دابەشنەکرنا عێراقێ.. سەربەخۆییا کوردستانێ
ئازا حەسیب قەرەداخی
سەید (عمار الحکیم) سەرکردایەتیی وەفدێکی باڵای هاوپەیمانێتیی نیشتمانیی عێراقی کرد بۆ هەولێر و، لەلایەن سەرۆک بارزانی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پیشوازی کرا و کۆبوونەوەیەکیش گرێ درا.
دوا بە دوای ئەوەش کۆبوونەوەیەکی فراوان لەنێوانی ئەو وەفدە و نوێنەرانی گشت حزب و پێکهاتەکانی کوردستان، جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان، کرا. پێشتر ئەم هاوپەیمانێتییە لە ٣٠/١٠/٢٠١٦دا دەستپێشخەرییەکی کردووە بە ناوی (التحالف الوگنی العراقی للتسویە الوگنیە – هاوپەیمانێتیی نیشتمانیی عێراقی بۆ چارەسەری نیشتمانیی). خۆی وەسفی کردووە بەوەی دیدگا و ئیرادەی هێزەکانی هاوپەیمانێتیی نیشتمانیی عێراقییە بۆ چارەسەری نیشتمانی کە ئاشتبوونەوەی عێراقی لێ دەکەوێتەوە.
ئامانجیش لە م دەستپێشخەرییە پاراستنی یەکێتیی خاکی عێراق و پتەوکردنی ئەو یەکێتییەیە. ئەو دەستپێشخەرییە کە بۆ چارەسەری کێشەکانی عێراق و بەرپاکردنی ئاشتەواییە، لە ناوەرۆکدا پرۆژەی سەرلەنوێ دروستکردنەوەی عێراقە پاش ئەو هەموو نەهامەتییە لەسەر بناغەی گوتارێکی عاتیفی عێراقچێتی بە روانگەیەکی شیعانە. بۆیە یەکەم پرسیار کە رووبەڕووی خاوەنانی پرۆژەکە دەبێتەوە ئەوەیە، کە ئایا بۆ چەندەمین جار ئێمەی کوردستانیان عێراقتان لەگەڵ دروست بکەینەوە و ئێوەی نوخبەی سیاسیی عەرەب، بە سوننە و شیعەتانەوە لە خوێنی هەڵدەكێشنەوە و وێرانی دەکەنەوە و سیاسەتی جینۆساید و برسیکردن بەرامبەر گەلەکەمان بەرپا دەکەنەوە؟! هەر لەوەوە کە دەستووری عێراق وەکوو بنەما بۆ رێکخستنەوەی عێراق و بەرپاکردنی ئاشتەوایی و دامەزراندنی پەیکەری دەستەڵاتەکان و دابەشکردنی عادیلانەی سامان، فەرامۆش کراوە و دەستپێشخەری و پرۆژەی دیکە دەهێنرێتە ئاراوە، ئەوە مانای وایە کە جێگرەوە بۆ هەموو بنەماکانی ئەو گرێبەستە دادەنرێ کە بە تەوافوق لەسەری رێککەوتووین.
ئەمەیش خۆی لە خۆیدا مایەی دڵەڕاوکێ و مەترسییە نەک دڵنیایی بۆ ئایندە. لە خاڵی دووەمی دەستپێشخەرییەکەوە کرۆکی ئەم پرۆژەیە ئاشکرایە کە بۆ پاراستنی یەکێتیی عێراق و پتەوکردنیەتی. دواییش لە چەندین خاڵدا زۆر کۆنکرێتییانە دووپاتی دەکاتەوە (نابێ بە هیچ شێوەیەک عێراق دابەش بکرێ)، ئەم دووپاتکردنەوەیە تەنیا رووی لە کوردستانیانە کە ئامانجیان سەربەخۆییە و برا شیعەکانمان بە دابەشکردنی عێراق لە قەڵەمی دەدەن. لە پرۆژەکەدا بانگەشەی دامەزراندنی دەوڵەتی مەدەنی و هاووڵاتی دەکەن لە جیاتی عێراقێکی بەشبەشکراو، بەڵام هەرگیز دان بەوەدا نانێن کە “رۆڵەکانی عێراق” بە شێوەیەکی راستەقینە و هاوسەنگ بەشدار بن لە دەستەڵات و سامانیدا.
بەڵکو بە پێچەوانەوە لە هەموو دێڕەکانی پرۆژەکەدا هەست بە دەنگی براوە بەرامبەر دۆڕاو دەکەین. بە واتایەکی دیکە ئەو عێراقەی ئەم پرۆژەیە دایدەمەزرێنێ، هیی هاوڵاتییە براوەکان “شیعە” و هاووڵاتییە دۆڕاوەکانە “سوننە و کورد و ئەوانی دیکە”.
داڕێژەرانی ئەم پرۆژەیە شیعەیەتی خۆیان فەرامۆش نەکردووە. زۆریان دووپات کردۆتەوە کە ئەم پرۆژەیە و هەرچییەک دەکرێ بە موبارەکەی مەرجەعییەت دەبێ. بەڵام نازانرێ کام مەرجەعییەت؟! پاراستنی رەمز و شوێنە پیرۆزەکانی شیعەیشیان زۆر بەلاوە گرینگە. بەڵام هیچ ئاماژەیەک ناکەن بۆ پیرۆزییەکانی ئایین و ئایینزاکانی دیکە و سیمبوولە نەتەوەییەکانی کورد و نەتەوەکانی دی.
لای هەموومان زانراوە کە شەپۆلی ئیرهاب لە عێراقی دوای رووخانی رژێمی سەددام، تائیفییەت و مەزهەبگەرایی دروستی کردووە و دەرەنجام داعشی بەرهەم هێنا و عێراق و ناوچەکە و جیهانیشی خستە بەردەم مەترسییەکی راستەقینە و، تاکو ئێستایش لەناو نەچووە. بەڵام خاوەنانی ئەم پرۆژەیە پابەندبوونیان بە مەزهەبەکەیانەوە وای لێ کردوون هیچ لەبارەی تائیفییەتەوە نەڵێن. پرۆژەکە باسی بە سفرکردنی کێشەکان دەکات، بێ ئەوەی بزانرێ بە چ میکانیزمێک کێشە زۆر و زەوەندەکانی ناو عێراق سفر دەکرێ.
ئایا لاپەڕەکان هەڵدەدرێننەوە و دەگوترێ ئەوەی چوو چوو با برینەکان نەکولێنینەوە و رۆژگارێکی نوێ دەست پێ بکەین؟! ئەمان کە دەستوور بە بنەما نازانن بۆ چارەسەری کێشەکان و تەنیا لە یەک جێدا ناوی دەهێنن کە داوا دەکەن هەموار بکرێتەوە، کەواتە چ زەمانەتێک هەیە کە ئەگەر لاپەڕەکانمان هەڵدایەوە و لە نوێوە دەستمان پێکردەوە، هەمان کارەسات نانووسنەوە؟! لەم پرۆژەیەدا پشت لە بنەمای توافق کراوە و پشت بەستراوە بە زۆرینە و کەمینەی ئیستحقاقی هەڵبژاردن و ئیلتیزامکردن بە دەرەنجامەکانییەوە.
ئێ لەمەیش روونتر ناگوترێ کە زۆرینە شیعە و کەمینەیش ئەوانی تر. خۆ ئەگەر خواوڕاستان شیعە و سوننە کێشەکانی نێوانیان “دیرۆکی و نوێ” سفر کرد، ئەوسا زۆرینەی عەرەب و کەمینەی زۆر کەمی کورد و ئەوانی دیکە، ئیستحقاقی هەڵبژاردن دەبن و دەشبێ لە دەستەڵات و ساماندا پێوەی پابەند بین. لەم پرۆژەیەدا، لەم سەروەختەدا کە ئەوان هاتوون پێکەوە چارەسەری کێشەکان بکەین و پێکەوە عێراق بنیات بنێینەوە. ئینجا باسی زۆرینەی هەڵبژاردن دەکەن!! باسی هەرگیز دابەشنەکردنی عێراق دەکەن!! تەنانەت نەیانتوانیوە دڵنەواییمان پێ ببەخشن و هێندەی تۆزقاڵێ هاوسۆزیی خانەوادەی پێشمەرگە شەهیدەکانمان و پاڵپشتی پێشمەرگەکانی کوردستان بن.
ئەوان لە پرۆژەکەیاندا ئەوەیان نادیدە گرتووە کە دوو ساڵ زیاتر پێشمەرگەی کوردستان تاکەهێزی شەڕکەری کردەنی بوو بەرامبەر بە داعش و ئەو ئەفسانەیەی تێکشکاند و، هەموو دەروازەکانی بۆ سوپای عێراق کردەوە کە هێرش ببات بۆ ناو موسڵ، بۆیە ناوی پێشمەرگە لە دواوەی هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی و رۆڵەکانی عەشایەر هاتووە.
ئەمە کەمکردنەوەیە لە رۆڵی پێشمەرگە و قوربانییەکانی. کەمکردنەوەیەکی بەئەنقەستە و پەیامێکیشی پێوە نێردراوە بۆ گەلی کوردستان. خاوەنانی ئەم پرۆژەیە زۆریان پەیام ناردووە بۆ گەلی کوردستان.
ئەوان بەهیچ کلۆجێ بەرپرسیارێتیی ناوهێنان یان قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی کوردستان و راگواستن و تەعریب، ناخەنە ئەستۆی خۆیان و تەنانەت هیچ میکانیزمێکیش بۆ چارەسەری ئەو رابردووە لەبیرنەکراوە دانانێن. تەنانەت کێشەی رابردوو و ئێستای فەیلییەکان جێی بایەخی برا عەرەبە هاو مەزهەبەکانیان نییە لەم پرۆژەیەدا چونکە بە نەتەوە کوردن.
لە پرۆژەکەدا شادەماری هەموو مافە سیاسییەکان کە ئابوورییە و لە ئابووریی دەوڵەتێکی وەکوو عێراقیشدا کە دەوڵەتێکی رەیعییە، بەهیچ جۆرێ ئاماژە نەکراوە بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز. لە دەستپیشخەرییەکەی هاوپەیمانێتیدا عێراق کە دەوڵەتی فیدرالی فرەنەتەوەیە، ئاماژە نەکراوە بۆ مەحکەمەی فیدرالی وەکوو زامنێک بۆ رێگەگرتن لە پیشێلکردنی ماف و دەسەڵاتەکانی هەرێم و پارێزگا فیدرالییەکان لەلایەن حکوومەتی ئیتیحادییەوە.
زۆری تریش هەن لەبارەی ئەم پرۆژەیەوە بگووترێن. سەرەڕای ئەوەی کە پێویستە پێشوازی لە هەموو دەستپێشخەرییەک بۆ چارەسەر بکرێ و پشتی تێ نەکرێ. یان بە موقاتەعە و موتارەکە لەگەڵ پێکهاتە سیاسییەکانی عێراقدا مامەڵە بکرێ.
بەڵام باشترین وەڵام ئەوەیە کە سەرۆک بارزانی پێی راگەیاندوون (کورد هەموو هەوڵێکی دا بۆ بنیاتنانی عێراقی نوێ، بەڵام بە نانبڕین و تێکدانی شەراکەت و ئینکاریی مافەکانمان وەڵام دراینەوە، بۆیە هەر چارەسەرێک هەبێت دەبێ بە شێوەیەک بێ، کۆتایی بە سەرهەڵدانەوەی کارەسات و نەهامەتی لە دژی گەلی کوردستان بێت). لەسەر ئەم بنەمایەش ئەوان کە هاتبوون باسی پاراستنی یەکێتیی خاکی عێراق و دابەشنەکردنیان کرد. وەفدی هەموو حزبەکانی کوردستان باسی سەربەخۆییی کوردستانیان لەگەڵ کردن.
سەرچاوە-ڕۆژنامەی هەولێر
ئهڤ گۆتار ل مالپهرێ پارتى ديموكراتى كوردستان،ل 6/2/2017ێ هاتيه بهلاڤكرن
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی