حوزه‌یران 20, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

كێم خه‌وى چ لمه‌ دكت؟

كێم خه‌وى چ لمه‌ دكت؟
هه‌ولێر:
ئەوەی لەم نەوەیەی ئێستا تێبینی دەکەین، زۆرێک لە هەرزەکاران و گەنجان خۆویستانە خۆیان دووچاری کەمخەوی و شەونخونی دەکەن، تەنانەت بەشێک لەمنداڵانیش هەتا درەنگانێکی شەو بێدارن، لەهەمووی سەمەرەتر ئەوەیە بەشێک لە باوکان و دایکان لەجیاتی ئەوەی ئەوان چاودێرێکی باشی جگەرگۆشەکانیان بن، کەچی ئەوان خۆیان گرفتاری دەستی نەریتی هەڵەن و هەتا دەمەوبەیان بێدارن، کەمخەوی لەم ڕۆژگارەدا بەیەکێک لەمەترسیە گەورەکانی سەر تەندروستی و دەرووندروستی مرۆڤ دادەنرێت، چونکە ڕاستەوخۆی پەیوەندی بەتەواوی پرۆسە ژیری و دەروونییەکان و بایلۆژیای مرۆڤەکانەوە هەیە.

با لەم دوو حاڵەتە بڕوانین:
حاڵەتی یەکەم: باوکێکی تەمەن (٥٤) ساڵ: من خەو بەشتێکی زیادە دەزانم، بۆیە هەتا تینم تێدابێت بەرگری لەنوستن دەکەم، کاتژمێر (٤)ی بەرەبەیان دەخەوم، بۆ خۆم خەریکی ئینتەرنێت و تەماشاکردنی تیڤی دەبم هەتا ئەو کاتە، ئەم پیاوە نزیکەی (٣) ساڵە خۆی لەسەر ئەم نەریتە هەڵەیە ڕاهێناوە، کاتێک پرسیاری کێش و تەندروستیم لێکرد بەر لەو کاتانەی خۆی لەسەر ئەم نەریتە هەڵەیەی نوستن ڕاهێناوە، لە وەڵامدا گوتی: لەم سێ ساڵەدا کێشم (١٩) کیلۆ زیادی کردووە چونکە لەئێستادا زۆر دەخۆم، هەستدەکەم هەرگیز تێر نابم، هەمیشە هەست بەبرسێتی دەکەم، هەروەها دووچاری شەکرە و فشاری بەرزی خوێن هاتووم، کاتێک پرسیارم لێکرد بەڕای تۆ هیچ پەیوەندیەک لەنێوان قەڵەوبوونت و شەکرە و فشاری خوێنت لەگەڵ کەمخەویەکەتدا هەیە؟ بەپێکەنینەوە پێی گوتم: ئینجا درەنگ نوستن چ پەیوەندیەکی بەو حاڵەتانەوە هەیە؟
حاڵەتی دووەم: هەرزەکارێکی تەمەن (١٧) ساڵ: هەتا پۆلی (١٠)ی ئامادەیی لەخوێندندا سەرکەوتوو بووە، نمرەکانی بەرزبوون، لەماڵەوە ڕۆژانە کاتی باشی بۆ خوێندن تەرخانکردووە، لەناو پۆلدا بەئاگا و وریاییەوە گوێی لە مامۆستاکانی گرتووە، ئەم قوتابیە لەپۆلی (١١)دا ئاستی لەخوێندن دابەزی، لەپۆلدا توانای تەرکیز خستنە سەر وانە و مامۆستاکانی نەماوە، لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا وەک پێویست زانیاریەکانی بیرنەکەوتۆتەوە، بەمهۆیەوە مامۆستاکانیش سەرزەنشتیان کردووە بۆچی ئەمساڵ بەمجۆرە ئاستی دابەزیوە، دایک و باوکی ئەم قوتابیەش کە لەساڵانی ڕابردوودا ئومێدی زۆریان لەسەر ئەم کچەیان هەڵچنیبوو کە لەپۆلی (١٢) دەتوانێت نمرەی بەرز بهێنێت و ئاییندەیەکی گەش چاوەڕوانی دەکات، بەڵام لەمساڵدا بێهیوابوون و کچەکەیان بەردەوام لەژێر ڕەخنەی توندی ئەواندایە، کاتێک ئەم خێزانە سەردانیان کردین بۆ سەنتەری ڕاوێژکاری خێزان، دوای وردبوونەوە و بەدواداچوون بۆ ڕەفتار و لایەنی دەروونی و ژیری و تەندروستی کچە هەرزەکارەکە، دەرکەوت کە لەپاش تەواوکردنی قۆناغی (١٠) لەگەڵ گروپێک لەهاوڕێکانی شەوانە هەتا درەنگانێک خەریکی چات و سنەپ چات و پەیوەندیە ئەلکترۆنیەکانن، بەمهۆیەوە زووترین کات کە تیایدا بخەوێت کاتژمێر (٢)ی بەرەبەیانە، بۆیە خۆی گوتەنی بەڕۆژ هەست بەماندووێتی دەکات و بە ڕۆژ و لەناو پۆلدا بەردەوام باوێشک دەدات و خەو دەیباتەوە و توانای تەرکیزکردنی زۆر کەمبۆتەوە و لەکاتی تاقیکردنەوەکانیشدا زانیاریەکانی وەک پێویست بیر ناکەوێتەوە.
ئێمە دڵنیاین ئەم دوو حاڵەتە، حاڵی زۆرێک لە خەڵکی ئەم سەردەمەیە کە کەمخەوی زیانی گەورەی لە تەندروستی و دەرووندروستی و توانا ژیرییەکانیان داوە.
مەبەست لە کەمخەوی لەم وتارەدا خەوزڕان نیە کە بەهۆی بوونی فاکتەری دەروونی و جەستەییەوە کەسەکە دووچاری بێخەوی دەبێت، هەروەها مەبەست لە کەمبوونەوەی چاکجۆری خەو نیە کە مرۆڤ هەندێ جار بەهۆی پرخەپرخ و کێشەکانی تایبەت بەهەناسەدانەوە خەوی خراپ دەبێت، بەڵکو مەبەست لە کەمخەوی خودی کەسەکان خۆیان و بەویستی خۆیان سستمی خەوی خۆیان تێکدەدەن و هەتا درەنگانێکی شەو یان تا دەمەوبەیان ناخەون، واتە خۆبێبەشکردنە لە خەو،بێ ئاگا لە زیان و مەترسیەکانی کەمخەوی لەڕووی تەندروستی و دەرووندروستییەوە.
دڵنیام ئەگەر تۆ خۆت کەسێکی کەمخەو نەبیت، ئەوا لانیکەم کەسێک یان زیاتر لە کەسە نزیکەکانت دەناسی کە دووچاری ئەم گرفتە هاتووە، یاخود ڕەنگە ئەو کەسە کەسێکی زۆر نزیکی خۆت بێت وەک (هاوسەر، جگەرگۆشە، خوشک، برا).
کێشە لەو جیاوازیانەدا نیە کە لە پێویستی مرۆڤەکان بە خەو بوونی هەیە، چونکە بوونی ئەو جیاوازیانە ئاساییە و لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، هەرچەندە زۆرینەی مرۆڤەکان لەسەر گۆی زەوی لەنێوان (٧ – ٨) کاژێر پێویستییان بە خەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەسانێک هەن پێویستیان بە (٦) کاژێر نوستن هەیە، کەسانێکی دیکە (٨) کاژێر، هەندێکی دیکە (١٠) و بەوجۆرە، ئەو کەسانەی (٦) کاژێر و کەمتر لەو ماوەیە دەخەون (واتە پێویستیان بەو ماوە کەمەیە بۆ ئەوەی تێرخەو ببن) دەگوترێت (خاوەن خەوی کورت)، بەو کەسانەی لە (٩) کاژێر زیاتر دەخەون (نەک وەک خەوی زیادە بەڵکو پێویستیان بەو ماوەیە هەیە بۆ ئەوەی تێرخەو ببن) دەگوترێت (خاوەن خەوی درێژ)، لەمبوارەدا لەلێکۆڵینەوەیەکدا کە ناوەندی نیشتمانی بۆ ئامارە تەندروستیەکان لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە لەهەر (١٠) کەسدا (٢) کەس کەمتر لە (٦) کاژێر دەخەون، هەروەها لە هەر (٩) کەسدا (١) کەس (٩) کاژێر یان زیاتر دەخەوێت، واتە چ ئەو کەسانەی کەمدەخەون، چ ئەوانەی زۆر دەخەون بەسروشتی خۆیان پێویستیان بەو ماوەیە هەیە لەنوستن، لەناو کەسە ناودارەکاندا هەریەکە لە (ئەدیسۆن و ناپلیۆن) لەو کەسانە بوون کە پێیان دەگوترێت خاوەن خەوی کورت، واتە کەمخەو بوون، بەڵام (ئەنیشتاین) لەو کەسانە بووە کە پێیان دەگوترێت خاوەن خەوی درێژ، مەبەستی ئێمە لەم وتارەدا تیشک خستنە سەر ئەو حاڵەتە لە کەمخەوی کە کەسەکە پێویستی بەکاتی زیاترە بۆ خەو بەڵام بەهۆی نەریتی هەڵەی نوستنەوە کەمتر لەو ماوەیە دەخەوێت.
ئەوەی خەوی لەچاوی ئەم نەوەیە تۆراندووە بەپلەی یەکەم ئامێرە تەکنۆلۆژیەکانە و پەیوەندیە ئەلکترۆنیەکانە، (مۆبایل، ئایپاد، پلەی ستەیشن، یاریە ئەلکترۆنیەکان، تەلەفزیۆن، ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، چات، ماڵپەڕە سێکسیەکان و …تد)، مرۆڤی ئەم سەردەمە لە سایەی ئامێرە تەکنۆلۆژیەکاندا دووچاری چەندین گرفتی تەندروستی و ڕەفتاری و دەروونی و کۆمەڵایەتی هاتووە، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگانەی پەروەردە و هۆشیاری تاکەکانی لەئاستی پێویستدا نییە.
خەو یەکێکە لەپێداویستیە سەرەکیەکانی مرۆڤ، هاوشانی خۆراک و هەوا دادەنرێت، ناکرێت مرۆڤ بەویستی خۆی مامەڵە لەگەڵ ئەم پێداویستیەدا بکات، بەڵکو دەبێت ملکەچ بێت بۆ سروشت و سستمی ئەم پێداویستییە، خەو پرۆسەیەکی زیادە نییە تاکو بەهەند وەرنەگیرێت و وەک پرۆسەیەکی پەراوێزخراو لەژیانماندا مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، خەو سستمە، وادە و کاتی تایبەتی خۆی هەیە، پەیڕەکردنی نەریتی دروستی دەوێت. هەروەک بۆ خۆراکیش ئەمە ڕاستە. خۆلادان لە مامەڵەی دروست لەگەڵ خەو بەدڵنیاییەوە کەسەکان دووچاری چەندین گرفتی تەندروستی و دەروونی دەکاتەوە.
لەپاش خۆرئاوابوون مێشکی مرۆڤ لەڕێی ڕژێنێکەوە کە بە (Pineal gland) ناسراوە هۆرمۆنی (میلاتۆنین) دەڕێژێت ناو خوێنەوە، ئەم هۆرمۆنە بە هۆرمۆنی (خەو) ناسراوە و یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ ئەوەی بخەوێت، ئەم هۆرمۆنە لەڕۆژدا و لەپاش هەڵهاتنی خۆرەوە لەڕژان دەوەستێت یان بەڕێژەی زۆر کەم دەڕژێت، تەنها لەتاریکی و لەپاش خۆرئاوابوون دەست بەڕژان دەکات، کەواتە فەسلەجە و ڕیتمی ژیانمان بەو شێوەیە ڕێکخراوە کە شەوان دەبێت بخەوین و بەڕۆژیش چالاکی و کارکردن، گەورەترین دوژمنی ئەم هۆرمۆنە ڕوناکییە، هەربۆیە لەناو ماڵدا و بە شەوان نابێت ڕوناکی بەهێز و گڵۆپی زۆر دابگیرسێت، بەتایبەتی گڵۆپی نیۆن (شیری) نابێت لەناو ماڵدا بوونی هەبێت، بەڵکو باشترین یارمەتیدەر لەناو ماڵدا بە شەوان دەبێت گڵۆپی زەرد دابگیرسێت و ماڵ نەکرێت بە چراخانێکی ڕوناک، کە خۆر بەو مەزنییەوە ئاوا دەبێت لەبەرخاتری ئەوەیە ئێمەی مرۆڤ و گیانلەبەرانی دیکە بخەوین، بەڵام ئێمە پێچەوانەی ئەو ڕێکخستنەی گەردوون کار بکەین و لەجیاتی ڕوناکی خۆر ماڵەکانمان پڕ بکەین لە ڕوناکی دەستکرد ئەوا ئەو هۆرمۆنە لێمان دەتۆرێت و ناڕژێت یان وەک پێویست ناڕژێت، ئەمەش وادەکات شەوانە بەئاسانی خەو نەچێتە چاوەکانمان و ناو ماڵەکانمان وەک کاتی ڕۆژ جمەی بێت لەچالاکی ئەندامانی خێزاندا.
ئەو گەلانەی خودا مێشکی ساغ و بیرکردنەوەی دروستی پێ بەخشیون، تەماشای ناو ماڵەکانیان بکە لەشەواندا نیمچە تاریکە و ڕوناکی زۆر کز دەسوتێت، یان لەبەر ڕوناکی تەلەفزیۆندا دادەنیشن، یان گڵۆپی زەردی ورد هەڵدەکەن، یان لەبەر مۆمدا دادەنیشن، بەمجۆرە ڕەوشی ماڵ لەئاستێکدایە هەر زوو شەوانە خەو دەیانباتەوە، چونکە هۆرمۆنی میلاتۆنین لە کەشی لەمجۆرەدا بەڕێژەی زۆر دەڕژێت، بەڵام سەیری ماڵی هاونیشتمانیانی خۆمان بکە تەنها لەڕووکاری دەرەوەی ماڵەکانیان دنیایەک گڵۆپ و ڕوناکی پێکردووە، ناو ژوورەکانیش پڕ لە سورەییا و گڵۆپی جۆراوجۆر و زۆربەتایبەتی گڵۆپی سپی و نیۆن، بەجۆرێک لەناو کەشێکی لەمجۆرەدا مەگەر لەسەر شەقامەکان هەست بکەن شەوە، دەنا بەشەویش لەناو ماڵەکانیاندا هەست بەتاریکی شەو ناکەن، بێگومان ئەم نەریتە هەڵانە تەنها بۆ خۆدەرخستن و خۆبادانە، دەنا ئەو حاڵەتانە جگە لەوەی زیان بە سامانی گشتی کە کارەبایە دەگەیەنێت، زیان بە تەندروستی و دەرووندروستی خۆشیان دەگات.
باشترین کات لەشەواندا بۆ نوستن کاتژمێر (١٠)ی شەو هەتا (٦)ی بەیانیە، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە کاتژمێر (١٠) ی شەو بۆ بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئەم سەردەمە بەتایبەتی ئەم نەوە نوێیەی ئێستا، هێشتا سەرلەئێوارەیە و لە گەرمەی چالاکیدان وەک: هێشتا لە کافتریاکان نەگەڕاونەتە ماڵەوە و لەنێو دوکەڵی نێرگەلەدا سیمایان لێڵ بووە، یاخود لەماڵەوە لەبەردەم شاشەی لاپتۆپ، یاخود مۆبایلەکانیان لەنێو مشتیاندایە و پەنجەی شایەتمانیان لەسەر شاشەی مۆبایلەکانیان وەک پەروانە هەڵدەسوڕێت، یان لەبەردەمی شاشەی تیڤیەکاندا دەمیان داپچڕیوە، لەڕەوشێکی لەمجۆرەشدا کەسەکان نقومی گۆشەگیری دەبن، کە هەر ئەمەشە دواجار سەردەکێسێت بۆ نەخۆشی خەمۆکی.
بەمهۆیە میلی کاتژمێرەکانیان لە سوڕان بەردەوامە و کات دەڕوات و لەپاش (١٢)ی نیوە شەوەوە بە ڕۆژێکی نوێ هەژمار دەکرێت، بەڵام ئەوان هێشتا باکیان بەتێپەڕبوونی ئەو هەموو کاتە نییە و ململانێ لەگەڵ خەو و سروشتی خۆیاندا دەکەن.

خەو لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا:
توێژینەوەکان پێمان دەڵێن کە بەگشتی لەسەر ئاستی جیهاندا مرۆڤ لەسەردەمانی ڕابردوودا زیاتر خەوتوون بەراورد بەم سەردەمەی ئێستامان، تەنانەت لەسەدەی (١٩)شدا مرۆڤەکان بەتێکڕا (٢) کاژێر زیاتر لە مرۆڤی ئەم سەردەمە خەوتوون. بۆ کۆمەڵگەی ئێمەش هەمان جیاوازی هەیە لەنێوان خەو لەسەردەمانی پێشوو و ئەم سەردەمەی ئێستامان، ئەگەر نەشمانبینیبێت بێگومان بیستومانە کە نەوەکانی پێشوومان کاتەکانی نوستنیان زۆر زووتر بووە لەچاو نەوەکانی ئەم سەردەمە، سەردەمانی پێشوو نە کارەبا هەبووە و نە ئامێرە تەکنۆلۆژیەکان، زۆرترین ڕوناکی ناو ماڵەکان بریتی بووە لە چرا و فتیلە، بەمهۆیەوە لەپاش خۆرئاوابوون ناو ماڵەکان زیاتر بەلای تاریکیدا دەچوون، لە دەوروبەری کاتژمێر (٨) زۆرینەی خەڵک لەو سەردەمەدا خەوتوون و لەگەڵ هەڵهاتنی خۆردا زۆرینەیان بێداربوون.
ئێستا زۆرجار دەبیسترێت نەوەکانی پێشوو تەندروستتر و تەمەندرێژتر بوون لەچاو نەوەکانی ئەم سەردەمەدا، تێکڕای تەمەن لەئێستادا چەندین ساڵ کەمترە لەچاو تێکڕای تەمەن لەنەوەکانی پێشوو، زۆرێک لەو نەخۆشیانەی ئێستا زۆر بڵاون لەو سەردەمانەدا کەمتر بوون و هەندێکیشیان دەگمەن بوون.
ڕاستە زۆر هۆکار لەپشت ئەو جیاوازیەی نێوان ئەم دوو سەردەمە هەیە، بەنموونە نەوەکانی پێشوو کاری زیاتریان کردووە و تێکڕای کارەکانیان کشتوکاڵی و مەڕداری بووە کە هەمووی جەستە و هێزی بازووی تێدا بەکارهێنراوەو واتە جوڵەیان زۆرتر بووە بەراورد بە خەڵکی ئەم سەردەمە، کاری ئۆفیسی و دانیشتن لەو سەردەمانەدا نەبووە، ژینگە و هەوا لەسەردەمانی پێشوودا پاکتربوون بەراورد بەئێستا، خواردن تەندروستربووە بەراورد بەئێستا، خێزان جێگیریتر بووە و هەڵوەشانەوەی خێزان و ناپاکی هاوسەریی کەمتر بووە بەراورد بەئێستا، پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بەهێزتر بوون بەراورد بەئێستا، ژیان سادەتر بووە و مرۆڤی ئەو سەردەمە دووربوون لە کێبەرکێ و خەمی سەرمایە کۆکردنەوە، خەڵک بەقەناعەتتر ژیاون، بەڵام لەم سەردەمەدا چاولێکەری و ڕاکەڕاکە و کێبەرکێکردن و ملشکاندنی یەکتر و چاوبڕینە سامانی ئەوانی دیکە و نەبوونی قەناعەت، وای لەخەڵکی ئەم سەردەمە کردووە زیاتر هەست بەنائارامی و فشار و شەکەتی دەروونی دەکەن، وێڕای هەموو ئەم جیاوازیانە لەنێوان ئەم هۆکارانەدا، ناکرێت یەکێک لەهۆکارە سەرەکیەکانیش نادیدە بگرین کە ئەو جیاوازیە گەورەیەیە لەنێوان خەو لە سەردەمانی پێشوو لەگەڵ ئەم سەردەمەدا هەیە، چونکە پەیڕوکردنی سستمی خەوی دروست مرۆڤ تەندروستتر و دەرووندروستتر دەکات.

سوڕی خەو:
خەوی مرۆڤ لە دوو ماوەی سەرەکی خەو پێکدێت، ماوەیەکیان خەونی تیادا نابینرێت و بە (ماوەی خەوی بێ خەون) دەیناسێنین، ئەم ماوەیە لەسەرەتای دەستپێکی نوستنەوە (٩٠) خولەک دەخایەنێت و بەچوار قۆناغدا تێدەپەڕێت، پاش (٩٠) خولەک ماوەی دووەمی خەو دەستپێدەکات کە بە (ماوەی خەوی خەوندار) دەیناسێنین، لە زانستی پزیشکیی خەودا بە ماوەی جوڵە خێرای هەردوو چاو ناسراوە، چونکە مرۆڤ لەم ماوەیەدا خەون دەبینیێت و چاوەکانی دەستدەکەن بەجوڵەی خێرا، ئەم ماوەیەش قۆناغی پێنجەمی خەو پێکدەهێنێت و نزیکەی (٢٥ – ٣٠) خولەک دەخایەنێت، واتە بەهەر پێنج قۆناغەکە نزیکەی (١٢٠) خولەک واتە (٢) کاژێر دەخایەنێت.

قۆناغی یەکەم – قۆناغی خەواڵوویی:
ئەم قۆناغە بەقۆناغی گواستنەوە دادەنرێت لە بێدارییەوە بۆ خەو، کاتێک مرۆڤ دەچێتە ناو جێگەی نوستنەوە هێدی هێدی خەو دەیباتەوە و وێنە و بیرۆکەی جۆراجۆر بەمێشکیدا دێن و دەچن و وێنای ئەو شتانە وردە وردە بەرەو خامۆشی دەیبەن کە زیاتر لە خەون بینین دەچێت، ئەم ماوەیە بە ماوەی خەواڵوویی دەناسرێت و لای زۆرینەی خەڵکی کە خەویان ئاساییە (٥) خولەک هەتا (١٠) خولەک دەخایەنێت و قۆناغی یەکەمی خەو پێکدەهێنێت، لەم چاوەکان لەژێر پێڵووەکانەوە بەهێواشی دەجوڵێن، هەندێجار مرۆڤ لەم قۆناغەدا بەهۆی جوڵەی قاچەکانیانەوە واهەستدەکات لەشوێنێکەوە دەکەوێتە خوارەوە، ئەم قۆناغە (٥٪)ی کۆی سوڕێکی تەواوی خەو پێکدەهێنێت.

قۆناغی دووەم – قۆناغی خەوی سوک:
ئەم قۆناغە درێژترین قۆناغی خەوە و (٤٥٪) ی کۆی سوڕێکی تەواوی خەو پێکدەهێنێت، لەم قۆناغەدا چاوەکان هیچ جوڵەیەک ناکەن، پلەی گەرمی لەش نزم دەبێتەوە، لێدانی دڵ خاو دەبێتەوە، شەپۆلە کارەباییەکانی مێشکیش خاو دەبنەوە.

قۆناغی سێیەم: قۆناغی گواستنەوە بەرەو خەوی قوڵ:
ئەم قۆناغە قۆناغێکی ڕاگواستنە لە خەوی سوکەوە بۆ قۆناغی خەوی قوڵ، شەپۆلی کارەبایی مێشک گۆڕانکاری بەسەردا دێت و مێشک دەستدەکات بەناردنی شەپۆلی دەلتا، ئەم قۆناغە (١٢٪)ی کۆی سوڕێکی تەواوی خەو پێکدەهێنێت.

قۆناغی چوارەم – قۆناغی خەوی قوڵ:
ئەم قۆناغە بە قوڵترین قۆناغی خەو دادەنرێت، لەم قۆناغەدا شەپۆلە کارەباییەکانی دەلتا بەسەر هەموو ماسولکە و خانەکانی جەستەدا زاڵدەبێت، ئەم قۆناغە (١٣٪)ی کۆی سوڕێکی تەواوی خەو پێکدەهێنێت.

قۆناغی پێنجەم – قۆناغی خەون بینین:
ئەم قۆناغە بەقۆناغێکی ئاڵۆز لەناو قۆناغەکانی خەو دادەنرێت، کەتیایدا چاوەکانی مرۆڤ دەکەونە جوڵەی خێرا، کە ئاماژەیە بۆ خەون بینین، مرۆڤ لەم قۆناغەدا بەهۆی ئەو خەونانەی دەیانبینێت دووچاری چەندین گۆڕانکاری فەسلەجی و دەروونی دەبێت، لێدانی دڵ زیاد دەکات، فشاری خوێن بەرز دەبێتەوە، هەناسەدان خێرا دەبێت.
کەواتە ئەگەر کەسێک لەشەودا (٨) کاژێر بخەوێت ئەوا چوار جار بەو سوڕەی خەودا تێدەپەڕێت، ئەگەر (٦) کاژێر بخەوێت ئەوا (٣) جار و ئەگەر (١٠) کاژێر بخەوێت ئەوا (٥) جار بە سوڕی خەودا تێدەپەڕێت.
ماوەی خایاندنی ئەو قۆناغانەی خەو کە سوڕێکی تەواوی خەو پێکدەهێنن بەدرێژایی ماوەی نوستنی مرۆڤ لەشەوێکدا چوون یەک نین، بۆ نموونە، خەوی قوڵ لە سێیەکی ماوەی نوستندا زۆرترە و خەون بینین لە سێیەکی یەکەمی نوستندا کەمە، سێیەکی کۆتایی نوستندا واتە دەمەوبەیان خەوی قوڵ نامێنێت و زیاترین کاتەکانی نوستن لە قۆناغی خەون بینین پێکدێت، هەروەها لەدوای تێپەڕبوونی سوڕی یەکەمی خەو، ئیدی کاتێک مرۆڤ پێدەنێتە سوڕی دووەم ئەوا بە قۆناغی یەکەمدا تێناپەڕێت، بەڵکو ڕاستەوخۆ پێدەنێتە قۆناغی دووەم و پاشتر سێیەم و چوارەم و پێنجەم.
خەوی قوڵ زیاتر دەکەوێتە سێیەکی یەکەمی شەوەوە واتە ئەگەر کەسێک لە کاتژمێر (١٠)ی شەودا بخەوێت ئەوا زۆرترین ماوەی خەوی قوڵ دەکەوێتە نێوان کاژێر (١٠) هەتا کاژێر (١)ی بەرەبەیان، گرنگی تێپەڕبوون بەم قۆناغە بریتییە لە حەوانەوەی جەستە و گەشەکردن و دروستبوونی خانەوەی نوێ و چاکبوونەوەی خانە زیانبەرکەوتووەکانی جەستە.
خەون بینینش کە زیاتر دەکەوێتە بەرەبەیانەوە، یان سێیەکی کۆتایی نوستن، واتە ئەگەر کەسێک کاژێر (١٠) هەتا کاژێر (٦)ی بەیانی بخەوێت، ئەوا زۆرترین ماوەی خەون بینین دەکەوێتە نێوان کاژێر (٣) هەتا (٦)ی بەیانی، گرنگی خەون بینینیش بۆ مرۆڤ بریتییە لە حەوانەوەی مێشک و کارابوونەوەی پرۆسە ژیرییەکانی مێشک.
وه‌ك له‌ خشته‌ی ژماره‌ یه‌كدا هاتووه‌

کەمخەوی چیمان لێدەکات؟
کەمخەوی بەیەکێک لەگرفتە گەورەکانی ئەم سەردەمە دادەنرێت کە لێکەوتەی مەترسیداری زۆری هەیە لەڕووی تەندروستی و دەروونی و ڕەفتاری و توانا ژیریەکانەوە، بەگشتی دەتوانین کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەمخەوی لەم خاڵانەدا بخەینە ڕوو:
١- کەمخەوی کاریگەری خراپ دەکات سەر ڕژانی زۆرێک لەهۆرمۆنە گرنگەکان و فەرمانەکانی کوێرە ڕژێنەکان: بەمهۆیەوە جەستە توانای ڕێکخستن و ڕیتمی ڕۆژانەی ڕژانی هۆرمۆنەکانی لەدەستدەدات، بەتایبەتی هۆرمۆنەکانی کۆرتیزۆل، ئەدرینالین، هۆرمۆنی سێکی، هۆرمۆنی گەشە کە بۆ جەستە زۆر گرنگە، منداڵ بەهۆی هۆرمۆنی گەشەوە گەشە دەکات و خانە زیانبەرکەوتووەکانی جەستەی پێگەیشتووانیش بەهۆی هۆرمۆنی گەشەوە چاک دەبنەوە و زیاد دەکەن هەروەها کەمخەوی دەبێتە هۆی ئەوەی جەستە بەرگری لە ئەنسۆلین بکات ئەمەش وادەکات ئاستی کلوکۆز لەخوێندا بەرز دەبێتەوە و ئەگەری تووشبوون بەنەخۆشی شەکرە زیاد دەکات و ئەوانەی نەخۆشی شەکرەشیان لەگەڵ باری تەندروستیان خراپتر دەبێت، هەروەها کەمخەوی دەبێتە هۆی زیاد ڕژانی هۆرمۆنی برسێتی (گریلین) کە وا لە کەسە کەمخەوەکە دەکات بەردەوام هەست بە برسێتی بکات، ئەمەش وادەکات کەمخەوەکان ئەگەری قەڵەوبوونیان زۆرتر بێت. یەکێک لەتوێژینەوەکان کە لە ئەمریکا لەسەر هەرزەکاران ئەنجامدراوە و لە گۆڤاری (خەو و هەناسەدان)دا بڵاوبۆتەوە، دەریخستووە کە (٩٠٪)ی هەرزەکاران لە (٨) کاژێر کەمتر دەخەون و (١٩٪) لە (٦) کاژێر کەمتر دەخەون، بەمهۆیەوە (٢٠٪)ی سامپڵەکە لەدەست قەڵەوی دەناڵێنن، هەروەها لەناو ئەوانەی لە (٥) کاژێر کەمتر دەخەون ئەگەری قەڵەوبوون (هەشت ئەوەندە و نیو)ی ئەوانەیە کە لە (٨) کاژێر زیاتر دەخەون، کە دواجار جگە لەو گرفتە تەندروستیانەی کەسانی قەڵەو دووچاریان دەبێت، خودی قەڵەوی جارێکی دیکە دەبێتەوە هۆی تێکچوونەکانی خەو.
٢- کەمخەوی کاریگەری خراپ دەکاتە کۆئەندامی هەناسە و سوڕی خوێن:
توێژینەوەکان دەریانخستووە کە کەمخەوی بۆ ئەوانەی لەکاتی خەودا دەپرخێنن دەبێتە هۆی ئەگەری دروستبوونی هەناسە وەستان، هەروەها کەمخەوی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و ئەگەری تووشبوونی کەمخەوەکان بە جەڵتەی مێشک زیاد دەکات، هەروەها کەمخەوی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دڵ دەبێت و ئەم ئەندامە گرنگەی مرۆڤ دووچاری نەخۆشی دەکات، ئەوانەی (٦) کاژێر یان کەمتر دەخەون بەڕێژەی (٤٨٪) زیاتر دووچاری نەخۆشیەکانی دڵ دەبن، بەمهۆیانەوە ڕێژەی مردنیش لەناو کەمخەوەکاندا لەتەمەنێکی زوودا زیاترە لەچاو ئەوانەی خۆیان لە کەمخەوی دەپارێزن

.
٣- کەمخەوی پەیوەندی بەتووشبوون بەنەخۆشی شێرپەنجەوە هەیە، بەتایبەتی شێرپەنجەی مەمک و کۆڵۆن.
٤- کەمخەوی دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ
٥- کەمخەوی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی تەرکیز و لەبیرچوونەوە و توانای فێربوون سست دەکات، قوتابیان زیانمەندی گەورەی کەمخەوین، چونکە کەمخەوی دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی خوێندنی قوتابی، چونکە هەموو کۆشش و خوێندنی قوتابیان لەماڵەوە ئەگەر تێرخەوی بەدوادا نەیەت لەشەودا ئەوا ئەو زانیاریانە لەمێشکی قوتابیدا جێگیر نابێت و لەبیردەچنەوە.
٦- بێبەشبوون لە خەوی قوڵ کە زۆرترین ماوەی خەوی قوڵ دەکەوێتە سێ یەکی یەکەمی کاتی نوستنەوە کاریگەری خراپ لەسەر جەستە و لایەنی بایۆلۆژی مرۆڤ دەکات، بەڵام بێبەشبوون لەماوەی خەون بینین کە دەکەوێتە سێ یەکی کۆتایی خەوەوە کاریگەری خراپ لەسەر پرۆسە ژیری و دەروونی و هەڵچوونیەکانی مرۆڤ دەکات.
٧- کەمخەوی دەبێتە هۆی لاوازبوونی کۆئەندامی بەرگری مرۆڤ: ئەو کەسانەی بێبەشدەبن لە خەوی پێویست و خۆیان کەمخەو دەکەن، کۆئەندامی بەرگریان لاواز دەبێت، خانە بەرگرییەکانی جەستە توانای ڕووبەڕووی تەنی نامۆ و میکرۆبی لاواز دەبێت، بەمهۆیەوە مرۆڤ ئەگەری تووشبوونی بەنەخۆشی زیاتر دەبێت، تەنانەت ئەوانەی کەمخەون زیاتر و زووتر دووچاری تووشبوون بەهەڵامەت دەبن

.
٨- کەمخەوی دەبێتە هۆی ڕوودانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ: توێژینەوەکان دەریانخستووە کە (٣٦٪)ی ئەو ڕووداوانەی هاتووچۆ کە قوربانی گیانییان لێدەکەوێتەوە بەهۆی کەمخەوی شۆفێرانەوە ڕوودەدات، چونکە لەکاتی شۆفێری کردندا خەو دەیانباتەوە و تەرکیزیان کەم دەبێت.
٩- کەمخەوی دەبێتە هۆی خەواڵوویی لەڕۆژدا و هەست بەماندوێتی و شەکەتی کەسە کەمخەوەکان، ئەمەش وادەکات بەرهەمی ئەو کەسانە کەمبێت و ئەگەری هەڵەکردنیان لەکاردا زۆربێت.
١٠- منداڵان لەکاتی خەوا گەشە دەکەن، بۆیە کەمخەوی بۆ منداڵان کاریگەری نەرێنی لەسەر گەشەکردنیان دەکات.
١١- کەمخەوی دەبێتە هۆی زیادبوونی هەڵچوونی کەسە کەمخەوەکان لەڕۆژدا، ئەمەش وادەکات کەسە کەمخەوەکان زیاتر شەڕەنگێزترن دەربکەون و دووچاری کێشەی زیاتر ببنەوە لەپەیوەندیە خێزانی و کۆمەڵایەتیەکانیاندا.
12- كه‌مخه‌وی ده‌بێته‌هۆی هه‌ڵبزركاندنی پێست، ئه‌وانه‌ی كه‌مخه‌ون له‌ ته‌مه‌نێكی زوودا پێستیان دووچاری چرچ و لۆچی ده‌بێت.
*

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi