فەرەنسا كۆچبەرێن كورد ژ سنوورێ بریتانیا دووردئێخت
رووداو – هەولێر
رۆژی هەینی، 7ـی ئەیلوول، پۆلیسی فەرەنسا 500 كۆچبەری لە كەمپێكی نزیك شاری دونكیرك دوورخستەوە كە زۆرینەیان كوردی باشووری كوردستانن. بەرپرسانی ئەمنیی فەرەنسا بە رۆژنامەی (ساندەی تایمز)ی بەریتانییان راگەیاندووە كە ئەو كۆچبەرانە بۆ شار و شارۆچكەكانی دیكەی فەرەنسا گوازراونەتەوە، لەوێ هاندەدرێن كە لە فەرەنسا داوای مافی مانەوە بكەن.
بەندەری شاری دونكیرك دەكەوێتە بەرامبەر بەریتانیا، بۆیە زۆربەی ئەو كۆچبەرانەی بەنیازی بەریتانیان، روو لە كەمپە كاتییەكانی نزیك ئەو شارە دەكەن یان لە دارستانەكاندا خێوەت هەڵدەدەن. لەوێ هەوڵ دەدەن بە قاچاخ بپەڕنەوە بۆ بەریتانیا.
ئێریك ئیتیەن، بەرپرسێكی ئیدارەی ناوچەكە، بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی راگەیاند كە 200 بۆ 300 پۆلیس لەو ئۆپەراسیۆنەدا بەشدار بوون و كەشەكەش ئارام بووە. ئیتیەن ئاشكراشی كردووە 95%ی كۆچبەرەكان خەڵكی هەرێمی كوردستان بوون كە خزم و ناسیاویان لە بەریتانیایە و دەیانەوێ لەو وڵاتە وەربگیرێن.
بەرپرسانی ئیدارەی ناوچەكە بە ئاژانسەكەیان راگەیاندووە، ئەو ئۆپەراسیۆنە بەشێكە لە هەڵمەتێكی حكومەت بۆ رێگریكردن لە دروستبوونی “شارۆچكەی هەڕەمەكی” كە ساڵانی رابردوو بەهۆی كۆبوونەوەی هەزاران كۆچبەر لە سنوورەكانی باكووری فەرەنسا دروست ببوون. ئیتیەن لەوبارەیەوە بە رۆژنامە بەریتانییەكەی راگەیاند :”ئەو كۆچبەرە كوردە عێراقییانە لە رەوشێكی زۆر پیسدا دەژیان”.
بەرپرسانی ئیداری ناوچەكە رایانگەیاندووە كە پۆلیس لە شوێنەكە دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی رێگە لە دروستبوونەوەی كەمپی لەو جۆرە بگرن. بەڵام میدیاكانی فەرەنسا رەخنەی ئەوە لە حكومەتی وڵاتەكەیان دەگرن كە لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا ئەوە دووەمجارە كەمپەكە لە ناوچەی گراندی سینس لە نزیك دونكیرك بەتاڵ بكرێ و هەردوو جارەكەش كۆچبەران گەڕاونەتەوە و كەمپیان دروستكردووە.
چالاكڤانانی رێكخراوە خێرخوازییەكان لە لێدوانیان بۆ (تایمز)ی بەریتانی، باسی ئەوە دەكەن كە زۆربەی كوردەكانی باشووری كوردستان هەزاران پاوەندیان بە قاچاخچییەكان داوە بۆ ئەوەی بیانبەنە بەریتانیا، بۆیەش ئامادە نابن داوای مافی پەنابەرێتی لە فەرەنسا بكەن.
مانگی رابردوو پەرلەمانی فەرەنسا یاسایەكی نوێی پەسەند كرد كە تێیدا بڕیار دراوە ماوەی پرۆسەی لێكۆڵینەوە و وەڵامدانەی كۆچبەر و پەناخوازەكان لە 120 رۆژەوە بۆ 90 رۆژ كەم بكرێتەوە، یاساكە كۆمەڵێك ئاسانكاریشی بۆ دەركردنی ئەو كۆچبەرانە كردووە كە بڕیاری نێگەتیڤیان وەرگرتووە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی