نۆژدارێن بریتانیا: دڤێت پشکنینا پێشوەخت يا دلى بۆ وەرزشڤانان بێته كرن
رووداو- هەولێر
توێژینەوەیەکی بەریتانیا دەریخستووە وەرزشوانان دەبێت پشکنینی پێشوەختەی دڵ ئەنجامبدەن بەر لە ناوتۆمارکردن بۆ یانەیەک، چونکە بەشێكی یاریزانان نەخۆشیی بێدەنگی دڵیان هەیە و لەکاتی یاریکردن تووشی وەستانی دڵ دەبن.
د. سانجای شارما, پرۆفیسۆری نەخۆشییەکانی دڵ لە ئینگلتەرا دەڵێت پشکنینی پێشوەختە مەترسی وەستانی لەناکاوی دڵ لەنێو یاریگا کەمدەکاتەوە و روونیدەکاتەوە بەم پشکنینە دەتوانن دەستنیشانی نەخۆشییەکان بکەن و چارەسەری گرفتەکان بکەن.
وەستانی دڵ لەنێو یاریزانان، ئەو دۆخە مەترسیدارەیە، کە دڵ تێیدا لەناکاو لە وەستان دەکەوێت، بەتایبەت لەنێو یاریزانە گەنجەکان، هەرچەندە زۆر دەگمەنە لەنێو ئەوانەی کە لەوپەڕی تەندروستیدان.
هەندێك جار دۆخەکە پێچەوانە دەبێتەوە، جوڵەیەکی زۆر و وەرزشیکی هیلاککەر نەخۆشییەکی شاراوەی دڵ دەردەخات. پزیشكانیش لە ئینگلتەرا توێژینەوەیەک لەبارەی پشكنینی پێشوەختە بۆ نەخۆشییەکانی دڵ بەر لە وەرزشکردن ئەنجامدەدەن.
لە توێژینەوەیەکی پزیشكانی بەریتانیا دەرکەوتووە دەبێت پشكنینی نەخۆشییەکانی دڵ بۆ وەرزشڤانان بکرێتە مەرج بەر لە یاریکردن.
کۆمەڵەی پزیشكانی ئینگلتەرا پشکنینی دڵ بۆ سەرجەم یاریزانە گەنجەکانیش ئەنجامدەدات. لەنێوان ساڵانی 1996-2016 زیاتر لە 11 هەزار یاریزانی وڵاتەکە پشکنینیان بۆ کراوە کە تەمەنیان لە دەوروبەری 16 ساڵان بووە.
جگە لە پشکنینی فیزیکی و پرسیار لەبارەی مێژووی تەندروستی کەسەکە، یاریزانەکان پشکنینی هێلکاری دڵیان بۆ دەکرێت. کە کارەبایی دڵ پێوانە دەکات و زانیاری لەبارەی پێکهاتە و فرمانی دڵ دەداتە پزیشكەکە. هەرکاتێك گرفت لە هێڵکاری دڵ هەبوو، پشکنینی ئیکۆی دڵ و پشکنینەکانی دیکە ئەنجامدەدرێن.
توێژەرەکانی ئینگلتەرا بۆیان دەرکەوتووە وەک پێشبینیدەکرا، زۆربەی گەنجەکان هیچ گرفتێكی تەندروستییان نەبووە لەدوای پشکنینەکان، بەڵام لە هەر 266 ورزشڤانی گەنج، یەکێكیان نەخۆشییەکی بێدەنگی دڵ هەبووە، کە مەترسییە بۆ وەستانی دڵ.
هەواڵە دڵخۆشکەرەکە ئەوەیە کە نزیکەی ٧٠%ی ئەوانەی کە نەخۆشیی بێدەنگی دڵیان هەیە، دەتواندرێت بە نەشتەرگەری چارەسەریان بۆ بکرێت. بەمەش دوای چارەسەرکردنیان دەگەڕێنەوە نێو یاریگا.
لەنێو ئەوانەی کە پشکنینیان بۆ کراوە کە ١١ هەزار کەس زیاترن، هەشت کەسیان گیانیان لەدەستداوە، کە دوانیان هۆکارەکەی ئەوەیە هەر بەردەوامبوون لە وەرزش بەبێ چارەسەر، ٦ کەسەکەی دیکەش لە پشکنینەکە دەرنەکەوتووە کە نەخۆشییان هەیە.
پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی دڵ دەڵێت یەکێكە لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ئەو توێژیەنەوەیە ئەوەیە کە داوای پشکنینی هێڵکاری دڵ دەکات بەر لە یاریکردن، ئەمەش پشکنینێكی هەرزانە و دەتواندرێ لەلایەن هەموو یانەکان تەنانەت یانەکانی کە لەڕووی داراییەوە باش نیین ئەنجامبدرێت دوای ئەوەی دەرکەوت کە کەسێك گرفتی دڵی هەیە پشکنینە پێشکەتووەکان ئەنجامدەدرێن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی