حوزه‌یران 22, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

پەرلەمان و وەزارەتا دارایی بەلێنه‌ك دا مامۆستایان 

پەرلەمان و وەزارەتا دارایی بەلێنه‌ك دا مامۆستایان 
هەولێر-KDP.info-

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و وەزیری داراییی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنیان دایە مامۆستایان کە مووچەی وەزارەتی پەروەردە لە خشتەی دابەشکردنی مووچەدا یەکەم وەزارەت دەبێ.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦/٢/٢٠١٨، دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بە ئامادەبوونی خاتوو بێگەرد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمان، لە نووسینگەی تایبەتیی خۆی لە تەلارى پەرلەمان، پێشوازیی لە ئازاد محەمەدئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و جێگری سەرۆك و سكرتێری ئەنجومەنى پارێزگا و هەرسێ بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان كرد.

لە دیدارێكدا سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ناوی شاندەكەوە یادداشتێكی سەبارەت بە داواكارییەكانی مامۆستایانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، پێشكەش بە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كرد و ئاماژەی بە بێبەڵێنییەكانی سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی عێراق كرد، كە بەردەوام لە لێدوانەكانیدا بانگەشەی ئەوە دەكات كە مووچەى مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت، كەچی تا ئێستا لە قسە زیاتر هیچی دیكە نەبووە و ئەمەش بووەتە هۆی بێ‌ئومێدبوونی مامۆستایان لە بەڵێنەكانی حكوومەتی عێراق و ڕایگەیاند: “ئەو بێبەڵێنییانەی حكوومەتی عێراق بەرامبەر بە مامۆستایان ئێمەی نیگەران كردووە و دەبێت پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێگەچارەی گونجاو بدۆزێتەوە بۆ پێدانی مووچە بە مووچەخۆران بەگشتی و مامۆستایان بەتایبەتی”.

لە یادداشتەكەیاندا داوا لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان دەكەن هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ فشارخستنە سەر حكوومەتی هەرێمى كوردستان بۆ ئەوەی دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی پەروەردە دەست پێ بكاتەوە و لە ڕۆژێكی دیاریكراوی مانگدا جێگیر بكرێت و مانگانە لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا بدرێت و یەكەم وەزارەتیش بێت لە خشتەی دابەشكردنی مووچەدا، بۆ ئەوەی لەوە زیاتر پرۆسەی خوێندن لەو سنوورانە پەكی نەكەوێت.

لە بەرامبەردا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، باسى لە ڕۆڵی مامۆستایان لە بزووتنەوەى ڕزگاریخوازی كوردستان كرد لە ڕۆژە سەختەكاندا و ڕایگەیاند: “بەبایەخەوە دەڕوانینە داواكارییەكانتان و سەرجەم داواكارییەكانیشتان داواكاریی ڕەوان و مافێكی سەرەتاییی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە كە مووچەكانیان پێ بدرێت، لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لەسەر خەت دەبین بۆ دابینكردنی مووچە و داواشی لە مامۆستایان كرد بگەڕێنەوە هۆڵەكانی خوێندن بۆ ئەوەی قوتابیان مافی ئەمساڵیان بەفیڕۆ نەڕوات”.

پاشان بێگەرد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمان، ئاماژەی بە ڕۆڵی مامۆستایان لە پێگەیاندنی نەوەیەكی تەندروست كرد و ڕایگەیاند: “وەك سەرۆكایەتیی پەرلەمان لە هەوڵەكانمان لەگەڵ حكومەتی هەرێم بەردەوام دەبین و داواكارییەكانتان دەگەیەنینە حكوومەت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ كێشە و داواكارییەكانتان”.

هەر لە دیدارەكەدا كە ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەى بەشێكی بوو، ئەویش لە لایەن خۆیەوە ڕوونكردنەوەی پێویستی سەبارەت بە مووچە و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و سەرچاوەی داهاتەكانی هەرێم خستەڕوو و ڕایگەیاند: “ئێستا بڕیاری خەرجكردنی پارەی هاندانى مامۆستایان دەركراوە و لە داهاتوویەكی نزیكدا هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی ئەو داهاتەی كە لەبەردەستماندایە مووچەی مامۆستایان و تەواوی مووچە خۆرانى هەرێم دابین بكەین”.

لە كۆتاییی دیدارەكەشدا بڕیار درا كە مووچەی وەزارەتی پەروەردە لە خشتەی دابەشكردنی مووچەدا، یەكەم وەزارەت بێت، هەر كاتێك كە وەزارەتی دارایی خشتەكە ڕادەگەیەنێت.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi