نێزیکی 247 هەزار کەسان ناڤين خۆ نووكرينه
رووداو – هەولێر
ئەمڕۆ (شەممە، 18-8-2018) دوایین رۆژە بۆ سەردانیکردنی بنکەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران. کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تەنیا 247 هەزار و 442 کەس سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەرانیان کردووە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دەهێنێت بە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و، بنکەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دادەخات. بەپێی ئاماری بەشی داتاکان لە کۆمیسیۆن، تاوەکو رۆژێک پێش داخستنیان، لە کۆی سێ ملیۆن و 88 هەزار و 642 دەنگدەر، تەنیا 247 هەزار و 442 کەس بەمەبەستی راستکردنەوە، گواستنەوە، دڵنیابوونەوە لە ناوەکانیان و چەند مەبەستێکی دیکە سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەرانیان کردووە.
داتای سەردانکردنی هاونیشتمانییان بۆ بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بەپێی پارێزگاکان:
– هەولێر: 86 هەزار و 119 کەس
– سلێمانی: 83 هەزار و 261 کەس
– دهۆک: 66 هەزار و 130 کەس
– هەڵەبجە: 11 هەزار و 932 کەس
لەگەڵ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی دەیەوێت تۆمارێکی نوێ بۆ دەنگدەران دروستبکات؛ بەسوودوەرگرتن لە داتاکانی فۆرمی خۆراک لە وەزارەتی بازرگانی، ئەوەی تاوەکو ئیستا ئاشکراشی کردووە ئەوەیە: زیاتر لە 221 هەزار ناوی زیادە لە تۆمارە کۆنەکەدا هەبوون و لابراون.
رۆژی 28ـی ئەیلوولی داهاتوو دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات، رۆژی 30 ئەیلوولیش دەنگدانی گشتی دەستپێدەکات و، یەکێک لەو رەخنانەی ئاراستەی هەڵبژاردنەکانی پێشووی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکران لە تۆماری دەنگدەران بوو، بۆ ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان و بەمەبەستی رەواندنەوەی نیگەرانی لایەنەکان، کۆمیسیۆن داوایکرد خۆیان کارمەند بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دیاریبکەن و کۆمیسیۆن دایاندەمەزرێنێت، داواشیکرد لایەنەکان چاودێری پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆمارەکە بکەن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی