وەزارەتا بازرگانیا عێراقێ نڤيسینا کوردی ئێخسته سەر پسوولا ئاهێن خوارنێ
رووداو – هەولێر
وەزارەتی بازرگانیی عێراق، نووسینی کوردی لە پسوولەی خۆراکی پارێزگاکانی هەرێـمی کوردستان زیاددەکاتەوە، سەرەتاش لە پارێزگای سلێمانی دەستپێدەکات.
رۆژی چوارشەممە 31-1-2018، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوونی وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند “بەشی ژمێریاری پسوولەی خۆراک، نووسینی کوردیان لە پسوولەی خۆراکی پارێزگای سلێمانی زیاد کرد، ئەمەش دوای تەواوبوونی وردبینیکردن لەلایەن لیژنەی لاوەکییەوە، دواتریش نووسینی کوردی بۆ پارێزگای هەولێر و دهۆک زیاد دەکرێت”.
پێشتر نووسینی کوردی لەسەر پسوولەی خۆراکدا هەبوو، بەڵام ئەمساڵ لەسەر پسوولەکە لابرا و ئەمەش کاردانەوە و ناڕەزایی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوونی وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە؛ پێشتر وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان پێیوابووە، سڕینەوەی نووسینی زمانی کوردی لەسەر پسوولەی خۆراک، هەنگاوێکی سیاسی و مەبەستداربوو و رەتیانکردەوە وەریبگرن.
وەزارەتی بازرگانی دەڵێت “وەزارەت بە ئەنقەست ئەو کارەی نەکردووە، بەڵکو پێشتر گفتوگۆی زۆر کراون، پێش و دوای پسوولەی خۆراک، لەم ماوەیەدا وەزارەتی بازرگانی هەرێم بێدەنگ بووە، هیچ جوڵەیەکی نەکردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر زیادکردنی زمانی کوردی، لەگەڵ ئەوەی قسەی زۆر کراوە لەبارەی داتا و زانیارییەکان”.
بەشە خۆراکی مانگانە کە لەڕێگەی پسوولەی خۆراکەوە دابەشدەکرێت لە ساڵی 1996ـەوە لە عێراق کاری پێدەکرێت، سەرەتا بەشە خۆراکی زۆری لەخۆدەگرت، بەڵام ئێستا تەنها چوار بۆ پێنج جۆر خۆراک لەخۆدەگرێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی