حوزه‌یران 23, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

ئەو سێ تیرۆرستێن ھێرش کرينە سەر پارێزگه‌ها ھەولێرێ سەر ب مەلا ئیسماعیل سووسەیی بوون

ئەو سێ تیرۆرستێن ھێرش کرينە سەر پارێزگه‌ها ھەولێرێ سەر ب مەلا ئیسماعیل سووسەیی بوون

باسنيوز:

دوێنێ، دووشەممە ٢٣/٧/٢٠١٨ پێش دەستپێکردنی دەوامی فەرمی، سێ چەکداری خوار تەمەن ھەژدە ساڵی، چوونە ناو باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر و دوای چەند سەعاتێک، ھەرسێکیان لەلایەن ھێزەکانی ئاسایش و دژەتیرۆری کوردستان، کوژران.

بەپێی زانیارییەکانی دەزگا ئەمنییەکان، تیرۆریستەکان دوای چوونە ناو باڵەخانەی پارێزگا، خۆیان لە نھۆمی سێیەم حەشار داوە، دواتریش لە رووبەڕووبوونەوەی چەکداریدا لەگەڵ ھێزەکانی ئاسایش و دژەتیرۆری کوردستان، کە سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانە، سەرەتا دووانیان کوژراون و چەکداری سێیەمیش بە برینداری، ئاسایشەکان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان کوشتوویانە.

ئەو تیرۆرستانە کێ بوون؟

بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان لە دەزگای دژەتیرۆری کوردستان، سێ تیرۆریستەکەی ھێرشیان کردە سەر پارێزگای ھەولێر، کە ناسنامەکانیان ناسراوە بە ناوەکانی (رەھێڵ محەممەد رۆستەم مووسا، لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٢، بیلال سلێمان عەبدولڕەحمان ئەحمەد، لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٠، عەبدولڕەحمان رەحیم قادر حوسێن، لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٢)، قوتابیی قۆناغی ئامادەیی، ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستان و دانیشتووی شاری ھەولێر- گەڕەکی قەڵاتی نوێ بوون.

لەم بارەیەوە، د. تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی شاری ھەولێر بۆ (باس) ئاشکرای کرد، ھەر سێ تیرۆریستەکەی دوێنێ کوژران، سەر بە مەلا ئیسماعیل سووسەیی بوون، کە لەلایەن ئاسایشی ھەولێرەوە دوو ھەفتە پێش ئێستا دەستگیر کراوە و لەبەردەم دادگادا دانی بەوەدا ناوە کە بەیعەتی بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش داوە.

ئاشکراشی کرد، ئەو مەلایە پێشتر پەیوەندیی ھەبووە بە تۆڕێکی دیکەی تیرۆریستی، کە لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر کران و ناوی ئەو مەلایەیان ھێنا، مەلا ئیسماعیل دانی بەوەشدا ناوە، کە لەگەڵ ئەوانیشدا بووە، گوتی: “ئەو مەلایە چەندین کاری ڕاگەیاندن و ڕێکخستنی بۆ داعش کردووە، کاتێک دەستگیریش کراوە لە ماڵەکەیدا چەندین چەک و تەقەمەنی و کڵاشنکۆف و ڕوومانە دەستیان بەسەردا گیرا، خۆیشی ئامادە کردبوو بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی تیرۆریستیی گەورە، بەڵام بەر لە ئەنجامدانی، توانیمام دەستگیری بکەین”.

قوربانییەکانی ئەو ھێرشە تیرۆریستییە

بەپێی دوا زانیارییەکانی دەزگا ئەمنییەکانی شاری ھەولێر، ئەو کردەوەیە شەھیدبوونی کارمەندێکی خزمەتگوزاری پارێزگای ھەولێر و برینداربوونی پێنج کارمەندی ئاسایش و پۆلیسی لێ کەوتووەتەوە، ئەو کارمەندەی کە گیانی لەدەست داوە، ناوی (فەرحان ئیلیا برایمۆک)، تەمەن ٥٥ ساڵ، بە بنەچە کرستیانی شەقڵاوەی شاری ھەولێرە.

بەپیی زانیارییەکانی (باس)، ھەر لە سەرەتای ھێرشەکەوە، ئەو کارمەندە کرستیانەی پارێزگای ھەولێر لەگەڵ یەکێکی دیکە، لەلایەن تیرۆریستانەوە وەکوو بارمتە دەستبەسەر کراون، چونکە پێش ھەموو کارمەندەکانی دیکەی پارێزگا لە بینای پارێزگادا ئامادە بوونە، بەڵام فەرحان دوای ڕزگارکردنی، بەھۆی ئەوەی بە لێدانی فیشەک لەلایەن تیرۆریستەکانەوە بە سەختی بریندار کراوە، لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە لە ھەولێر گیانی لەدەست داوە، بارمتەکەی دیکەش لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشەوە توانراوە لە دەستی تیرۆریستان ڕزگار بکرێت، کە وێنەی ڕزگارکردنەکەی لەلایەن ئەو ئاسایشەوە لەلایەن بەشداربووانی تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە و دەستخۆشی و شانازیی پێوە کرا.

لەبارەی دۆخی تەندروستیی بریندارەکانیشەوە، د. سامان بەرزنجی، بەڕێوەبەری تەندروستیی ھەولێر بە (باس)ی ڕاگەیاند: ”سێ لە بریندارەکان نەشتەرگەرییان بۆ کراوە و ئێستا باری تەندروستییان جێگیرە، بەڵام یەکێک لە بریندارەکان ھەناسەی تەنگە“. لەبارەی شوێنی گوللەکانیشەوە، سامان بەرزنجی گوتی: ”یەکێکیان فیشەک بەر شانی کەوتووە، یەکێکی دیکەیان فیشەک بەر ملی کەوتووە، ھەروەھا دوو لە بریندارەکان فیشەک بەر قۆڵیان کەوتووە و یەکێکی دیکەشیان فیشەک بەر سنگی کەوتووە“.

لای خۆشیانەوە، پارێزگاری ھەولێر، ھەر لەدوای کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکە، لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر بۆ رۆژنامەنووسان رای گەیاند، ئەو جۆرە ھێرشانە ھیچ کاریگەرییەک ناخاتە سەر ئەوان و لە خزمەتکردنی خاک و نیشتمان و پایتەخت ساردیان ناکاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ھەولێریش چەند سەعاتێک دوای کردەوەکە، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

لە بەیاننامەکەدا، ئاسایشی ھەولێر دانیشتووانی شاری ھەولێری دڵنیا کردەوە لەوەی: ”ڕەوشی ئەمنیی ھەولێر زۆر ئارامە“ و ھێزەکانی ئاسایش بەردەوام لە ئامادەباشیدان بۆ ”شکستپێھێنانی ھەر ھەوڵ و پیلانێکی دوژمنان و تیرۆریستان“.

ھاوکات، سۆران سێوکانی، توێژەری ئیسلامیی سیاسی بۆ (باس) رای گەیاند، ئەو کردەوەیە کراوەیی کوردستانە بۆ دەستی تیرۆری نەرم، کە لەپەنا پیرۆزییەکانی مزگەوت و ئاییندا ژەھر دەڕێژن، گوتیشی: “کاتێکیش بە یەکێکیان دەڵێی بوەستە، دەڵێن دونیا ڕووخا و موقەدەساتمان سووکایەتیی پێ کرا”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi