خەسرۆ گۆران: پاشخستنا بانگەشەيا ههلبژارتنان لسەر داخوازا چەند لایەنان بوو
هەولێر- kdp.info-
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەڵێ: “باوەڕم وایە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەكرێت، دواخستنی بانگەشەش پەیوەندی بەوەوە هەیە تا ئەو لایەنانەی ناڕازین، خۆیان رێك بخەن و بەشدار بن”.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دابوو بانگەشەی هەڵبژاردن ٥ی مانگ دەست پێ بكرێت، بەڵام بۆ حەفتەیك دوا خرا، خەسرۆ گۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاشكرای دەكات، كە لەسەر داخوازیی هەندێ لایەنی سیاسی بووە، كە بانگەشە بۆ چەند رۆژێك دوا بخرێت، تا ئامادەكاریی خۆیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەكە بكەن. روونیشی كردەوە، دوای لێكۆڵینەوە لە كۆمسیۆن، بە زۆرینەی دەنگ بۆ حەفتەیەك بانگەشەكە دوا خرا.
گۆران، هەوڵی ئەو لایەنانەی كە دەیانەوێت بە پڕۆژەیەك تەمەنی پەرلەمان درێژ بكەنەوە و بەوەش هەڵبژاردن دوا بخرێت، بە شكست دەزانێت، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە حكوومەت بە پێی ئەو دەسەڵاتەی هەیەتی، دەتوانێت هەڵبژاردن دوا بخات، كاتیش كەمە تا لایەنەكان پڕۆژەی وەها ئاڕاستەی پەرلەمان بكەن، “بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن نەكرێت، ئەوەش كاری ئەوان نییە، پارتیش ناتوانێ بڕیاری ئەنجامدانی پرۆسەكە، یا نەكردنیشی بدات”.
چەندین جار و لە بۆنەی جیاوازدا، سەرۆكوەزیرانی هەرێم رایگەیاندووە، هیچ لایەنێك بە شێوەیەكی فەرمی داوای لە حكوومەت نەكردووە هەڵبژاردن دوا بخرێت، بەرپرسەكەی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، ئەو داوانەكردنەی ئەو لایەنانە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بە شێوەی فەرمی، بۆ سڵكردنەوەی ئەو حزبانە گەڕاندەوە، كە بە ئاشكرا ناتوانن بڵێن لەگەڵ هەڵبژاردندا نین.
خەسرۆ گۆران ئاشكرایشی دەكات، كاتێك بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێ دەكات، هیچ بوارێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نامێنێتەوە، ئەویش بەو پێیەی هەموان دەكەونە ململانێی هەڵبژاردنەكەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی