خەلکێ کوردستانێ روو دکەنە خوارنا گۆشتێ حێشترێ
رووداو- سلێمانی
ژمارەیەکی روو لە زیادی خەڵک لە هەرێمی کوردستان، لەم دوو ساڵەی دواییدا روویان لە خواردنی گۆشتی حوشتر کردووە، ئەوەش پاش ئەوەی ژمارەیەک رێستورانت و کەبابخانە کرانەوە کە تەنیا گۆشتی حوشتر پێشکەش دەکەن. ناسیح قادر، یەکێک لەو کەبابچییانەی ئێستا لە قەزای سەیدسادق گۆشتی حوشتر پێشکەشی کڕیارەکانی دەکات، بە (رووداو)ی گوت: “ساڵی 2015 وەکوو تێست دەستم بەم ئیشە کرد، ئێستا ژمارەی کڕیارەکانمان هێندە زیادی کردووە هەفتانە 2-3 حوشتر سەردەبڕم”.
خواردنی گۆشتی حوشتر تەنیا لە وڵاتانی عەرەبی و باکووری ئەفریقا بڵاو بوو، بۆیە ئەو گۆشتە تەنیا بڕی 0.13%ی گۆشتی بەکارهاتووی جیهان پێکدێنێ.
گۆشتى حوشتر سوورە یان سپى؟
گۆشتی سپی کە بەگشتى گۆشتى پەلەوەرەکان دەگرێتەوە، چەوری و کۆلیسترۆڵی کەمترە و سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی پڕۆتینە، گۆشتی سووریش (گۆشتى ئاژەڵ) لەگەڵ ئەوەی چەوریی زۆرە، بەڵام پرۆتینێکی کواڵیتی باشی تێدایە و ئەو ئاسنەی کە تێیدایە ئاسانتر لە ریخۆڵەکانەوە هەڵدەمژرێت و باشترین سەرچاوەی ڤیتامین B12 یە.
هەرچەندە بەشێک لە توێژەران دەڵێن گۆشتی حوشتر شتێکە لە نێوان گۆشتی سوور و گۆشتی سپیدا، بەڵام زۆرینە لەگەڵ ئەوەن کە گۆشتی حوشتریش هەر گۆشتی سوورە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە زانراوە کە ئەگەر بەراوردی هەمان بڕ لە گۆشتی حوشتر و گۆشتی مانگا و بەرخ بکەین، ئەوە گۆشتی حوشترەکە چەوریی کەمترە و پڕۆتینی زیاترە.
گۆشتى سوور لە خۆت حەرام مەکە
گۆشتی سوور چەندین ڤیتامین و کانزاى تێدایە کە بۆ دەوڵەمەندکردن و هەمەڕەنگکردنی ژەمەکانمان گرنگن، بەڵام لەو ساڵانەی دواییدا نێوبانگی گۆشتی سوور هەندێک زڕاوە، چونکە هەندێک توێژینەوە ئاماژە بە پەیوەندیی نێوان خواردنی گۆشتی سوور و تووشبوون بە شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن و سستبوونی گورچیلە و چەندینی دیکە دەکەن، بەڵام ئایا بەڕاستی هەموو خواردنێکی گۆشتی سوور بۆ جەستە زیانی هەیە؟
پسپۆڕێکی خۆراک دەڵێ هەموو گۆشتێکی سوور وەکوو یەک نین. د.بینایی کامەران، پزیشکی پسپۆڕ لە زانستی خۆراکناسی بە “رووداو”ى گوت: “گرنگە بزانین ئاژەڵەکە ماڵییە و بە گژوگیا و خۆراکی سروشتی بەخێوکراوە یان نا، ئەمە تەندروستترە لەوانەی لە کێڵگەیەک بەخێو دەکرێن کە خۆراکی دەستکاریکراویان پێدەدرێ، هەروەها گۆشتی فرێش بەسوود و پڕ کانزا و ڤیتامینە، نەک ئەو گۆشتەی بۆ ماوەی درێژ هەڵدەگیرێ و رەگەزە بەسوودەکانی لەناودەچن و تەنیا کالۆرییە زۆرەکەی وەک خۆی دەمێنێتەوە”.
دکتۆرە بینایی دەڵێ گۆشتی سوور بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانە گرنگە کە لە گەشەی خێرادان و پێویستیان بە پرۆتین هەیە، بە تایبەت منداڵان و وەرزشکاران “بەگشتی رێنمایی خەڵکانی تەندروست دەکەین هەفتانە سێ جار زیاتر گۆشتی سوور نەخۆن و ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە وا باشە هەفتانە تەنیا یەک جار بیخۆن”.
پسپۆڕە خۆراکناسەکە دەڵێ لە تەمەنی 30 ساڵییەوە باشترە زیاتر ئاگامان لە خواردنی گۆشتی سوور بێ “گۆشتی سوور هەندێک هۆرمۆن بەرزدەکاتەوە وەکوو هۆرمۆنی (IGF1) کە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەمەن ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان زیاتر دەکات”.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی لایەنە نەرێنییەکانی گۆشتی سوور، دکتۆرە بینایی دەڵێت: “گۆشت ماددە ئۆکسێنەکانی تێدایە کە زیانبەخشن، بۆیە وا باشە لەگەڵ هەموو گۆشتخواردنێک، ئەو خۆراکانەش بخۆین کە دژە ئۆکسێنن، وەکوو برۆکلی و سپێناخ و پاقلەمەنییەکان”.
پسپۆڕێکی هەناویش دەڵێ ئەوانەی دەبێ تەواو واز لە خواردنی گۆشتی سوور بهێنن، ژمارەیان ئێجگار کەمە.
د.زانیار نووری عوسمان کە دکتۆراى لە نەخۆشییەکانی هەناو هەیە، بە (رووداو)ی گوت: “تەنیا ئەوانەی کە چەورییان ئێجگار بەرزە و ئەوانەی گورچیلەکانیان تەواو پەکیان کەوتووە، رێنمایی دەکرێن کە دەستبەردارى خواردنى گۆشتی سوور ببن”.
دکتۆرە بینایی دەڵێ ئەو کەسانەی واز لە خواردنی گۆشت دەهێنن، دەبێ بە وریاییەوە خواردنە رووەکییەکان هەڵبژێرن، بە جۆرێک سەرچاوەی باشی پڕۆتین هەڵبژێرن “دەبێ نیسک، پاقلەمەنی و چەرەس زیاتر بخۆن کە سەرچاوەی باشی پڕۆتینن”. هەروەک رێنماییان دەکات ڤیتامین B12 بەشێوەی حەب بەکاربهێنن. “ئەم ڤیتامینە نەک هەر لە رووەکەکان، بەڵکو لە ماسی و مریشکیشدا بە رێژەی پێویست نییە و گۆشتی سوور تاکە سەرچاوەی دەوڵەمەندییەتی کە بتوانێ بڕی پێویستی ئەو ڤیتامینە بە جەستە بدات”.
ڤیتامین B12 لەلایەن جەستەوە دروستناکرێ و دەبێ هەر لە خۆراکەوە وەربگیرێ، بۆ دروستکردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و باش کارکردنی دەمارەکان گرنگە و کەمبوونی لە جەستەدا دەبێتە هۆی هەستکردن بە ماندووبوون، دڵەکوتێ، نەمانی ئارەزووی خواردن، کەمخوێنی، سڕبوونی جەستە، بێهێزیی ماسولکە، لاوازی بینایی، تێکچوونی یادەوەری، خەمۆکی و گۆڕانی هەڵسوکەوت.
گۆشتی حوشتر مەترسی هەیە؟
هەریەک لە د.بینایی و د.زانیار تایبەتمەندییەکی زۆر جیاواز نابیننەوە کە گۆشتی حوشتر جیابکاتەوە لە گۆشتە سوورەکانی دیکە.
پزیشکێکی ڤێتەرنەریش دەڵێ لەڕووی نەخۆشییە گوازراوەکانەوە جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان حوشتر و مانگا نییە.
دکتۆر بێستوون ئەبوبەکر، پزیشکی ڤێتەرنەری بە (رووداو)ى گوت: “لەو نەخۆشییانەی لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە، دەتوانین بڵێین هەموویان هاوبەشن، بەڵام بەپێی شوێن دەگۆڕێت، واتە ئەو جێگەی ئاژەڵەکەی تێدا بەخێو دەکرێت چ نەخۆشییەکی گوازراوەی تێدا بڵاوە. هەرچەندە هەندێ نەخۆشی زیاتر تووشی جۆرێک دەبێت، بۆ نموونە هەندێک لە کرمەکان لە حوشتردا زۆرتر بڵاون”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی