هەموو 40 چرکەیەکێ کەسهك خۆ دکوژت
رووداو-سلێمانی
رێکخراوی تەندروستی جیهانیی و هاوبەندیی نێودەوڵەتی بۆ رێگری لە خۆکوژی لەژێر دروشمی (پێکەوە بۆ رێگریی لە خۆکوژیی) یادی رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی خۆکوژی دەکەنەوە کە 10ی سێپتەمبەری هەموو ساڵێکی بۆ دیاریکراوە.
لە ساڵی 2003 وە رێکخراوی تەندروستی جیهانیی دەستپێشخەریی هاوبەندیی نێودەوڵەتی بۆ رێگری لە خۆکوژی پەسەندکردووە بە دیاریکردنی رۆژی 10ی سێپتەمبەری هەموو ساڵێک وەکوو رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی خۆکوژی و ساڵی 2004 بۆ یەکەمجار رۆژەکە بەرزڕاگیرا.
ئامانج لە رۆژەکە یەکخستنی هەوڵەکانە بۆ رێگری لە خۆکوژی و دابینکردنی چارەسەری پێویست بۆ ئەوانەی لە مەترسی خۆکوشتندان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی و گرنگیدان بە راپۆرتەکانی تایبەت بە خۆکوژی و رێگریکردن لە دەستکەوتنی کەرەستە بڵاوەکانی خۆکوژی.
تاوەکوو ئێستاش خۆکوژی ئاڵنگارییەکی جیهانییە و یەکێکە لە 20 هۆکارە سەرەکییەکەی مردن، بە جۆرێک هۆکاری مردنی 800 هەزار کەسە لە هەر ساڵێکدا، واتە هەر 40 چرکە کەسێک خۆی دەکوژێت.
رێکخراوی تەندروستی جیهانیی دەڵێ خۆکوژی لە هەموو ناوچەکانی جیهان هەیە، بەڵام 79%ی خۆکوژییەکان لە وڵاتانی هەژار و مامناوەند روودەدەن، وەک لە ئاماری ساڵی 2016 دەرکەوتووە.
جگە لە نەخۆشی و ناسازییە دەرونییەکانی وەک خەمۆکی و هەڵسوکەوتە ناتەندروستانەکانی وەک زۆر خواردنەوەی مەی، هۆکاری دیکەش هەن بۆ خۆکوژی، کاتێک کەسێک لەپڕ و لە ئەنجامی قەیرانێکی کتوپڕدا خۆی دەکوژێ لە ئەنجامی هەرەسهێنانی توانای زاڵبوون بەسەر گوشارەکانی ژیان، هەر لە گرفتە ماددیەکان تاوەکوو شکستهێنانی پەیوەندییەکان. هەندێکجاریش ئازار و نەخۆشی درێژخایەن هانی خۆکوژی دەدەن لە هەندێک کەسدا.
هەروەها هۆکاری دیکەش هەن وەکوو؛ ململانێ و کارەسات و توندوتیژی و مامەڵەی خراپ و هەستکردن بە تەنیایی. لەنێو هەندێک چین و توێژیش رێژەکە بە گشتی زیاددەکات، وەکوو ئەو چین و توێژانەی لە کۆمەڵگەدا لاوازن و تووشی جیاکاری دەبن، وەکوو کەمینەکان و ئاوارەکان و زیندانییەکان.
سەبارەت بە رێگانی خۆکوژیش، ئەوە 20% ی حاڵەتەکان بەهۆی بەکارهێنانی قڕکەرەکان دەبن کە لە ناوچە گوندی و کشتوکاڵییەکان بەردەستن و لە بنەڕەتدا بۆ قڕکردنی گژوگیا و زیندەوەری زیانبەخش درووستکراون. رێگا بڵاوەکانی دیەش بریتین لە خۆهەڵواسین و بەکارهێنانی چەک.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی