جههوهر عهلى بهگ: میر و جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدییان سەردانی بەغدا دەکەن
باسنيوز :
لە چاوپێکەوتنێکی (باسنیوز)دا، میرجەهوەر عەلی بەگ، وەکیلی میری ئێزدییان ڕایگەیاند، میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییان لەگەڵ جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدییان سەردانی بەغدا دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ڕەوشی ئێزدییان و ئێستا لەلایەن میری ئێزدییانەوە دەستپێشخەری کراوە بۆ کۆکردنەوەی بۆچوونی ئێزدییان بە ئامانجی چارەسەکردنی ڕەوشی ئێزدییان، بەتایبەتی ڕەوشی شنگال.
(باسنیوز) میری ئێزدییان لەناو ئێزدییاندا دەستپێشخەرییەکی کردووە، ئامانج لەو دەستپێشخەرییە چییە؟
میر جههوهر عهلى بهگ: میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییان لەگەڵ جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدییان دەستپێشخەرییەکیان کردووە لەناو سەرۆک هۆز و کەسایەتییە ئێزدییەکاندا و چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لەگەڵ خەڵکی شنگال کۆ بوونەوە و لەسەر ڕەوشی ئێزدییان، بەتایبەتی ڕەوشی شنگال گەنگەشەیان کرد بۆ ئەوەی هەوڵی چارەسەرکردنی ڕەوشی ئێزدییان بدرێت، چونکە لەمێژ بوو دوورکەوتنەوەیەک هەبوو، ئێستا لەلایەن میر حازم تەحسین بەگەوە کار دەکرێت و لەگەڵ جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدیان هەوڵ دەدەن پەیامی هەموو ئێزدییان ببێتە یەک و زیاتر داوای مافی ئێزدییان بکرێت، بەتایبەتی لە حکوومەتی عێراق.
(باسنیوز) بۆچوونی ئێزدییەکان کە کۆ دەکرێتەوە بە کێ دەدرێت؟
جههوهر عهلى بهگ: ئێستا ئێمە دەستمان بە نووسینەوەی بۆچوونی ئێزدییان کردووە و ئەو بۆچوونانە گەنگەشە دەکرێن و کۆبوونەوەیان لەسەر دەکرێت و کە حکوومەتی نوێی عێراق پێک بێت، دواکارییەکانی ئێزدییان ڕەوانەی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی ئێزدییەکان ببنە یەک و یەکگرتوو بن، چونکە هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئێزدییەکاندا نییە، هەموومان برای یەکین، ئێزدییەکان سەر بە هەر لایەنێکی سیاسی بن، کێشە نییە، بەڵام پێویستە ئێزدیایەتی لەبەرچاو بگیرێت و هەموان کار بکەن بۆ ئەوەی ئێزدیایەتی بەرەوپێش ببەن، ئەوە ئامانجی ئێمەیە کە لەگەڵ هەموو خەڵکی ئێزدی کۆ بینەوە و بۆچوونیان وەربگرین.
(باسنیوز) دەستپێشخەریی میری ئێزدییان بۆ کۆکردنەوەی ئێزدییەکان بەردەوام دەبێت؟
جههوهر عهلى بهگ: تا ئێستا لەگەڵ کەسایەتی و ڕیشسپییەکانی قەزای شنگال و ئێزدییەکانی سەر بە پارێزگای دهۆک و مووسڵ کۆبوونەوەیەک کراوە، ئێستاش لەگەڵ ڕۆشنبیرانی ئێزدی کۆبوونەوە دەکرێت لەسەر کێشە و گرفتی ئێزدییان بۆ ئەوەی بۆچوونی ئەوان وەربگیرێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەسەری لێک نزیکبوونەوەی ئێزدییان.
(باسنیوز) بۆ چارەسەرکردنی ڕەوشی شنگال داوای چی لە بەغدا دەکەن؟
جههوهر عهلى بهگ: کە حکوومەتی نوێ لە عێراق پێک بێت، میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدیان لەگەڵ جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدییان سەردانی بەغدا دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ڕەوشی ئێزدییان، بەتایبەتی ڕەوشی شنگال و ئاوارەکان لەناو کەمپەکاندا و دابینکردنی ئاسایش و ئاوەدانی و بەشداریی ئێزدییان لەناو حکوومەتی نوێی عێراقدا.
س.س
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی