێت ئەو پەیوەندیە ھەڵبوەشێنێتەوە، توێژینەوە دەریخستوە کە ئەو کەسانەی دایک و باوکیان جیا بوونەتەوە زۆرترین ئەو کەسانەن کە لەگەڵ ھاوسەرەکانیان جیا دەبنەوە.
لایەنی ئەرێنی جیابوونەوە:
لایەنی ئەرێنیەکانی جیا بوونەوە لەسەر منداڵ نە درێژایی تەمەنی ئەوەیە کە لە ناو پەیوەندیەکدا ناژی لە ماڵێکدا کە خۆشەویستی و ڕێزگرتن و متمانەی تێدا نەبووە، بۆی ڕوون دەبێتەوە کە ژیانی ھاوسەر گیری لەسەر بنەمای ڕێز و خۆشەویستی دەمێنێتەوە.
زۆر کات جیا بوونەوە چارەسەرێکی باشترە لە مانەوە لە ماڵێکدا کە زۆربەی کات شەڕ و ئاژەوەی تێدا بێت، بۆیە منداڵیش ئارام تر دەبێت کە دایک و باوکی دوور لە یەک بە بێ کێشە ببینێت دوور لە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی کە بەھۆی ھاوسەرگیریەکی سەرنەکەوتووەوە دروست بوو بوو.
زیانەکانی جیابوونەوە لەسەر ژن:
دەرکەوتووە کە زیانی جیابوونەوە زیاتر کاریگەری ھەیە لەسەر ژن لەڕووی دەروونی و دودڵی و بێتاقەتی و تەندروستیەوە وەک لە پیاو، لەبەر زۆر ھۆکار وەک لایەنی پارە، چونکە زۆر کات منداڵەکان دەکەونە ئەستۆی ژن ئەگەر کاری نەبێ دەبێت بە دوای کاردا بگەڕێ، وە لەبەر ئەوەی بەرپرسیارێتی دایک زیاترە لەسەر شانی وەک لە باوک بۆیە گران دەبێ لەسەری بژێوی منداڵەکانی و کارکردنی پێکەوە. ھەروەھا لە ڕووی ھەست و سۆزەوە پیاوان زووتر ژن ھێننەوەو ژیان پێکدەھێننەوە وەک لە ژن چونکە ژن تا ماوەیەکی زۆر لە خەم و ون بونی سۆزدا دەژی.
زیانەکانی جیابوونەوە لەسەر تەندروستی:
جیانوونەوە کاریگەری لەسەر تەندروستیش دەبێت لەوانە:
دوودڵی: ئەو کەسانەی جیا دەبنەوە ڕێژەی دوودڵی و فشاریان لەسەر زیاد دەبێت، چونکە ھەست دەکەن تەنیان لەم دنیایەدا و ئەو خەونانەی پلانیان بۆ داناوە لەگەڵ ھاوسەرەکانیان ھەموویان لە دەست چووه.
جیاوازی ڕوون لە کێشی لەش: ھەندێ کەس کێشی لەشیان زیاد دەکات بەھۆی ئەوەی کە ھەست بە ئارامی و دڵخۆشی دەکەن زۆر دەخۆن، ھەندێکیش کێشی لەشیان زۆر کەم دەبێتەوە بە ھۆی کەم خواردن و خەم خواردنیانەوە.
تووش بوون بە نەخۆشی درێژخایەن: زۆر کات لە دوای جیا بوونەوە تووشی بەرز بوونەوەی پەستانی خوێن دەبن یان تووش بوون بە نەخۆشی شەکرە، یان بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆلیستڕۆڵ و زیاد بوونی چەوری لە ناوچەی ورگ و زۆر کات نەخۆشی ترسناک وەک جەڵتەی دڵ و نەخۆشیەکانی دڵ.
خەمۆکی: بەھۆی سەرنەکەوتنی پرۆسەی ھاوسەرگیریەوە ئەو کەسە تووشی بێ ھیوایی و بێ باوەڕبوون بە خۆی دەبێت بە تایبەت ئەگەر ھۆکارەکە ئەوە بووبێت یەکێکیان ناپاکی کردبێت.
کەم خەوی و خەو بینینی ناخۆش: کەم خەوی زۆر باوە لە نێوان ئەو کەسانەی جیا دەبنەوە، خەوی ناخۆش دەبینن بەھۆی ئەو خەمۆکیەی کە توشیان دەبێت دوای جیابوونەوە، خەمۆکی گرنگترین ئەو ھۆکارانەیە کە دەبێتە ھۆی خەو بینینی ناخۆش.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی