مەسروور بارزانی: بەغدا خۆ ژ دەستوورى ڤهددزت
رووداو – هەولێر
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی نوێی نەرویج لە ئوردن و عێراق کرد و جەختی لە دانوستاندنەکان لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی دەستوور کردەوە و روونیکردەوە، کە هەرێمی کوردستان ئەرکە دەستوورییەکانی جێبەجێکردووە، بەڵام لە بەغدا خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی کۆی دەستوور وەک یەک پەکێج هەیە.
رۆژی دووشەممە 5-3-2018، مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە تۆن ئالەرس، باڵیۆزی نوێی نەرویج لە ئوردن و عێراق کرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی نەرویج سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژ بە تیرۆر راگەیاند و ئاماژەی بەوەشدا کە “نەرویج بە گرنگییەوە دەڕوانێتە رۆڵی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا و خوازیاری فراوانترکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن”.
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، باڵیۆزی نەرویج لە عێراق و ئوردن پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا دووپاتکردوە و ئاواتی خواست هەرچی زووتر ئەم دانوستاندنانە ئەنجامی ئەرێنیی لێ بکەوێتەوە.
هاوکات مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئاواتی سەرکەوتنی بۆ تۆن ئالەرس لە پۆستە نوێیەکەیدا خواست و ستایشی وڵاتی نەرویجی بۆ ئەو پاڵپشتی و هاوکاریانە کرد، کە لە چوارچێوەی هاپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعشدا پێشکەشی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی دوا رەوشی عێراق و ناوچەکە لە دیدارەکەدا رایگەیاند، دەبێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاراتر ئەرکەکانی لە ناوچەکەدا جێبەجێبکات تاوەکو زەمینە بۆ سەرهەڵدانی تووندوتیژی و گەشەکردنەوەی تیرۆر نەڕەخسێتەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی