دۆمنیک ماس: ب جینۆساید ناساندنا کۆمکوژيا ئێزدیان مەزنترین تەحەديا عێراقێ يە
رووداو-هەولێر
کۆنسوڵی فەرەنسا لەساڵیادی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی رایگەیاند، بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی گەورترین تەحدای عێراقە لە 5 بۆ 10 ساڵی داهاتوو بۆ ئەوەی بتوانرێ ئێزدییەکان لەگەڵ دراوسێکانیان بە ئاشتی بژین.
لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو و لە ساڵیادی هێرشی داعش بۆ شنگال و کۆمەڵکوژیی و رفاندنی کوردانی ئێزدی دۆمنیک ماس، کۆنسوڵی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “رۆژی 3ی ئاب بۆ من وەکو خۆم بیرەوەریێکی زەحمەتە. چونکە ئەوکات هێشتان نەهاتبوومە کوردستان. من لە پاریس لە ناوەندی کریزان کارم دەکرد، کاتێک ئێمە یەکەمین زانیاریمان وەرگرت و دیمەنی کۆچبەربوونی ئێزدییەکانمان بینی، کە بەڵگەی سەرەتایی بوون کەوا دژی ئەوان تاوان ئەنجامدراوە، دێتەوە یادم ئەوە دیمەنێکی زۆر کاریگەر و ترسێنەری هەبوو، ئەوکاتە وەکو فەرەنسا ئێمە یەکەمین هاوکاری مرۆییمان بۆ پێکهاتەی ئێزدییەکان پێشکەش کرد”.
کۆنسوڵی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان گوتی: “ئێمە زۆر بەپەلە کاردانەوەمان هەبوو، لەگەڵ ئەندامانی هاوپەیمانی پێویستییەکانی ژیانمان گەیاندە چیای شنگال و هاوکاریی بەپەلەمان پێشکەش کردن، لە دهۆک و تەواوی هەرێمی کوردستاندا. ئەمڕۆش لە پێشکەشکردنی هاوکاریی بەردەوامین و بەتایبەت لەبواری تەندروستی دا، بەهۆی ئەوەی خەڵکی تووشی شۆک ببوون بەهۆی ئەو کارەساتەی بەسەریاندا هاتبوو. بەڵام ئێمە، وەکو نمونەیەک، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک کاردەکەین بۆ ئەوەی دۆخی تەندروستی خەڵکەکە هەڵبسەنگێنین و هاوکاریان بین و هەروەها هاوکاریی منداڵانیش لەبواری گەشەدانی کۆمەڵایەتیدا بکەین”.
لەبارەی گەڕانەوەی کوردانی ئێزدی بۆ شنگال، کۆنسوڵی فەرەنسا گوتی: “ئەمەی روویداوە تراژیدیایەکی بەردەوامە. چونکە بەداخەوە، ئێزدییەکان نەیانتوانیوە بەتەواوەتی بگەڕێنەوە بۆ شنگال، هەندێکیان ئیتر ناتوانن لەو دەوروبەرەدا بژین و ئەوان رێگەی پەنابەریان هەڵبژاردووە. ئێمە لەفەرەنسا پێشوازی هەندێکیانمان کرد، بەڵام بێگومان جێگەکەیان لێرەیە، جێگەی ئەوان وەکو مەسیحییەکانی رۆژهەڵات لێرەیە، لەسەر خاکی خۆیان، لە شنگال، لە گوندەکان، لەو شوێنانەی کە پێشتر لێی نیشتەجێ ببوون، هەر بۆیە دەبێت ئامادەکاریی بۆ گەڕانەوەیان بکرێت، بەڵام دەبێت سەلامەتی و ئەمنییەتی ئەوانیش گەرەنتی بکرێت. داعش هێشتا بە تەواوی لەناو نەچووە. ئێمە ئەوە دەزانین لەو شەش هەزار ئێزدییەی کەوا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندرابوون، ئێستا رەنگە 3 هەزاریان بەدیلی مابن”.
دۆمنیک ماس گوتی: “تاوەکو ئەو ئایدۆلۆژیایە مەحکوم نەکرێت، وەکو چۆن لە ئەڵمانیا نازیزم مەحکوم کرا، لە کەمبۆدیا خەمیرە سوورەکان مەحکوم کران، تاوانەکانی رواندا مەحکوم کران، وەکو چۆن لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی ئاشتبوونەوەدا لە باشووری ئەفریقیا، تاوانەکانی ئاپارتایت مەحکوم کران. تاوەکو ئەو کارە نەکرێت و دادمەندی جێبەجێ نەکرێت، خەڵکی ناتوانن لە نوێوە لەگەڵ دراوسێیەکانیاندا بژین و ئاشت ببنەوە. بەڕاستی ئەوە تەحەدایەکی بنچینەییە بۆ عێراق لەماوەی ئەو 5 بۆ 10 ساڵەی دواییدا”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی