مەسرور بارزانی لگەل جێگرێ وەزیرێ بەرگریا ئەمریکا کۆم بوو
باسنیوز:
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی کۆبووەوە و چەند پرسێکی گرنگیان تاوتوێ کرد.
رۆژی هەینی ١٧ی ئابی ٢٠١٨، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ جۆن روود، جێگری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی لە واشنتن کۆبووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە بەردەوامیی ھەماھەنگیی ھاوبەشی نێوان ھێزە ئەمنییەکانی کوردستان و پێشمەرگە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرا و تێیدا مەسرور بارزانی سوپاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کرد، بۆ پشتگیریکردنی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش. هاوکات ئاماژە بە بەردەوامیی شەڕ لە دژی تیرۆر کرا و تیشک خرایە سەر گۆڕانی سرووشتیی شەڕی تیرۆر و بوونی سەرچاوەی ھەواڵگری و سەربازیی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
لەو کۆبوونەوەیەدا ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە وردی باسی لە رێکارەکانی بەھێزکردن و رێکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش کرد.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی عێراق کرا. مەسرور بارزانی روونیکردەوە کە سەرکردایەتیی کوردستان، نە پشتگیریی ھیچ لیست و کەسایەتییەک بۆ پێکھێنانی حکوومەت دەکات و نە ھیچ لایەکیش ڕەت دەکاتەوە، بەڵکوو ”سەرکردایەتیی کوردستان ئامانجی ھاوپەیمانێتییەکە کە دەستوور جێبەجێ بکات و حکوومەتێک پێکبھێنرێت لەسەر بنەماکانی سازان و ھاوسەنگی و ھاوبەشی، حکوومەتێک کە وەڵامی ویست و داخوازییەکانی خەڵکی بداتەوە“.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری بەرگریی ئەمریکا گفتوگۆیان لەبارەی چەند پرسێکی تایبەت بە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کرد.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی