حوزه‌یران 21, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

سەفین دزەیی: ئارمانجا حکومەتێ نەهێلانا پاشکەفتى و دەستپێکرنا پڕۆژايە

سەفین دزەیی: ئارمانجا حکومەتێ نەهێلانا پاشکەفتى و دەستپێکرنا پڕۆژايە
رووداو – هەولێر

سەفین دزەیی رایگەیاند، باری ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەو باشتربوون دەچێت، ئامانجی حکومەتیش ئەوەیە پاشەکەوت نەمێنێت و پڕۆژەکان دەستپبێکەنەوە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر، سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی چەند پرسێک وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە.

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداو سەبارەت بە دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی گوتی “پیویستە میدیاکاران هاوکاربن لەبەر چی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئەو قۆناخە و لەبەر چ ئەو قەیرانە داراییە دروستبوو. هۆکارەکان زۆرن، بەڵام خەریکە بەشێکی باش لەو هۆکارانە نامێنن”.

سەفین دزەیی گوتیشی “باری ئابووری هەرێمی کوردستان بەرەو باشتربوون دەچێت، لە مانگی 3وە تاوەکو ئێستا مانگانە 30 رۆژ جارێک مووچە دەدرێت. هاوکات ئەو کۆمپانیایانەی پێشتر دەستیان لە کارەکانیان هەڵگرتبوو، بەتایبەتی کۆمپانیا بیناییەکان لە بواری وزە، بەشی هەرە زۆریان گەڕاونەتەوە، نەک کارەکانی پێشوویان دەکەن بەڵکو ئێستا کاری زیاتریش دەکەن. بەهەمانشێوە کۆمپانیا خۆماڵییەکانیش خەریکە ئەو متمانەیەی بە حکومەت و بەو پڕۆژانەی لەلایەن حکومەتەوە پاڵپشتیدەکرێت، دووبارە دەستبەکاردەبنەوە، بەتایبەتی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، بەشێک لەو کۆمپانیا خۆماڵییانە بەشێوازی قەرز پڕۆژەکانیان ئەنجامدەدەن، ئەوەش دەلالەتی ئەوەیە کە متمانەی تەواویان بە حکومەتەکەیان هەیە، کە لە داهاتوودا ئەو قەرزانە دەدرێنەوە”.

لەبارەی لابردنی یەکجارەکی پاشەکەوتی مووچە، گوتەبێژی حکومەت رایگەیاند “راستە تاوەکو ئێستا کێشەی پاشەکەوتی مووچە ماوە، بەڵام ئەگەر بەراوردی بکەین دەبینین بە رێژەیەکی بەرچاو دەستکاریکراوە. هەر بڕێک لە داهات زیاتر بێت و ئەو بڕە پارەی بەغدا بەردەوامبێت، بێگومان هەموو ئامانجەکە ئەوەیە پاشەکەوت بە یەکجاری نەمێنێت و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان زیادبکرێن. داواکاری هاووڵاتییان لە بواری کارەبا و ئاو و خزمەتگوزاری دیکە، کە پێشتر لە 3 بۆ 4 ساڵی رابردوو تەقریبەن راوەستابوو، خەریکە باشتر ببێت، بێگومان کاتی دەوێت، بەڵام ئەوەی وەکو ئاماژەیە ئێستا ئومێدبەخشە، حکومەتیش بەردەوامدەبێت لە کارەکانی خۆی”.

لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا سەبارەت بە بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە، سەفین دزەیی رایگەیاند “سەبارەت بە ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران و تورکیا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە هەڵوێستی ئەوە بووە کە پێویستە خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچانە بە پلەی یەکەم نەبنە ئامانج، بەتایبەتی بەشێکی زۆر لەو گوندانە لەسەرەتاوە هەوڵی ئاوەدانکردنەوەیان درابوو، بەڵام بەداخەوە لەبەر هەبوونی پەکەکە و بەمدواییانە هێزەکانی رۆژهەڵاتیش، کەشوهەوایەک دروستبووە کە ببێتە جێی ململانێ و تەسفیەکردنی حیساباتی ئەو وڵاتانەی دەوروبەر لەگەڵ ئەو هێزانە. بۆیە ئێمە هەمیشە داواکاربووین لەو هێزانە دۆخی کوردستان لەبەرچاوبگرن و بەتایبەتی خەڵکی سڤیل نەبێتە ئامانج، لە هەمان کاتیش نابێت ئەوە ببێتە بیانوو بۆ ئەو وڵاتانە بۆ ئەوەی هەمیشە بەردەوامبن لە تۆپبارانکردن یاخود دەستدرێژیکردنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان”.

لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو سەبارەت بە دۆخی ئەو ناوچانەی پێشمەرگەیان لێنەماوە، سەفین دزەیی گوتی “بەداخەوە دوای رووداوەکانی ساڵی رابردوو، کاتێک پێشمەرگە بەشێک لەو ناوچانەی جێهێشت، سوپای عێراقیش نەیتوانی ئەمن و ئاسایش لەو شوێنانە بەرقەرار بکات، ئێستا ئەو ناوچانە بوونەتە شوێنی تەراتێنی هەندێک لە چەکدارانی داعش، کە پێدەچێت داعش دووبارە لەو ناوچانە خۆی دروستکردبێتەوە، دەستدرێژی دەکاتە سەر گوندەکان و هاووڵاتییان و رۆژانەش دەبینین رووداوی دڵتەزێن روودەدات. بۆیە ئێمە هەمیشە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و لەگەڵ هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریکا باسی ئەوەمان کردووە پێویستە ئالیەتێکی گونجاو هەبێت، میکانیزمێکی سێ لایەنە هەبێت لەنێوان هەرێم و بەغدا و هاوپەیمانان بۆ بنبڕکردنی دووبارە سەرهەڵدانەوە و دروستبوونی داعش لەو ناوچانە، لە هەمان کاتیش پێشکەشکردنی ئاسایش بۆ ئەو دەڤەرانە، ئەو خەڵکانەش بتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانیان، ئەوانەی کە گەڕانەوە ئەمن و ئاسایشیان بەرقەراربکرێت، بەداخەوە تاوەکو ئێستا ئەو پرۆگرامە دەستیپێنەکردووە، هەروەکو بینیتان لە ماوەی رابردوو چەندین جار هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی مەخموور و چەندین دەڤەری دیکە ئۆپەراسیۆنی خۆیان بە هاوکاری هاوپەیمان ئەنجامداوە و سەرکەوتنی باشی بەدەستهێناوە، ئێمە لەو باوەڕەداین ئەو ئۆپەراسیۆنانە پێویستە بە هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغدا و هاوپەیمانان زیاتر بکرێت”.

سەبارەت بە دۆخی پەنابەرانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان و پرسی گەڕاندنەوەیان بۆ ئێران بۆ شوێنەکانی خۆیان، سەفین دزەیی گوتی “ئەوە بەشێوازی ئەوە نییە کە هیچ کەسێک تەسلیم بکرێت، ئەوانە دەمێکە لە سەرەتای هەشتاکانەوە و لە سەردەمی رژێمی عێراق لە هەرێمی کوردستان و لە هەموو عێراق بوونە، چونکە بەشێکی زۆری ئەوانە لەلایەن UNHCR وەکو پەناهەندە ناسراون، پێویستە رێز لە یاساکانی پەناهەندەیی بگرن و هەرێمی کوردستان بەکارنەهێنن وەکو بنکەیەک و دەستدرێژی بکەنە سەر ئەمن و سەقامگیری وڵاتانی دراوسێ. بەڵام لە هەمان کاتیش لەو باوەڕداین ئەو کێشەیەی کە هەیە بە سەربازی و توندووتیژی و دەستدرێژی سەربازی چارەسەرناکرێت، پێویستە چارەسەرێکی گونجاو هەبێت بۆ ئەو گرفتانە، هەروەکو دەزانن چەند ساڵێک پێش ئێستا پرۆسەیەکی ئاشتی لەنێوان پەکەکە و تورکیا هەبوو، ئەوەش بە هاوکاری و پاڵپشتی هەرێمی کوردستان بوو، هەرچەند نەگەیشتە ئەنجام، بەڵام ئێمە هەمیشە دەبینین کە پێویستە هەوڵ و تەقەڵاکان چڕ بکرێنەوە بۆ ئەوەی بە رێگەی ئاشتییانە گرفتەکان چارەسەر بکرێن نەک بە رێگەی لەشکری و تووندوتیژی”.

لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی نەوتی کەرکووک، گوتەبێژی حکومەت گوتی “راستە لە مانگی یەک لە کۆنفرانسی داڤۆس، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە بەڕێز حەیدەر عەبادی لەوێ بینی، پێشنیازێکی پێشکەشکرد بۆ ئەو 250 بۆ 300 هەزار بەرمیلەی کە جاران لە هەرێمەوە رەوانەی دەرەوە دەکرا، پاش رووداوەکانی ئۆکتۆبەر کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی بەغدا، دەکرێت بەغدا خۆی لەڕێگەی بۆری هەرێمی کوردستان ئەو نەوتە هەناردەی تورکیا بکات و سۆمۆ خۆی سەرپەرشتنی فرۆشتنی بکات و ئەو داهاتەش بگەڕێتەوە خەزێنەی عێراق و هەموو عێراق لێی سوودمەند ببێت، ئەوە وەکو پێشنیازێک پێشکەش بە بەغدا کرا، لە سەرەتا پێشوازی لێکرا، بەڵام تاوەکو ئێستا وەکو پێشنیاز ماوەتەوە، بەغدا هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەسەر نەداوە.

سەفین دزەیی گوتیشی “لە مانگی یەکەوە تاوەکو ئێستا بەغدا ئەو 250 بۆ 300 هەزار بەرمیلەی رۆژانە فرۆشتبا، ئەوا نزیکەی پێنج ملیار دۆلار داهات دەبوو بۆ عێراق، لە کاتێکدا عێراق پێویستی بە هەموو دۆلارێک هەیە بۆ ئەوەی بەکاری بهێنێت، بەتایبەت بۆ ئەو رووداوانەی بەسرەو شوێنی دیکەش، بەرامبەر بەوەی عێراق کرێی بۆری نەوتەکە بدات، کە ئەویش بۆ کەرتی تایبەتە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە، لە بەرامبەر نزیکەی 250 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا، بە واتایەکی دیکە لەبری ئەوەی 250 ملیۆن دۆلار خەرجبکەن بۆ ساڵێک زەرەری 5 ملیۆن دۆلاریان لەخۆیانداوە”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi