ل سلێمانيێ زنجیرەیەکا پيڤهلهرزا هاتنه تۆمارکرن
رووداو – هەولێر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ زنجیرەیەک بوومەلەرزە لە سلێمانی روویاندا، بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت، زیاتر لە 20 بوومەلەرزەی بچووک لە چەند شوێنێکی جیاوازی سلێمانی بە پلەی (2.5) بۆ (3.1)ـی رێختەر تۆمارکراون.
فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “کاژێر 00:00 بۆ 3:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ (سێشەمممە 6-2-2018) زیاتر لە 20 بوومەلەرزەی بچووک لە وێستەگەی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی چیای ئەزمەڕ تۆمارکراون و پلەکانیان لەنێوان ( 2.5) بۆ (3.1) بووە بە پلەی رێختەر، دووریەکەیشی 20 کیلۆمەتر بووە و دەکاتە سەنتەری ئەزمەڕ”.
بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان دەڵێت “بوومەلەرزەکان لە درەنگانی شەو روویانداوە و کاتەکەی هێمن بووە، لەبەرئەوەیە خەڵکی هەستیان پێکردووە”.
بەگوتەی فازڵ ئیبراهیم، پلەی رێختەری بوومەلەرزەکان کەمبووە دەشڵێت، رۆژانە ئەم بوومەلەرزە بچووکانە تۆماردەکرێن و خۆشبەختانەش هیچ زیانێکیان نەبووە و تەنیا هەستیان پێکراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە شەوی دووشەممە 5-2-2018 بوومەلەرزەیەك، لە سنووری حەوزی سۆران روویداوە و بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نەبووە.
رۆژی 12-11-2017، بوومەلەرزەیەكی بەهێز هەر چوار پارچەی كوردستان و چەند وڵاتێكی دیكەی هەژاند، بەهۆیەوە تەنیا لە باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر لە 200 كەس گیانیان لەدەستدا و سەتانی دیكەش برینداربوون.
بەپێی سەنتەرەكانی جیۆلۆجی ئەمریكا و ئێران و بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، نێوەندی بوومەلەرزەكە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان (هەڵەبجە و كرماشان) بووە، گوڕەكەشی لەنێوان 7 بۆ 7.6 پلەی رێختەر بووە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی