پەرلەمانتارهك: دۆخێ ئەمنیێ كەركووكێ تێك چوويە و نێزیكی ٦٠ وهلاتيێن سڤیل هاتينه كوشتن
كەركووك-KDP.info-
پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، دۆخی ئەمنیی كەركووك رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپتر دەچێت، چونكە زیاتر لە ٥٠ گرووپ و ھێزی جیاجیا لە سنووری پارێزگای كەركووك ھەن، بۆیە كۆنتڕۆڵكردنی دۆخی ئەمنیی ئەو شارە، ئەستەمە.
لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەر، حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەكان ئەو سنوورە دەپارێزن و ھێزی پێشمەرگە و ئاساییشی لێ نەماوە، بۆیە دۆخی ئەمنیی ئەو شارە زۆر خراپە و كوشتن و رفاندن و دزیكردن بەردەوامن، ماوەیەكیشە داعش جارێكی دیكە سەری ھەڵداوەتەوە و ھێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبییش لە سنووری كەركووك چەندین ناوچەیان چۆڵ كردووە، ئەمەیش وای كردووە ترس و دڵەڕاوكێ لای خەڵكی شارەكە دروست ببێت و، مەترسیی ئەوە ھەبێت داعش ھێرشی سەر كەركووك بكات.
ئەمیرە زەنگەنە، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، “لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەر، دۆخی ئەمنیی شاری كەركووك تێك چووە و كوشتن و رفاندن بەردەوامی ھەیە و دۆخەكە رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپتر دەچێت، لەبەر ئەوەی پێشمەرگە و ئاساییشی لێ نەماوە و كەركووك و دەوروبەری بە دەست حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵییەوەن، ئەوانیش توانای كۆنتڕۆڵی ناوشاریشیان نییە، چونكە حیسابمان كردووە ٥٣ گرووپ و ھێزی جیاجیای چەكداری بە ناوی جیاجیا لەناو كەركووك ھەن و، ئەمانەیش بۆ پاراستنی كەركووك نەھاتوون، بەڵكوو ھاتوون بازرگانی بەو شارەوە بكەن” .
زەنگەنە گوتیشی، “بە ھۆی ئەو فرەگرووپی و بێتواناییەی ئەوان، داعش جارێكی دیكە لە دەوروبەری كەركووك سەری ھەڵداوەتەوە، بە تایبەت لە سنووری ناحیەكانی ریاز و رەشاد جموجۆڵی زۆریان ھەیە و شانەی نووستوویان زۆرە لە ناوشار و، پەیوەندیی بەردەوامیان ھەیە لەگەڵ یەكتریدا، چونكە بینیمان حەفتەی رابردوو چۆن ژمارەیەك چەكداری حەشدی شەعبییان كوشتن، بۆیە لە ئێستادا جارێكی دیكە داعش لە ناوچەكە بڵاوەی پێ كراوەتەوە.”
ئاماژەیشی دا بەوەی كە، بە ھۆی ئەو مەترسییەی لەسەر كەركووك ھەیە، لە ئێستادا خەڵك بەرەو سلێمانی و چەمچەماڵ و ناوچەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان ڕادەكات.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی كردەوە، “كوشتن و رفاندن و دزیكردن بەردەوامی ھەیە، چونكە ئامارێك لای من ھەیە كە نزیكەی ٦٠ هاووڵاتیی سڤیل كوژراون، كە زۆرینەیان كوردن، ئەمەیش تەنیا ئەوەیە كە لای من ھەیە، ئەگەرنا رەنگە رێژەكە زۆر لەمەیش زیاتر بێت”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی