حوزه‌یران 21, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

پشتى 16ی ئۆكتۆبەرێ كوردان 47 پۆست ژدەست داينە 

پشتى 16ی ئۆكتۆبەرێ كوردان 47 پۆست ژدەست داينە 
رووداو- سلێمانی

قایمقامی لەسەركارلادراوی داقوق دەڵێ هەواڵی خۆشی لە پارێزەرەكانییەوە پێدەگات و چاوەڕوانی ئەوەیە كێشەكە لە بەغدا لە بەرژەوەندی ئەو كۆتایی بێت، بەڵام دەڵێت ئەگەر دۆسیەكەش لە بەرژەوەندی ئەو كۆتایی بێت، ناگەڕێتەوە سەر كارەكەی.

بەرپرسانی كورد لە ناوچە كێشەلەسەرەكان، لە پۆستە ئیداری و ئەمنییەكان دووردەخرێنەوە، شوێنەكانیان بە عەرەب و توركمان پڕ دەكرێنەوە. سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزای خانەقین دەڵێ: ” ئێستا خەڵك خوازیاری گەڕانەوەی پێشمەرگەن و پێشمەرگە لە پۆستەكان بە گرنگتر دەزانن”.

لە 16 ئۆكتۆبەری 2017 دا سوپا و حەشدی شەعبی گەڕانەوە كەركووك و جەلەولا و خانەقین و مەخموور و شنگال كە لە دەستووری عێراقدا بە ناوچەی كێشەلەسەر ناویان هاتووە، بەڵام لە گوتاری سیاسی كورددا ناوچەی كوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانن. هەرزوو حكومەتی عێراق دەستی بە گۆڕینی بەرپرسانی كورد لەو ناوچانە كرد، یەكەم پۆستیش كە لە كورد سەندرایەوە، پارێزگاری كەركووك بوو، تاوەكو ئێستاش نزیكەی 50 بەرپرسی كورد لە پۆستەكانیان لادراون.

“پێشمەرگە خەوی نەهێشت”

سەمیر محەممەد، سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزای خانەقین، باسی رەوشی گوندنشینانی خانەقین و دیالە بە دەست هەڕەشە و پەلاماری داعش و گرووپە نەناسراوەكان دەكات و دەڵێت: “خەڵك ئەو پۆستانەیان بیر نەماوە كە پێشتر بەدەست كوردەوە بوون، چونكە ژیانیان لێ تاڵ بووە بەهۆی ئەوەی پێشمەرگەی لێنەماوە”.

بەڕێوەبەری ناحیەكانی قەرەتەپە، جەلەولا و مەندەلی، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە پۆستەكانیان لادراون، بەڵام لە خانەقین بەهۆی ئەوەی زۆربەی دانیشتووانەكەی كوردی شیعە مەزهەبن، كاردانەوەی حكومەتی عێراق لەوێ‌ زۆر توند نەبووە.

“مەخموور وەك خۆیەتی”

قایمقامی قەزای مەخموور، رەتیدەكاتەوە هیچ پۆستێكی ئیداری لەو قەزایە لە كورد وەرگیرابێتەوە و گۆڕانكاری لە پۆستەكاندا روویدابێت لە دوای 16 ئۆكتۆبەرەوە “هەموو بەرپرسە ئیدارییەكان لە شوێنی خۆیان دەوام دەكەن و كەس لانەدراوە.

رزگار ئیسماعیل، قایمقامی مەخموور، لە دوای كردنەوەی رێگای نێوان هەولێر و مەخموور پێیوایە رەوشەكە هەلێكی باشی بۆ گونجاوە بۆ ئەوەی ئاسایی ببێتەوە و كار نەگەیشتە ئەوەی هیچ بەرپرسێكی ئیداریی كورد لە پۆستەكەی لابدرێ.

“دوو حكومەت لە شنگال”

رووداوەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەر هەرزوو لەسەر شنگال و ناحیەی سنوونێ و گرعوزێر رەنگی دایەوە، بەڵام چیرۆكەكە لەوێ جیاوازە لەوەی كەركووك و خانەقین. حەشدی شەعبی سێ بەرپرسی ئیداری بۆ هەرسێ شارۆچكەكە داناون و ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگاری مووسڵیش تەنیا مامەڵە لەگەڵ ئەو سێ بەرپرسە لادراوە دەكەن، نەك ئەوانەی حەشدی شەعبی دایناون.

مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال، دەڵێ ئەو لەگەڵ دوو بەڕێوەبەری ناحیە بەرپرسی شەرعی ناوچەكانی خۆیانن و ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و پارێزگاری نەینەوا كار لەگەڵ ئەوان دەكەن و ئەوانەی لە شوێنیان دانراون، بەلای ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگارەوە “ناشەرعی و سەپێنراون و كار بە نووسراوەكانیان ناكەن”.

ئەو سێ كەسەی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دانراون، كوردی ئێزدین و سەر بە حەشدی شەعبین، بۆیە پێشبینی دەكرێ‌ هەر كاتێك حەشدی شەعبی لە ناوچەكە كشایەوە، ئەوانیش لە پۆستەكانیان نەمێنن.

مەحما خەلیل، چاوەڕێی رێككەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدایە بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەكە و ئەوانیش لە شوێنی خۆیان دەستبەكار ببنەوە: “ئێمە رۆژانە دەوامی خۆمان دەكەین. مانگی رابردووش 33 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا داوایان كرد پارێزگار بڕیارێك دەربكات بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە شوێنی خۆمان”.

“ئامانجەكە كەركووكە”

بەپێی فەرمانێكی كارگێڕیی نهێنی بە ژمارە (17240) ، بەشی گواستنەوە لە بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەی ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە رۆژی 18/2/2018 بڕیاری گۆڕانكاری لە پۆستەكانی كەركووكدا داوە. نووسراوەكە واژۆی د.عەقیل مەحموود خەزعەلی، بریكاری وەزارەتی ناوخۆی عێراقی بەسەرەوەیە، هەرچەندە بڕیاریان دا هەردوو بەرپرسی كورد، عەمید خەتاب عومەر، وەك بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای كەركووك و عەقید ئەفراسیاو كامل، وەك گوتەبێژی پۆلیس لە شوێنەكانیان بمێننەوە، بەڵام ژمارەیەك ئەفسەری كورد لابدرێن.

لە پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، زۆربەی پۆستە ئیداری و ئەمنییەكانی كەركووك لەلایەن كوردەوە بەڕێوەدەبران، بەڵام دوای ئەو رووداوانە كورد زۆرترین پۆستی لەدەستداوە كە گرنگترینیان پارێزگاری كەركووكە.

ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، رێوشوێنی بەرپرسانی عێراقی بۆ لادان و گۆڕینی بەرپرسە كوردەكانی كەركووك، بە هەمان ئەو رێكار و رێوشوێنانە دەچوێنێ كە بەعسییەكان پێڕەویان دەكرد و دەڵێ “ئێستا یاساكانی بەعس گەڕاونەتەوە بۆ كەركووك”.

ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە (رووداو)ی گوت: “دەستوور و یاسا لە كەركووك هیچ بەهایەكیان نەماوە، هەرچیان بوێت دەیكەن، چونكە كە دەبینن بەرپرسێكی پارتی یان یەكێتی ناگەڕێتەوە سەر كارەكەی، دەڵێن ناكرێ ئەو شوێنانە چۆڵ بن و بە كەسانی عەرەب یان توركمان پڕی دەكەنەوە، كەسانێكیش هەن كە دەوام دەكەن، بەڵام هەر لایاندەبەن”.

دیارترین ئەو پۆستانەی لە كەركووك لە كورد سەندراونەتەوە بریتین لە پارێزگار، سێ قایمقام و دوو بەڕێوەبەری ناحیە و هەریەك لە بەڕێوەبەری كشتوكاڵ، ئاو، تەندروستی، فۆرمی خۆراك، پۆلیسی فریاكەوتن، قەزاو ناحیەكان، مادە هۆشبەرەكان، لەگەڵ بەڕێوەبەری چەند بەڕێوەبەرایەتی و چەند بنكە و بەشێكی دیكە. بە گشتی 40 بەڕێوەبەر و بەرپرسی كورد لە پۆستەكانیان لادراون.

ئەحمەد عەسكەری، دەڵێت تەنیا بەرپرسانی پارتی نین كە ناگەڕێنەوە سەر كارەكانیان: “یەكێتیش هەن نەگەڕاونەتەوە، بەڕێوەبەری تەندروستی كەركووك كە یەكێتییە نەگەڕاوەتەوە و لەشوێنی ئەو كەسێكی عەرەب دانراوە”.
ئەمیر خواكەرەم، قایمقامی قەزای داقوق كە لە پۆستەكەی لادراوە، دەڵێ بە تۆمەتی هەڵدانی ئاڵای كوردستان و بەشداری لە گشتپرسی، لە پۆستەكەی لادراوە، بەڵام دوو پارێزەری گرتووە. ئەمیر خواكەرەم دەڵێت :”چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەكەم، رەنگە هەواڵی خۆش بەڕێوەبێت، چونكە دەركەوت هەڵدانی ئاڵای كوردستان و گشتپرسی بەلای دادگای فیدراڵییەوە تاوان نین”.

لە سنووری پارێزگای سەلاحەدینیش كورد تەنیا پۆستی قایمقامی قەزای خورماتووی بەدەستەوە بوو، بەڵام حەشدی شەعبی لە كارەكەی لایاندا و كەسێكی توركمان لە شوێنی دانرا. ئەمیر خواكەرەم، دەڵێ پرسی لادانی كاك شەلال لە خورماتوو یەكلابووەتەوە، بەڵام هێشتا دەتوانن كار بۆ گەڕاندنەوەی بكەن.

ئەو قایمقامە لە كارلادراوەی داقوق كە لەگەڵ زۆربەی بەرپرسە لەكارلادراوەكانی كورد قسەی كردووە، دەڵێ بەبێ رێككەوتنی هەولێر و بەغدا ئەگەر داواشیان لێ بكەن ناگەڕێنەوە “بەبێ پێشمەرگە نە هیچمان پێدەكرێ و نە كەسیش گوێمان لێدەگرێ”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi