بارزانی: پێتڤى يه رێککه‌فتنا سیاسی ل سه‌ر چاوانيا ب رێڤه‌برنا نه‌ینه‌وا پشتى ئازادکرنا مووسلێ ھهبت
ZNA- هه‌ولێر
ئه‌مڕۆ “مه‌سعود بارزانی” سه‌رۆکی ھه‌رێمی کوردستان پێشوازی له “ئاندرێ ڤالینی” وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ کاروباری په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تیی فه‌ڕه‌نسا و شاندێکی یاوه‌ری کرد که پێکھاتبوو له ئاڵان گیبغات کونسوڵی فه‌ڕه‌نسا له ھه‌ولێر و ژماره‌یه‌ک ڕاوێژکار و یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تیی فه‌ڕه‌نسا.
له دیداره‌که‌دا سه‌رۆک بارزانی سوپاسی گه‌ل و حکوومه‌تی فه‌ڕه‌نسای کرد که پاڵپشت و ھاوسۆزی گه‌لی کوردستان بوونه و سوپاسی سه‌رۆک ھۆڵاندیشی کرد که له کاتێکی ھه‌ستیار و له‌و کاته‌ی کوردستان له‌شه‌ڕدا بوو سه‌ردانی ھه‌رێمی کوردستانی کردووه و ئه‌وه‌یش مانایه‌کی زۆر تایبه‌تی ھه‌یه و گه‌لی کوردستان له‌بیری ناکات. سه‌ره‌خۆشیشی له که‌سوکاری قوربانیانی ڕووداوه تیرۆریستییه‌که‌ی شاری نیس کرد و ڕایگه‌یاند ئه‌و ڕووداوه به ڕوونی پێشان ده‌دات که تیرۆر دوژمنی ھه‌موو لایه‌که و ھهڕهشهیشه بۆ سه‌ر ھه‌موو جیھان. سه‌رۆک بارزانی جه‌ختی له‌وه کرده‌وه که گه‌لی کوردستان ڕێزێکی تایبه‌تی بۆ گه‌لی فه‌ڕه‌نسا ھه‌یه و به دۆستێکی نزیکی خۆی ده‌زانێت و ده‌ستخۆشیشی له تیمه سه‌ربازییه فه‌ڕه‌نسییه‌کان کرد که له شه‌ڕی تیرۆردا یارمه‌تیی ھێزی پێشمه‌رگه‌یان داوه. له‌درێژه‌ی قسه‌کانیشیدا وێڕای ئاماژه‌دان به سه‌رھه‌ڵدانی تیرۆر و په‌لاماردانی تیرۆریستان بۆ سه‌ر کوردستان ڕۆشنایی خسته‌سه‌ر ئازادکردنی موسڵ و جه‌ختی له‌وه کرده‌وه که له‌پێناو پاراستنی پێکھاته‌کان و دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی کاره‌سات له‌به‌رانبه‌ر خه‌ڵکی ناوچه‌که به تایبه‌ت ئێزیدی و مه‌سحییه‌کان پێویسته ڕێککه‌وتنی سیاسی له‌سه‌ر چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌دوای ئازادکردنی موسڵ ھه‌بێت و ھه‌رێمی کوردستانیش پاڵپشتی ڕێگه‌یه‌ک ده‌کات که دڵنیایی بداته پێکھاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌کان.
ھه‌ر له‌م دیداره‌دا وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تیی فه‌ڕه‌نسا به سه‌رۆک بارزانیی ڕاگه‌یاند که ھه‌ڵگری په‌یامی سه‌رۆک ھۆڵانده بۆ دووپاتکردنه‌وه‌ی دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندیی نێوان ھه‌ردوولا و ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو که فه‌ڕه‌نسا پشتیوانی گه‌لی کوردستانه له شه‌ڕی تیرۆریستان و دڵنیایشه که گه‌لی کوردستان سه‌رده‌که‌وێت و ستاییشی ھه‌وڵه مرۆییه‌کانی گه‌لی کوردستانی کرد له یارمه‌تیدانی ئاواره و لێقه‌وماوان و ڕایگه‌یاند که جیھان ئاگاداری قوربانیدان و ئازایه‌تیی پێشمه‌رگه‌یه و به چاوی ڕێزه‌وه سه‌یری مرۆڤدۆستی خه‌ڵکی کوردستان ده‌کات.
ھه‌ر له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا باس له ھه‌ڕه‌شه‌کانی تیرۆر و چۆنییه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندڕۆیی کرا و ھه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه ھاوڕابوون که پێویسته شه‌ڕی فکریی تیرۆر و توندڕۆیی بکرێت و سه‌رۆک بارزانی جه‌ختی له‌وه کرده‌وه که ڕۆڵی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی له شه‌ڕی ھزری تیرۆر و گرنگ و یه‌کلاییکه‌ره‌وه‌یه.
ئایینده‌ی ھه‌رێمی کوردستان و په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ به‌غدا ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی ئه‌و دیداره بوو.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی