حوزه‌یران 22, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

ل كوردستانێ 5 ژن سەرۆك لیستن

ل كوردستانێ 5 ژن سەرۆك لیستن

رووداو – سلێمانی

لە پارێزگاكانی سلێمانی و دهۆك، ژمارەیەك ژن سەرۆكایەتی لیستی حیزبەكان دەكەن بۆ ئەو هەڵبژاردنەی وا بڕیارە رۆژی 12ی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێ. سەرۆكی لیستی حیزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان دەڵێ، ئێمە وەك ژن ناترسین لە هەڵبژاردن “بەشداریكردن بۆ خۆی بردنەوەیە”.

پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان، حیزبی سۆشیالیست، حیزبی شیوعی، لە هەندێك پارێزگا، سەرۆكی لیستەكانیان ژنن. ئەمەش خاڵێكی جیاكەرەوەی ئەم هەڵبژاردنە دەبێت لەوانەی پێش خۆی.

حیزبی شیوعی، تەنیا لە سلێمانی لیستی هەیە. سەرۆكی لیستەكە و تەواوی ئەندامانی لیستەكەش كە پێنج كەسن ژنن. شلێر عەبدولمەجید، سەرۆكی لیستەكە دەڵێ مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی لە پێناوی ئەوە بڕیاری داوە تەواوی كاندیدەكانی ژن بن “گوتمان با ئەمجارە رێژەی ئافرەت لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر بكەین”.

بەپێی یاساكانی هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، دەبێ ژنان لە 25%ی لیستی كاندیدەكان كەمتر نەبن، بەڵام هێشتا ئاسانكاریی دیكە خراوەتە بەردەم ژنان بەهۆی باری كۆمەڵایەتی و ئاستی هۆشیاریی دەنگدەران لە عێراقدا كە ئەویش لەبەرچاوگرتنی رێژەی كۆتایە بۆ ژنان. ئەوەش وادەكات كە لیستەكان و حیزبەكان هیوایەك لە كۆتای ژنان وەربگرن.

بەڵام حیزبی شیوعی لەم هەڵبژاردنەی ئەمجارەدا بێبەش دەبێ لە كۆتای ژنان. سەرۆكی لیستەكە دەڵێ “ئەگەر لیستەكەمان پیاوی تێدا بووایە كۆتای ئافرەتان دەیگرتینەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەموو ژنین كۆتا نامانگرێتەوە و دەبێت بە دەنگی خۆمان سەربكەوین”.

دهۆك هەمیشە بە پارێزگای مسۆگەری پارتی دیموكراتی كوردستان ئەژمار دەكرێ. ئەمجارە پارتی لەو پارێزگایە ئافرەتێكی كردووەتە سەرۆكی لیستەكەی. ڤیان سەبری، پێیوایە هۆكاری زۆر هەیە بۆ ئەوەی بكرێتە سەرۆك لیست و دەڵێ ئەو جگە لەوەی دكتۆرای لەبواری نەخۆشییەكانی ژنان و منداڵان هەیە، هەروەها خاوەنی بۆردە لە بواری تەندروستیی كۆمەڵ و ئەندامی یەدەگی سەركردایەتی پارتیشە.

لیستەكەی پارتی لە پارێزگای دهۆك لە 22 كەس پێكهاتووە كە 8 لەوانە ژنن. ڤیان سەبری دەڵێ “پارتی بایەخێكی زۆر بە ئافرەت دەدات و هەموو ئەو كار و پیشانەی لە ماوەی رابردوو هەمبووە، وادەكات بتوانم خزمەتێكی زۆرتر بە خەڵك بكەم لە پارێزگای دهۆك”.

لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا، بەشێك لە خەڵكی لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا پێیانوابوو هێشتا ژن لە هەڵبژاردندا سوود لە جوانی و سیستمی كۆتا وەردەگرن بۆ ئەوەی بگەنە پەرلەمان، بەڵام ژنە كاندیدەكان ئەوە رەتدەكەنەوە و وای دەبینن كە بە تێپەڕینی كات لای خەڵك بەشداریی ژن لە بواری سیاسەت و حوكمڕانیدا ئاسایی دەبێتەوە.

لە پارێزگای كەركووك، یەكگرتووی ئیسلامی سەرۆكی لیستەكەی ژنێكە بەناوی جوان حەسەن عارف كە ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكە. جوان دەڵێ ئەو هەڵبژاردەی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەیەتی بۆ سەرۆكایەتی لیستی یەكگرتوو “پڕۆژە و چالاكییەكانمان شاهێدی ئەوەم بۆ دەدەن كە نەك متمانەم بەخۆم هەبێ، بەڵكو چاوەڕێ بكەم ئەگەر دەنگی یەكەم نەبن، دووەم بم”.

لە ساڵی 2009 وە، پارێزگای سلێمانی بووەتە گۆڕەپانێكی سەخت بۆ یەكێتی، بەو پێیەی بزووتنەوەی گۆڕان بەهەمانشێوە ئەو پارێزگایە بە چەقی قورسایی خۆی دەزانێ و ركابەرێتی لەگەڵ دەكات. بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا هێز و لایەنی دیكەش هاتوونەتە پێشەوە كە چاویان لە سلێمانییە وەك نێوەندی جەماوەریی خۆیان. لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتی ژنێك وەك سەرۆك لیست دەخاتە نێو ئەو كێبڕكێیەوە كە ئەویش د.جوان ئیحسانە.

حیزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستانیش كە ساڵانێكی زۆرە هەوڵ دەدات نوێنەرێكی بگەیێنێتە پەرلەمانی عێراق و بەهۆی كورتهێنانی دەنگەكانییەوە تاوەكو ئێستا بەو ئامانجە نەگەیشتووە، لەم هەڵبژاردنە لە رێگەی لیستێكەوە چانسی خۆی تاقی دەكاتەوە كە ژنێك سەرۆكایەتی دەكات.

تانیا تاهیر، سەرۆكی لیستەكە دەڵێ بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی دانراوە و لە خولەكانی پێشووی پەرلەمانی كوردستانیش ئەوان نوێنەری ژنیان هەبووە “لیستی ئەمجارەمان حەوت كەسین و دوویان ژنە، متمانەی تەواومان بەخۆمان هەیە. بۆ ژن بەشداریكردن لەم ململانێیە بۆ خۆی بردنەوەیە”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi