ئاب 01, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

دەستپێشخەرییا بارزانی: سەرۆكێ پەرلەمانى بۆ ئێكه‌تى و جێگرێ سەرۆكێ حكوومەتێ بۆ گۆڕان

دەستپێشخەرییا بارزانی: سەرۆكێ پەرلەمانى بۆ ئێكه‌تى و جێگرێ سەرۆكێ حكوومەتێ بۆ گۆڕان

رووداو- هەولێر235183Image1

نوێنەرەكەی بارزانی، ماوەی هەفتەیەك لە سلێمانی مایەوە و چەندین كۆبوونەوەی سازكرد، بڕیارە دووبارە بگەڕێتەوە سلێمانی و دەست بە خولێكی دیكەی دانوستاندن بكات، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان نوێنەرەكەی بارزانی بە مەرجێكی قورسەوە گەڕاندەوە لای بارزانی و یەكێتیش داوایەكی پارتی رەتكردەوە. نوێترین قسەی پارتی بۆ گۆڕان ئەوەیە كە “پارتی دۆخەكەی تێكنەداوە، بەڵام ئامادەیە چاكی بكاتەوە”.

خەریكە دەرگایەك بۆ دۆخە سیاسییە چەقبەستووەكەی كوردستان دەكرێتەوە، ئەویش دوای چەند كۆبوونەوەیەكی گرنگ لە 22-27/7/2016 لە شاری سلێمانی، لە نێوان نوێنەری بارزانی و بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی.
د.فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ماوەی یەك هەفتە بەبێ گەڕانەوە بۆ سەری رەش لە سلێمانی بوو. د.فوئاد حوسێن، وەكو نوێنەر و نێردراوی تایبەتی بارزانی چووە سلێمانی، تاوەكو چارەسەرێك بۆ دۆخە سیاسییەكە بدۆزرێتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) كە لە سەرچاوەیەكی باڵاوە دەستی كەوتووە، فوئاد حوسێن لە سلێمانی سێ كۆبوونەوەی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كردووە، دوو لە كۆبوونەوەكان دووقۆڵی بوون (یەكێكیان لەگەڵ گۆڕان و یەكێكیان لەگەڵ یەكێتی)، كۆبوونەوەی سێیەمیش سێ‌ قۆڵی بووە (نوێنەری بارزانی، گۆڕان و یەكێتی).

سەرچاوەكەی (رووداو) كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، باسی هەندێ زانیاری وردی سەردانی نوێنەرەكەی بارزانی بۆ سلێمانی دەكات، كە یەكەمجارە بڵاودەكرێنەوە “كۆبوونەوەی یەكەم لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ماوەی دوو كاژێر و نیو بووە، دواتر هەر لە سلێمانی لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، بەتەنیا كۆبووەتەوە، كۆبوونەوەی سێیەم بۆ ئێوارەخوانێك لەماڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بە حزووری نەوشیروان مستەفا و نوێنەری بارزانی كۆبوونەوەكە كراوە و كەسی دیكە تێیدا بەشدار نەبووە، كۆبوونەوەكەش سێ كاژێری خایاندووە”.

سەرچاوە باڵاكە دەڵێت “فوئاد حوسێن لەوە تێگەیشت كە كێشەكان گەورە نین، بەڵام گرێیەكان كە پێشتر دەكرا بە دەست بكرێنەوە، ئێستا دەبێ بە ددان بكرێنەوە و ئەم كۆبوونەوانە سەرەتایەكن بۆ ئەنجامدانی چەند كۆبوونەوەیەكی دیكە تاوەكو كێشەكان چارەسەر بكرێن”.

هەڵسوڕاوێكی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان كە ئاگاداری بڕیارە یەكلاكەرەوەكانی حیزبەكەیە، بە (رووداو)ی راگەیاند “نوێنەری بارزانی زیاتر هاتبوو، چێكی دۆخەكە بكات و بزانێ گۆڕان و یەكێتی چی دەڵێن، لە كۆتاییدا فوئاد حوسێن گوتی تێگەیشتم داوای چی دەكەن و داواكانتان دەخەمە بەردەم بارزانی”.

ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، لەبارەی ئەو داوایەی لەڕێگەی فوئاد حوسێنەوە بۆ بارزانی نێردراوە زانیاری زیاتری ئاشكرا كرد كە “یوسف محەممەد ئامادەیە بۆ گۆڕین، بەڵام بە مەرجێك، یوسف محەممەد سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكات تاوەكو یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەگۆڕدرێ، بەشێوەیەك سیستەمی سیاسی لە كوردستان پەرلەمانی بێ. هەروەها ماوەی سەرۆكایەتی بارزانی بۆ ساڵێك درێژ دەكەینەوە بە كەمكردنەوەی هەندێ دەسەڵاتەوە، دوای ئەوە ئەگەر سەرۆكی پەرلەمانیش بگۆڕدرێ لاریمان نییە”.

ئاواتی شێخ جەناب، هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی دەستپێشخەرییەكەی بارزانی بە (رووداو)ی راگەیاند “ئەوەی پارتی ناوی ناوە دەستپێشخەری، بەلای ئێمەوە هیچ نییە جگە لە كات كوشتن”. ئاواتی شێخ جەناب هەروەها دەڵێ “ئەم ماوەیە بەناوی گۆڕانەوە قسە زۆر دەكرێت، با من هەڵوێستی دروستی گۆڕانتان پێ رابگەیەنم، تاوەكو پارتی هەنگاوێكی كرداری نەیەتە پێشەوە، سەد دەستپێشخەری و كۆبوونەوە بكات، گۆڕان هەنگاوێك لەجێی خۆی ناجوڵێت”.

لەبارەی ئەو دەنگانەی كە دەگوترێت گۆڕان ئامادەیە دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ببێ، ئاواتی شێخ جەناب دەڵێ “ئەو قسانە بیركردنەوەی پارتیانەن، گۆڕان خاوەنی قسەی خۆیەتی، تاوەكو پەرلەمان بە سەرۆكایەتی د.یوسف ئاسایی نەبێتەوە، هیچ كۆبوونەوە و رێكەوتنێكی دیكەمان نابێت”.

هاوكات یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان داوایەكی پارتی لەڕێگەی فوئاد حوسێنەوە رەتكردووەتەوە. ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەوبارەوە بە (رووداو)ی گوت “فوئاد حوسێن پێشنیازی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی لەلایەن یەكێتییەوە خستە بەردەم هێرۆخان، بەرامبەر ئەوەی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی حكومەت زیاد بكرێ و بدرێتە گۆڕان، بەڵام هێرۆخان ئەم داوایەی رەتكردەوە و گوتی یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پڕناكاتەوە”.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە 30/7/2016 بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی كۆبووەوە، دواتر لە رێگەی دەركردنی بەیاننامەیەك رایانگەیاند “ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە هاوڕابوون لەسەر ئاساییكردنەوەی بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانیشتن و دیالۆگ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ سەرجەم كێشە و قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان”.

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بە (رووداو)ی راگەیاند “سەرۆك بارزانی دەیەوێ كێشەكان لەرێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكرێن”. گوتیشی “سەرۆك بارزانی سوورە لەسەر ئەوەی نێوماڵی كورد پەرتەوازە نەبێ و ئێستا دەبێ كورد بەیەك دەنگی، خۆی بۆ قۆناغی دوای داعش ئامادە بكات، چونكە ئەگەر خۆمان رێكنەخەین وەك جەنابی سەرۆك دەڵێت، دوای داعش مەترسی زۆر لەسەر كوردستان هەن”.

ئەحمەد كانی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی لەبارەی هەوڵەكانی حیزبەكەی بۆ چارەسەركردنی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان وەك بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، پارتی كات دەكوژێ و نایانەوێ كێشەكان چارەسەر بكەن، بە (رووداو)ی گوت “پارتی گەمە ناكات، بەڵكو دەیەوێ كێشەكان چارەسەر بكات”.

ئەحمەد كانی كە بەیەكێك لە سەركردەكانی پارتی نزیك لە ناوەندی بڕیار دادەنرێ، گوتی “سەرۆك بارزانی لە ناوەڕاستی مانگی رەمەزان و لە جەژنی رەمەزان پەیامی هەبوو، حیزبەكان دابنیشن و كێشەكان چارەسەر بكەن. هەر بۆیە د.فوئادی راسپارد كە لەگەڵ حیزبەكان كۆببێتەوە و دیارە سەردانەكەشی ئیجابی بووە و بەهەنگاوێكی باشی دەبینین”.

لەبارەی ئەوەی ئاخۆ پارتی چەندە جددیە بۆ چارەسەری كێشەكان، بەتایبەت لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كە دەڵێن پارتی تێكیداوەو دەبێ هەر خۆیشی چاكی بكاتەوە، ئەحمەد كانی دەڵێت “پارتی تێكی نەداوە، بەڵام ئامادەیە چاكی بكاتەوە. ئێستا پارتی لە خاڵە هاوبەشەكان دەگەڕێ بۆ ئەوەی خاڵە ناكۆكەكان چارەسەر بكەین”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi