شاندهكى حکوومەتا ھەرێما کوردستانێ پشكداريێ د کۆنگرێ کوێتێ دا دکت
باسنيوز:
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، سەرەڕای ڕێگرییەکانی حکومەتی عێراق، بەڵام شاندی ھەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنگرەی کوێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق ،دەکات.
عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی بەشداریکردنی شاندی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە کوێت، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، لایەنە عێراقییەکان ھەوڵیان دا رێگریی لە بەشداریکردنی شاندی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەکە بکەن، بەڵام نەیانتوانی لەو رێگرییە بەردەوام بن، چونکە ”حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە دانپێدانراوە و دونیا مامەڵەی لەگەڵ دەکات”.
عەرەفات کەرەم پیی وایە چوونی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ کوێت بەڵگەی ئوەیە، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ”بەھێزە، ڕێزی لێ دەگیرێ و مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ، کەواتە پلانەکەیان بەرامبەر ھەرێمی کوردستان شکستی ھێنا”.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، کە پێشتر وەک فراکسیۆنی پارتی بە نووسراوی فەرمی داوایان لە باڵیۆزی کوێت لە بەغدا کردووە، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەشداری بکات لە کۆنگرەکە ”چونکە ئێمە ترسمان لەوە ھەیە، ئەو پارەیەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق کۆ دەکرێتەوە، لە شوێنی دیکە خەرج بکرێت. ئەگەر ئێمە بەشدار نەبین ئەوا ھەر پارە بدرێتە عێراق، یەک فلسی نادرێتە ھەرێمی کوردستان”.
ھەر لەوبارەیەوە شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “شاندەکەی ھەرێمی کوردستان پێکھاتووە لە وەزیری دارایی، وەزیری پلاندانان، پارێزگارەکانی سلێمانی، ھەولێر، دھۆک”.
پێشتر ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا لە لیدوانێکی رۆژنامەوانیدا داوای لە وڵاتە کۆمەکبەخشەکان کرد، ھاوکارییەکانیان بۆ عێراق بە پرۆژە بێت نەک بە پارە، چونکە ئەگەر پارە بدەنە عێراق، ئەوا بەشێکی زۆری لەلایەن ”بەرپرسە گەندەڵەکانەوە“ دەدزرێت.
بڕیارە لە رۆژانی ١٢-١٤ـی مانگی ٢ـی ٢٠١٨، لە کوێتی پایتەختی دەوڵەتی کوێت، کۆنگرەی ”دووبارە ئاوەدانکردنەوەی عێراق“ بە بەشداریی نوێنەرانی ٧٠ وڵاتی جیھان، بەڕێوە بچێت.
کۆنگرەکە لەلایەن عێراق، کوێت، یەکێتیی ئەوروپا، نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی دەکرێت و عێراق خوازیارە تێیدا ١٠٠ ملیار دۆلار وەک کۆمەکی نێودەوڵەتی بە دەست بھێنێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی