حکومەت و پەرلەمانێ عێراقێ کۆمکوژيا کوردێن ئێزدی ب جینۆساید نەدايه ناساندن
رووداو – بەغدا
چوار ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی تێدەپەرێت، جگە لە بڕیارێکی گشتیی حکومەتی عێراق کە کردەوەکانی داعشی بە جینۆساید ناساندووە، تائێستا نە حکومەت و نە پەرلەمانی عێراق ئەو کۆمەڵکوژییەیان بە جینۆسید نەناساندووە.
بەھەوڵی دامەزراوەی شەھیدان، کە کوردێکی فەیلی بەڕێوەی دەبات، حکومەتی عێراق بۆ بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی، لیژنەیەکی بەناوی لێکۆڵینەوە لە راستییەکان پێکھێناوە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەشدارە لەگەڵیان.
تارق مەندەلاوی، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی شەھیدان دەڵێ “ئەم تاوانە ھەموو مرۆڤایەتی ئیدانەی دەکات. تاوانێکە دەرهەق بە ھەموو گەلی عێراق کراوە بەبێ جیاوازی. تاوانێکە دژی ھەموو رەنگەکانی عێراق؛ لەنێویاندا پێکھاتەی ئێزدی، ئەو پێکھاتە بەڕێزە کە بەشێکە لە عێراق و مێژوویەکی دوور و درێژیان ھەیە”.
لەنێو شەقامی عەرەبی، ھاوسۆزییەکی زۆر بۆ کوردانی ئێزدی دەبینرێت، بۆیە نیگەرانن لەوەی تائێستا نەتوانراوە ئەو تاوانانەی بەرامبەر کوردانی ئێزدی کراوە بە جینۆساید بناسێنرێن، ئەوان ئۆباڵی ئەو کەمتەرخەمیە دەخەنە ئەستۆی پەرلەمانتاران و حکومەتی عێراق.
شاکر موسەوی، دانیشتووی بەغدا دەڵێ “لە راستیدا بەداخەوە نە حکومەتی خۆجیی و نە حکومەتی ناوەندی گرنگی بەو تاوان و کۆمەڵکوژییەی برایانی ئێزدی نادەن، کە لەسەر دەستی داعش بەسەریاندا هاتووە”.
حسێن سالم، دانیشتوویێکی دیکەی بەغدا دەڵێ “کۆمەڵکوژی واتە بەکەنیزەککردنی کچان و منداڵان، ھەروەھا کوشتنی پیاو و ژن و دەستگیرکردن و پاشان بەکارھێنانیان بۆ ریکلامی کوشتن و، سەربڕین، گۆڕینی دیموگرافیا و ئایین؛ ئەمانەش ھەموویان بەسەر ئێزیدییەکاندا ھاتن”.
کاتێک داعش ھێرشی کردە سەر شنگال شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدیان رفاند و هەزار و 293 کەسیشیان گوللـەباران کرد، تائێستا توانراوە سێ هەزار و 315 کوردی ئێزدی رزگار بکرێن، بەڵام ھێشتا سێ هەزار و 12 کەسی دیکە لەژێر دەستی داعشدا ماون و چارەنووسیان نادیارە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی