كورهكێ كورد نمایشكهرهكێ ب ناڤ و دهنگێ ئەوروپایە
گولان ميديا:
زۆربەی كوڕان و كچانی كورد لە نێوەند و بوارە جیاجیاكانی جیهان رۆڵی خۆیان دەبینن، هەر یەكە بە بەهرە و كار و پرۆژەكانی بەشداری یەكێك لە بوارەكان دەكەن، یەكێك لەو نموونانە كوڕە كوردێكی شاری هەولێرە بە ناوی (كارۆخ یونس) كە تەمەنی (28) ساڵە و لە ساڵی (2008) كوردستانی جێهێشتووە و ئێستاش بۆتە یەكێك لە نمایشكارانی جلوبەرگ و لە زۆربەی نمایشەكانی وڵاتانی ئەوروپا بەشداری كردووە، وەك: نمایشی پاریس، ئیستانبول، سۆفیا، ئەمستردام، برۆسلیس، دۆسیلدۆرف، ئەوەی تیایدا رۆڵی سەرەكی بینیوە كە بەناوبانگن بریتین لە: نمایشی (سبێستیان و فاشیۆن ویك). كارۆخ دەربارەی نمایشكاری خۆی بۆ گوڵان دەڵێ: «لە منداڵییەوە حەزم لە بواری جلوبەرگ بووە و هەمیشە لەو كارە نەوەستاوم تا توانیم لە نمایشەكاندا بەشداری بكەم، پێموایە كۆمەڵگەی كوردی لەو بوارەدا ترسی هەیەو ناتوانن بە ئاسانی خۆیان لەو كارە بدەن، بەڵام من ئەو رێگەیەم گرت تا كوردیش وەكی نەتەوەكانی دیكە نموونەمان لەو بوارەدا هەبێت، حەزی منیش بۆ ئەو بوارە ئەوە بوو كە بتوانم نمایشكاری لە نێو كۆمەڵگای كوردیدا بە شتێكی ئاسایی سەیربكەن وەك هەر هونەرێكی دی، كاری نمایشكاریش لەسەر حەزی خۆی دەوەستێت و ئەوەی پێویستە ببێتە نمایشكار، دەبێ هەوڵی بۆ بدات وەك وەرزشكردن تا جەستەیەكی جوانت هەبێت، چونكە جەستە گرنگە بۆ نمایشكار.» گوتیشی: «لە كۆمەڵگەی كوردی بواری نمایشكاری فەرامۆش كراوە، بۆیە پێم خۆش بوو دەستپێشخەر بم، چونكە بوارێكی زیندووە و لە زۆربەی وڵاتان دەكرێتەوە، هەوڵیش دەدەم كوردستانیش وەك وڵاتانی دیكە بگەنە ئەو ئاستە پەرە بە كاری مۆدێل و نمایشكاری بدەن. جوانی جەستە و جوانی روخسار مەرجە بۆ كەسایەتی نمایشكار، بەڵام زیاتر كەسایەتی بۆ نمایشكار گرنگە، ئەوەش ناشارمەوە كە كوڕ و كچی كورد جوانن و جوانیش هەن لە كوردستان تا ببنە نمایشكار، بەڵام بەداخەوە لەوانەیە رۆڵی خێزان و كۆمەڵگە رێگەیان پێنەدەن، زۆر جار كە گەڕاومەتەوە كوردستان هەوڵم داوە كۆمەڵێك كچ و كوڕ هەڵبژێرم و نمایشێكی جلوبەرگ ئەنجام بدەم، بەڵام بێسوود بووە، تەنانەت زۆر لە كچان و كوڕان پێوەندیم پێوە دەكەن. لە نێو كۆمەڵگەی ئێمەشدا ئافرەتان دوورەپەرێزن لە كاری نمایشكاری، پێویستە پاڵپشتی هەبێت.» وەك باسیكرد ئەو نمایشكارانەی كە پێیان سەرسامە بریتیین لە: جۆن كۆرتاجارینا، دەیڤید گاندی واك زیچ (ئەدریانا لیما).
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی