عەلی سندی: رێژا بێكاريێ ل ھەرێما كوردستانێ بۆ ١٠% نزمبوويه
ھەولێر-KDP.info-
بەپێی ڕووپێوێك كە لەبارەی دانیشتووانی ھەرێمی كوردستانەوە ئەنجام دراوە، دەركەوتووە كە رۆژ بە رۆژ رێژەی بێكاری لە ھەرێمی كوردستاندا كەمتر دەبێت و، لە ئێستادا گەییشتووەتە ١٠%، چونكە ئابووریی ھەرێمی كوردستان، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زۆر باشتر بووە.
ئەمڕۆ، د. عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە كۆنفڕانسی ڕووپێوكردنی دانیشتووانی ھەرێمی كوردستاندا، كە لە شاری ھەولێر بەرێوە چوو، گوتی: “بەپێی ڕووپێوی دانیشتووانی ھەرێمی كوردستان، كە لەلایەن دەستەی ئامار و نەتەوە یەكگرتووەكانەوە لەناو ١٢ھەزار و ٦٠٠ خێزان لە سلێمانی و ھەولێر و دھۆك ئەنجام دراوە، دەركەوتووەكە لە ھەرێمی كوردستان ٣٥%ی ھاووڵاتیان تەمەنیان لە ١٥ساڵ كەمترە و ٦١%ی ھاووڵاتیانیش تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٦٤ساڵیدایە و نزیكەی ٤%ـیش تەمەنیان لە سەرووی ٦٤ساڵیدایە”.
سندی گوتیشی: “دوو لەسەر سێی خێزانەكان لە ھەرێمی كوردستان داھاتیان لە كەرتی تایبەتە و دوو لەسەر سێی خێزانەكانیش خاوەنی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانن، هەروەها نزیكەی ٦٠%ـیش خاوەن ئۆتۆمبێلن”.
بەپێی ئەو ڕووپێوەی ئەنجام دراوە، لە ساڵی ٢٠١٥ـدا رێژەی بێكاری لە ھەرێمی كوردستان ١٣.٥% بووە، بەڵام بە گوێرەی ڕووپێوی تازە، رێژەكە بۆ ١٠.٢% دابەزیوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە دۆخی ئابووری ھەرێمی كوردستان زۆر باشتر بووە، چونكە رێژەی بێكاری بەپێی دوایین ئامار لە عێراق ٢٤% بووە.
وەك سندی گوتی، لە ساڵی ٢٠٠٧ ڕێژەی نەخوێندەواری لە ھەرێمی كوردستان ٢٧% بووە، بەڵام دوای ھەوڵی زۆر، توانراوە ئەو رێژەیە بۆ ٢١% دابەزێندرێت.
هەر بەپێی ئەو ڕووپێوەی ئەنجام دراوە، ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی كوردستان ٥ ملیۆن و ٧٥٠ھەزار و ٤٣ كەسە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی