ته‌مموز 29, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

عەبدولرەزاق عەلی:شنگال و ئێزدى پشتى دووسال ژ كارەساتێ

شنگال و ئێزدى پشتى دووسال ژ كارەساتێ

عەبدولرەزاق عەلی13936635_275391422834660_1902466283_n

دووساڵ لەمەوبەر، لە 3/8/2014دا، ئەوەی كوردانی ئێزدی و هەموومان لێی دەترساین، قەوما. ئەوەی نەدەبوو ڕووبدات، ڕوویدا. ئەوەی بوو، ڕاستە قوربانییە ڕاستەخۆكەی شنگال و كوردانی ئێزدی بوون بە پلەی یەكەم، بەڵام ڕاستییەكەی گلانێكی تری هەموو نەتەوەی كورد بوو. كارەساتی شنگال، برینێكە وا بە جەستەی نیشتیمان نەتەوەوە، بەوانەشەوە كە هاوبیری داعشن، ئەوانەش كە دوو ساڵە خەریكی بازرگانی و موزایەدەیەكی بێمانان بە كارەساتەكەوە.

مێژووی كوردانی ئێزدی و ئێزیدخان، لێوانلێوە لە زوڵم و غەدر و فەرمان. تەنیا تروسكەی هیوا لەو مێژووە كارەساتاوییەدا ئەوەیە كە ئێزدییان تەسلیم نەبوون و نابن. دەستگرتنی ئێزدییان بە خاك و نەتەوەكەیانەوە،سووربوونیان لەسەر بیروباوەڕی ئێزدییایەتی خۆیان، نهێنی مانەوەی كوردانی ئێزدییە.

كورد و كوردستان، زۆر جاران گلاون، وەلێ گلانی هەشتاوهەشتی سەدەی ڕابردوو, سەروەختی كیمیاباران و ئەنفالەكان، گلانێكی گەورە بوو، كەچی پاش سێ ساڵ هەستاینەوە. بۆیە پاش دوو ساڵ لە كارەساتی شنگالیش، قافێتی تەپوتۆزی گلانەكەمان بتەكێنین و هەستینەوە. دەبێت بۆ دۆست و دوژمنی بسەلمێنین، هونەری مانەوە، هونەرێكی كوردانەیە، ئێزدییانیش كوردی ڕەسەنن.

هەستانەوەی كوردستان لەو گلانە، بە هیمەتی پێشمەرگە نەبەردەكان و موقاوەمەتی ئافرەت و پیاوە ئازاكانی ئێزیدخان، تەنیا دوای چەند ڕۆژێكی كەم لە كارەساتی شنگال دەستی پێكرد، بەڵام هەستانەوەی تەواو نییە. هەستانەوەی تەواو ئەوكاتەیە یەك ئافرەت و منداڵی ئێزدیی لە دەستی ئەو دڕندانەدا نەمێنێت، یەك بست خاكی ئێزیدخانی گیانی زیندووی كوردستان بەدەست ئەو تیرۆریستە تاوانبارانەوە نەبێت، شنگالی ڕزگار و ئاوەدان ببێتە نوقڵانەی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان.

بۆیە دەبێت، ئەمساڵ كە كارەساتەكە و قوربانیان و لێكەوتەوەكانی پێ دەنێنە سێیەمین ساڵەوە، بكرێتە ساڵی هەستانەوەی یەكجارەكی، دەبێت كارەساتی شنگال، ببێتە بەشێكی تری خوێناوی لە مێژووی كورد و كوردستان و شنگال و كوردانی ئێزدی.

كەوابێت لە كوێوە دەست پێبكەین؟ تا بڕیار بدەین لە كوێوە دەست پێ بكەین، دەبێت كارێك بكەین، یەكەمین هەنگاو دڵی قوربانیانی كارەساتەكە بەتایبەتی و كوردانی ئێزدی بەگشتی داكەوێت. لە براتانی وەرگرن، یەكەمین پرس و خەمی قووڵ و گەورەی ئێزدییان، پێش هەموو شتێك، ئافرەتان و دوایی منداڵەكانیانە كە لە دەستی داعشدان. بۆیە دەبێت ئەمساڵ، بكرێتە ساڵی كاری زۆر جیددیتر و چڕتر و وردتر بۆ گێڕانەوەی یەك بە یەكی ئەو ئافرەت و منداڵانە. زمانحاڵی هەموو ئێزدییەك هاوار دەكات: ئافرەتەكانمان بۆ بگێڕنەوە، دوای ئەوە خەمی كوردانی ئێزدی و شنگالتان نەبێت.

هەنگاوی دووەمی هەستانەوە، ڕزگاركردنی تەواوی خاكی ئێزیدخانە. ئاخر تا ئەمڕۆ، ناحیەی گرعزێر و پێنج كۆمەڵگەی گەورە و نزیكەی 18 گوندی ئێزیدخان كە هەر هەموویان دەكەونە باشووری شنگالەوە، لە چنگی داعش دەرنەهێنراون.

هەنگاوی سێیەم، ئاوەدانكردنەوەی شنگالە بە جۆرێك خەڵكەكەكەی بتوانن بگەڕێنەوە و بە خۆشی و بە شكۆوە تێیدا بژین.

ئەڵبەت سێ هەنگاوی تریش، دوای ئەم سێیانە ستراتیجییەی دێن. لە پێش هەموویانەوە زامنكردنی ئەمنییەتی دەڤەرەكە لە ڕووی سەربازیی و ئەمنییەوە، ئەمەش دوو ڕێكاری جیددی پێویستە: پاراستنی شنگال بە پلەی یەكەم بدرێتە دەست هێزگەلێكی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس كە زۆربەی فەرماندە و ئەفرادەكانیان كوردی ئێزدی بن، ڕێكارەكەی تریش، دەركردنی چەكدارانی پەكەكەیە لە شنگال، ئەگەر بە خۆشی و برایەتی بێت حەتمەن چاكترە. هەنگاوی دووەم، كردنی شنگالە بە پارێزگایەكی كوردستان. سێیەمیش ڕاكێشانی ڕووبارێك یان پرۆژەیەكی ئاوی كشتوكاڵی و ئاودێری لە دیجلەوە بۆ شنگال.

ئەوەی هەموو ئەم هەنگاوانەش زامن دەكات و دەیانچەسپێنێت، ئیعلانكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە كە بە دڵنیاییەوە، كچان و كوڕانی كوردانی ئێزدی و شنگالییان لە پێشەنگی لایەنگرانی سەربەخۆیی و پارێزەرانی دەبن.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi