ئەمیندارێ وەزارەتا پێشمەرگەى: ههيڤا 8 ئەمریکا دێ مووچێ 35 هەزار پێشمەرگەى دەت
تۆرا لالش يا راگههاندنێ
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بڕی 415 ملیۆن دۆلار بە وەزارەتی پێشمەرگە دەدات، پێدانی پارەکەش بەپێی خشتەیەک دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20\7\2016، جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بەپێی میکانیزمێک، ئەو پارەی لە چوارچێوەی پرۆتۆکۆلی هەولێر-واشنتۆن دێتە کوردستان، دابەش دەکرێت و کۆبوونەوە لە ئەمینداریەتیی گشتیی پێشمەرگە و ئەنجومەن و لە وەزارەتی ناوخۆ کراوە، لە کۆتایی گەیشتنە میکانێزمێک کە چۆن پارەی بۆ پێشمەرگە بەپێی پرۆتۆکۆلەکە دەدەن، دیارە ئەو پارەیە مانگ بە مانگ و بەپێی ئەو خشتەیەی ئامادە دەکرێت، دابەش دەکرێت، بەڵام بە گشتی لە نێوان 9 تا 11 مانگدا، ناردنی ئەو پارەیە بۆ کوردستان بەردەوام دەبێت”.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی ڕوون کردەوە: “ئەو پارەیەی لە چوارچێوەی پرۆتۆکۆڵەکە دەدرێت، مووچەی زیاد و پاداشت نییە، بەڵکو هەمان ئەو مووچەیەیە کە وەزارەتی دارایی بە پێشمەرگەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی دەدات، مووچەکانیان وەک خۆی دەمێنێتەوە لە پێشمەرگەیەکی ئاساییەوە تا بەرزترین ئاستی وەزارەتی پێشمەرگە”. گوتیشی: “بەشێکی مووچەی پێشمەرگە لە لایەن ئەمریکاوە دەدرێت، بەشێکی دیکەش لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەدرێت.
لە لێدوانەکەیدا بۆ (باسنیوز)، جەبار یاوەر جەختی لەوە کردەوە، هێشتا بە ڕوونی نازاندرێت لە لایەن واشنتۆنەوە بڕی چەند پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، بەڵام: “بەپێی یەکەکەکان بڕی پارەکە زیاد دەکرێت، بۆیە بەپێی پێشبینییەکان، لەسەرەتادا ئەوان مووچەی 35 هەزار پێشمەرگە دەدەن، بەڵام دواتر دەبێتە 40 هەزار و زیاتریش”.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەمڕۆ چوارشەممە، لەگەڵ تیمێکی ئەمریکی کۆبوونەتەوە و سەبارەت بە ناردنی پارە لە چوارچێوەی پرۆتۆکۆڵەکە، هەوڵ دەدەن: “وادەی ناردنی بڕە پارەکە بۆ پێش مانگی 8 پێش بخەین، تاوەکوو پێش ئەو وادەیە پارەکە دابەش دەکرێت”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی