ته‌مموز 31, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

عەبدولرەزاق عەلی:باژێرێ شنگال پاش ساله‌ك ژ رزگاركرنێ

باژێرێ شنگال پاش ساله‌ك ژ رزگاركرنێ

عەبدولرەزاق عەلیimagethumb
دوێنێ، 13/11، ساڵێكی تەواو تێپەڕی بەسەر ڕزگاركردنی سەنتەری شاری شنگالدا لە چنگی ڕەشی تیرۆریستانی داعش. ئەگەرچی، ڕزگاركردنی هەر بستە خاكێكی كوردستان لە دەست داگیركەران، ئەركی هەرە پیرۆزی و نیشتیمانیانەی پێشمەرگەی كوردستانە، وەلێ ڕزگاركردنی شنگال، مانا و مەغزا و كارگەریی، دواجار ڕەمزییەتی خۆی هەیە.

ئەو ڕەمزییەتەی تیرۆریستان و ناحەزانی كوردستان، پێش دۆستان و یارانی كوردستان هەستیان پێدەكرد، هەر بۆیە، ئەو هەوڵەی تیرۆریستان و پشتیوانەكانی دایان بۆ ئەوەی شنگال لە دەست نەدەن، ئەو تاوانانەی تیرۆریستان بەرانبەر شنگالییان ئەنجامیدان، ئەو كارەی داعش بە دەڤەری شنگالی كردووە بە تایبەتی نێو جەرگەی شاری شنگال، باوەڕ ناكەم بەرانبەر هیچ خەڵكێكی تر و شارێكی تری كردبێت.

وەك چۆن، تا دنیا ڕەفتاری داعشی بەرانبەر كوردانی ئێزدیی نەبینی، خەبەری نەبووەوە، ئەوهاش تا مرۆڤ بەچاوی خۆی شنگال نەبینێت، نە دەزانی داعش چەند هوڤییە، نە دەركیش دەكات تیرۆریستانی داعش، چۆن و چەند و بۆچی ئەوەندە ڕقیان لە هەموو كوردە، نەخاسمە كوردانی ئێزدی.

دیمەنەكانی سەر ئەرز لە شنگال پێمان دەڵێن، داعش وا نەچووبووە شنگال تا چۆڵی بكات، ئەوە شەقی پێشمەرگە مەردەكانی كوردستان بوو، وایكرد، لە شنگالدا، تیرۆریستان باجێكی زۆری تاوانەكانیان بدەن. مانا و مەغزا و كاریگەرییەكانی ڕزگاركردنی شنگال و قاودانی خەلافەتەكەی ئەبوبەكر بەغدادی تاوانباریش لە لایەن پێشمەرگەی كوردستانەوە لەو دەڤەرە، ئا لەمەدایە.

ڕەمزییەتی ڕزگاركردنەكەش، لە ڕەمزییەتی مەزڵومییەت و قەوارەی تاوانەكانی داعشدایە.

پاش ساڵێك لەو داستانەی پێشمەرگە و كوردانی ئێزدی، چەند پرسێك هەیە كە مرۆڤ هێندەی لە دەست دێت، هیوا بخوازێت، ئەم پرسانە، تا داهاتنەوەی ساڵوەگەڕی داهاتوو چارەسەر بووبن.

یەكەمین پرس، بگرە پرسی هەرە سەرەكی لای كوردانی ئێزدی، ئەڵبەت لای هەموو كوردستانیانیش هەروایە، پرسی ئەو منداڵە چاوگەش و ئافرەتە ڕووسوورانەمانە كە تا ئێستا لە دەستی تیرۆریستاندا ماون. ئاماری ورد نییە، وەلێ باس لەوە دەكرێت تا ئەمڕۆ، هێشتە نێزیكەی سێ هەزار منداڵ و ئافرەت دیلی دەستی داعشن، تا ئەوانەش ڕزگار نەكرێن، هیچ كوردستانییەك بێخەم نابێت. خەمی گەورە و برینی بەسوێی كوردانی ئێزدیی دیلەكانمانن.

پرس و خەمی دووەم، ڕزگاركردنی ناحیەی گرگزێر و ئەو كۆمەڵگە و گوندانەی لە ڕۆژهەڵاتەوە تا ڕۆژئاوای شار بە باشووریشەوە، هێشتە لە بندەستی تیرۆریستان داعشدان. ئەو خاكەی كوردستان كە لە دەستی داعشدا ماوە، لە لایەنی ڕووبەر و ژمارەی دانیشتووانەوە، هیچی وای كەمتر نییە لەو ڕووبەر و دانیشتووانەی ڕزگاركراون.
سێیەمین، ئاوەدانكردنەوەی دەڤەرەكە و گەڕانەوەی خەڵكەكە و كۆتاییهاتنی ژیانی كولەمەرگیی ئاوارەیی و بن خێوەتان. شنگالییان، وا دوو ساڵ و سێ مانگ زیاترە ئاوارە و دەربەدەرن. دەبێت هەرچی زووترە لەو بارە ڕزگاریان بێت و بگەڕێنەوە جێوڕێ و ماڵوحاڵی خۆیان.

پرسی چوارەمیش، بوونی پەكەكەیە لە شنگال. زۆر جار باسی ئەم كێشەیەمان كردووە. چەكدارانی پەكەكە، بە پێچەوانەی ئیدیعای بەرپرسەكانیان و ئەو پروپاگندە هەرزانەی بۆیان دەكرێت، تەنیا مایەی كێشە و سەرئێشەن بۆ شنگال و خەڵكەكەی، بۆیە تاكە هەنگاو كە لە بەرژەوەندیی ئەو دەڤەرە وێرانەیە و ئەو خەڵكە ستەمدیدەیەدا بێت ئەوەیە، چەكدارانی پەكەكە لە كوێوە هاتوون بگەڕێنەوە جێی خۆیان و دەست لە یەخەی ئەو خەڵكە كارەساتبارە بەردەن.

ئه‌ڤ گۆتار ل مالپه‌رێ پارتى ديموكراتى كوردستان،ل 14/11/2016ێ هاتيه‌ به‌لاڤكرن.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi