کۆمسیۆن ب رێيا چەند لژنان چاڤدێریا بانگەشا ھەلبژارتنان دکت
هەولێر-KDP.info-
ئەندامێکی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای ڕاپرسی و ھەڵبژاردن ئاشکرای کرد، تا ئێستا دەیان ھەزار ناو لە تۆماری دەنگدەران سڕاونەتەوە و پێی وایە کۆمسیۆن ھەنگاوی جیددی ناوە بۆ پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران و دەشڵێ، چەندین لیژنە پێکھاتوون بۆ چاودێریکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن.
لەوبارەیەوە، دکتۆر جووتیار ئاکرەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران دوو قۆناغە، ئەنجومەنی کۆمسیۆن قۆناغی سەرەتایی دەست پێ کرد بەوەی تۆماری سەرەتایی پەسەند کردووە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ دەرفەت دراوە بە لایەنەکان بۆ پێشکەشکردنی تانە، بەڵام ھیچ لایەنێک تانەی نەبووە، قۆناغی دووەم نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانە، ئەگەر لایەنەکان گلەییان ھەیە لەوەی ناوی مردوو لە نێو تۆماری دەنگدەراندا ھەیە ئەوە با بەڵگە پێشکەش بکەن، بەڵام کێشە لەوەدایە ھەر گلەیی دەکەن و دیکۆمێنت پێشکەش ناکەن، بۆ نموونە، ھەرکەس و لایەنێک بەڵگەی لەبەردەستە با ناوی مردووان و بەڵگەی وەفاتیان پێشکەش بە کۆمسیۆن بکات، ئەوە یەکسەر ناوەکەی دەکوژێندرێتەوە.”
ئەندامەکەی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “بەبێ پێشکەشکردنی بەڵگەی کۆچکردوو ئێمە ناتوانین ناوی ھیچ کەسێک لە خۆمانەوە بسڕینەوە، ئێمە لە تۆماری دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان بەراورد بەو تۆمارەی عێراق ٢٥٠ ھەزار ناوی دەنگدەرمان لابردووە، ئێمە ڕازین بەو ھەنگاوانەی نراون لە لایەن کۆمسیۆنەوە بۆ پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران.”
لەبارە دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن کە بڕیارە کاتژمێر ١٢ی ئەمشەو بەڕێوە بچێت، دکتۆر جووتیار ئاکرەیی دەڵێت: “کۆمسیۆن ھەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی پەرلەمانی کوردستان و ئێستا خەریکی خۆئامادەکردنین بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن کە بڕیارە ئەمشەو دەست پێ بکات و لایەنەکان دەچنە ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەوە، لیژنە پێکھاتوون بۆ چاودێریکردنی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و ھەر لایەنێک سەرپێچی بکات لە بڕیار و ڕێنماییەکانی کۆمسیۆن بێگومان لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی