پەرلەمانێ کوردستانێ چەند راسپاردە دهربارەی دۆخێ عەفرینێ دەركرن
رووداو- هەولێر
سەبارەت بەهێرشی سەربازی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عفرین لە رۆژئاوای کوردستان، پەرلەمانی کوردستان هەڵوێست دەردەبڕێت و کۆمەڵێک پێشنیازیش دەخاتەڕوو و بەپێویستی دەزانێت ، سنوری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوا کراوەبێ بۆ گەیاندنی هاوکاری و کۆمەکی پێویست لەڕووی تەندروستی و مرۆییەوە بۆ خەڵکی لێقەوماوی عفرین بەتایبەتی و رۆژئاوا بەگشتی.
لە راگەیێندراوەکەی پەرلەمانی کوردستان هاتووە ، پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (٥)ی رۆژی 30-1-2018 سەبارەت بەهێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان ، هەڵوێستی فەرمی گەلی باشووری کوردستانی بەم جۆرەی خوارەوە راگەیاند:
یەکەم: شەرمەزار و ئیدانەی هێرشی سەربازی دەوڵەتی تورکیا دەکەین بۆ سەر شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان.
دووەم: داوا لەنەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکەین بە خێرایی بێنە سەر خەت بەمەبەستی راگرتنی هێرشی ناڕەوای تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین.
سێیەم: پێویستە دەوڵەتی تورکیا رێز لەبنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و دراوسێیەتی بگرێت و، داواش دەکەین دەستبەجێ هێرش و پەلامارەکان رابگرێت.
چوارەم: داوا لە رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتیەکان و لایەنەکانی کۆمەکبەخش دەکەین بەهانای خەڵکی مەدەنی شاری عەفرینەوە بچن. لە پێشکەشکردنی هاوکاریی و دابینکردنی پێداویستیە مرۆییە سەرەتاییەکان.
پێنجەم: بەرگری رەواو قارەمانانەی ژنان و پیاوانی خەڵکی خۆڕاگری رۆژئاوا و کانتۆنی عەفرین بەرز دەنرخێنین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.
لەم سۆنگەیەشەوە ئەم پێشنیازانەی خوارەوە دەخەینەڕوو
یەک: سنوری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوا کراوەبێ بۆ گەیاندنی هاوکاری و کۆمەکی پێویست لەڕووی تەندروستی و مرۆییەوە بۆ خەڵکی لێقەوماوی عفرین بەتایبەتی و رۆژئاوا بەگشتی.
دوو: پێویستە هێز و لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکانی سەر ئەزموونی رۆژئاوا، ناکۆکییەکانیان بەلاوە بنێن و لە رێگای دایەلۆگ و یەکتر قبوڵکردنەوە یەکڕیزی نەتەوەیی دروست بکەن و دەستکەوتەکانیان بپارێزن.
سێ: بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەم قۆناغە بەپێویست دەزانین بۆ راپەڕاندنی ئەرکە هاوبەشە نیشتمانیەکان و، پێویستە بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان بەکردار بخرێتە سەرووی بەرژەوەندیە ئایدۆلۆژیی و حیزبی و سیاسیەکان.
لە کۆتاییدا بەناوی پەرلەمانی کوردستان سوپاس و ستایشی هەڵوێستی بوێرانەی جەماوەری گەلی کوردستان لەباشوور و رەوەندی کوردستانی لە وڵاتانی دەرەوە دەکەین، لە پشتیوانی شاری عەفرین و خەڵکی قارەمانی رۆژئاوا. هیواخوازین ناڕەزایی و چالاکی و خۆپیشاندانەکان بۆ کۆتایی هێنان بەهێرش و پەلاماری تورکیا بەردەوام بن. چونکە ئەزموونی رابردوو بۆ هەموو لایەکی سەلماندوە کێشە و ناکۆکییەکان بەهێز چارەسەر نابن و لۆژیکی گفتوگۆی ئاشتیانە کلیلی چارەسەری هەموو کێشەکانە.
سەرکەوتن بۆ ئیرادەی گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان
سڵاو و ستایش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان.
پەرلەمانی کوردستان
30-1-2018
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی