سالانە نێزیكی 10 زهلامان ب دەستێ ژنان دئێنه كوشتن
رووداو- سلێمانی
رێكخراوەكەی بورهان عەلی، یەكێتی پیاوانی كوردستان وەك رۆژە بەراییەكان نییە كە بەشێكی زۆری خەڵك بە نامۆیی سەیریان دەكرد. ئێستا ژمارەی ئەندامەكانی 7500 كەسی تێپەڕاندووە و لە زۆربەی شار و شارۆچكەكان نووسینگەیان هەیە بە وڵاتانی ئەوروپیشەوە. زۆربەی ئەو پیاوانەی روو لە رێكخراوەكە دەكەن گرفتاری دەستی ژنەكانیانن.
بورهان عەلی باسی جۆری ئەو سكاڵایانە دەكات كە دێنە لایان و دەڵێ: “زۆرترین سكاڵا لەبارەی بێبەشكردنی پیاوانە لە مافی باوكایەتی. دوای ئەویش دەستوەردانی كەسی سێیەمە لە ژیانی ژن و مێرد”.
ئەو هەروەها دەڵێت: “سكاڵاكان جۆراوجۆرن. لەنێو گەنجەكاندا بەتایبەت ئەوانەی تەمەنیان كەمە پەشیمانییە لە ژنهێنان”.
ئەو لە نموونەی بێبەشكردنی پیاواندا لە مافی باوكایەتی دەڵێت: “حاڵەت هەیە باوكەكە دراوسێی ماڵی ژنەكەیەتی كە جیابوونەتەوە، بەڵام ژنەكە بە ساڵ رێگەی نەداوە منداڵەكەی ببینێ”.
هەندێك لەو پیاوانەی پەنا بۆ رێكخراوەكەی بورهان دەبەن، بەساڵاچووەكانن كاتێك هێز و بازووی كاركردنیان نامێنێ و لە هەندێك خێزاندا دەكرێنە دەرەوە “ئەم پیاوانە هەندێكیان بەهۆی مردنی ژنی یەكەمیان، ژنێكی گەنجتر لە خۆیان دەهێنن، ژنەكە بە پلان هەموو سامانەكەی لەژێردەستی دەردەهێنێ و بە یاسا لەسەر خۆی تاپۆ دەكات، دواتریش پیاوەكە دەردەكات”.
ساڵانە 10 پیاو لەلایەن ژنانەوە دەكوژرێن
بەپێی ئامارەكانی یەكێتی پیاوان، توندوتیژی بەرامبەر پیاوان زیادی كردووە. ساڵانەش نزیكەی 10 پیاو بەدەستی ژن دەكوژرێن. ساڵی 2017 پیاوان 614 سكاڵایان لەدژی ژن و منداڵەكانیان تۆمار كردبوو. تەنیا لە 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵیشدا 411 سكاڵا لەلایەن پیاوانەوە لەدژی ژن و منداڵەكانیان تۆماركراون.
هەر بەپێی ئامارەكانی ئەو رێكخراوە، ساڵانە نزیكەی 10 پیاو بە دەستی ژنەكانیان دەكوژرێن كە ژنەكە بە هاوكاریی پیاوانی دیكە تاوانەكە دەكات.
بورهان عەلی جیاوازییەك لە نێوان ژنكوشتن و پیاوكوشتندا دەبینێتەوە و دەڵێ “ژنان كاتێك پیاوێك دەكوژن، بە پلان و بەرنامە دەیكوژن، بەڵام پیاو لەحاڵەتی هەڵچووندا تاوان دەكات، ئامانجی كوشتنی ژنەكە نییە، بۆیە دواتر پەشیمان دەبێتەوە یان خۆیشی دەكوژێت، یان تا كۆتایی تەمەنی باری دەروونی تێكدەچێت”.
سكرتێری یەكێتی پیاوانی كوردستان دەڵێت هاوئاهەنگیی باشیان لەگەڵ رێكخراوەكانی ژناندا هەیە “رێكخراوەكانی ژنان زۆر هاوكاری ئێمە بوون. كاتێك ژن و پیاوێك دەچنە لایان، ئەگەر پیاوەكە ستەمی لێكرابێت، دەینێرن بۆ لای ئێمە تاوەكو كێشەكەی چارەسەر بكەین”.
نوووسینگەی سلێمانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەشێكی تایبەت بە خێزانیان هەیە. بەڵام وەك بورهان عەلی باسی دەكات، بۆ هەڵنەوەشاندنەوەی خێزان لەكاتی كێشەدا وەك پێویست كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پیاوان نەكراوە “راستە ژنان لەڕووی جەستەییەوە زیاتر ئەشكەنجە دەدرێن، بەڵام پیاوانیش لەڕووی دەروونییەوە زۆر تووشی ئازار دەبن، لەم ساڵانەی دواییدا چەندین سەرمایەدار و بازرگان دوای مایەپووچبوون، بەرگەی لۆمە و سەرزەنشتی بەردەوامی خەڵك و خێزانەكانیان نەگرتووە و خۆیان كوشتووە”.
رۆشنبیرەكان گیرۆدەن
بەپێی ئەو سكاڵا و دۆسیانەی روو لە یەكێتی پیاوان دەكەن، زۆرترینی ئەو پیاوانەی لەگەڵ ژنەكانیان كێشەیان هەیە پیاوە خوێندەوار و رۆشنبیرەكانن “چونكە ئەو توێژە بیر لە ئازاردانی ژنان ناكەنەوە و دەیانەوێت لەڕێگەی گفتوگۆوە كێشەكانیان چارەسەر بكەن، پیاو هاتووە بۆ لامان قۆپچەی كراسەكەی كردووەتەوە، هەموو سینگی شوێنی نینۆكی ژنەكەی بووە”.
هەندێك لە پیاوان وەكو ئەو دەڵێت ماڵی خۆیان لێ بووە بە دۆزەخ، بۆیە ناچار بوونە لە تەمەنێكی كەمدا خانەی بەساڵاچووان هەڵبژێرن.
عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی لە سلێمانی بە (رووداو)ی گوت: “هەرچەندە بەپێی یاسا ئەو كەسانەی لە خانەی بەساڵاچووان وەردەگیرێن دەبێت تەمەنیان لەسەرووی شەست ساڵییەوە بێت، بەڵام لە هەندێك حاڵەتدا چاوپۆشی لە تەمەنی كەسەكە دەكەین، بە تایبەتی ئەگەر بزانین لەلایەن ژن و منداڵەكانی دەچەوسێندرێتەوە”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی