هەولێن گهۆرینا قایمقامێ شنگالێ دێ شكهستنێ ئينن
رووداو – هەولێر
سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزای شنگال رایگەیاند، هەوڵی گۆڕینی قایمقامی شنگال بەبێ رەزامەندی كورد خەونێكە و “تەنیا ئەنجوومەنی قەزای شنگال دەتوانێ بیگۆڕێت، كە لە 18 ئەندام 14ـیان كوردن”.
وەیس نایف، سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزای شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەموو ئەو هەوڵانەی بۆ گۆڕینی مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال دەدرێن، شكست دێنن، “چونكە تەنیا ئەنجوومەنی قەزای شنگال ئەو دەسەڵاتەی هەیە قایمقام بگۆڕێت، ئەویش لە 18ئەندام 14ـیانی كوردن و لەو 14ـیەش 12ـیان كادری پارتین، بۆیە هەموو ئەو هەوڵانەی باس لە گۆڕینی قایمقام دەكەن، شكستدێنن”.
سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزای شنگال، ئەوەشی خستەڕوو؛ هەوڵی گەڕانەوەی قایمقام و بەرپرسانی دیكەی ئیدارەی شنگال بۆ سەر كارەكانیان دەدرێت، جەختیشی کردەوە لەوەی “بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتەی لە گەڕانەوەی بەرپرسانی ئیدارەی شنگال دروستبوو، ئێستا پارێزگاری نەینەوا خۆی لەسەر هێڵە و لە هەوڵی چارەسەركردنیدایە”.
دوای رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری2017، بەشێك لە بەرپرسانی ئیدارەی شنگال لە سنووری ئەو قەزایە نەمان و هەفتەی رابردووش هەوڵێك درا بۆ گەڕانەوەی ئەو بەرپرسە كوردانە بۆ سەر كارەكانیان، بەڵام گرفتێك لە گەڕانەوەیاندا دروست بوو، ئێستاش بەرپرسانی كوردی قەزاكە ئەوە دەخەنەڕوو لە هەوڵی چارەسەركردنی ئەو گرفتەدان.
ئەنجوومەنی قەزای شنگال لە 18 كەس پێكهاتووە 14ـیان كوردن و دووانیان عەرەبن، توركمان و مەسیحییەكانیش هەریەكەیان ئەندامێكیان هەیە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی